گومان له‌ ئامارى كه‌مبوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ئافره‌تان ده‌كرێت

0

شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به‌نوچه‌ نێت

به‌گوێره‌ى ئاماره‌كان توندوتیژى ئافره‌تان له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ نۆ مانگی رابردوودا به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵى رابردوو كه‌مى كردووه‌، په‌رله‌مانتارێكى لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ژنان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان گومان له‌و ئاماره‌ ده‌كات و ده‌ڵێ به‌هۆى كه‌ره‌نتینه‌ و قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ سه‌رجه‌م ئاماره‌كان تۆمار نه‌كراون.

به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پلاندانان وئامار له‌ به‌رێوبه‌رایه‌تى گشتى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌تان، ئامارى توندوتیژى دژ به‌ ژنانى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ نۆ مانگی 2020 بڵاوكردۆته‌وه‌، له‌ ئاماره‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت له‌و ماوه‌یه‌دا 6.317 سكاڵا تۆماركراون، 33 ژن خۆیان سوتاندووه‌، حه‌وت ژن كوژراون، 18ژن خۆیان كوشتووه‌، 51 ژنیش ده‌ستدرێژى سێكسییان كراوه‌ته‌سه‌ر.

به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئامارى نۆ مانگی 2019 توندوتیژی دژ به‌ ژنان ئه‌مساڵ كه‌مى كردووه‌، چونكه‌ ساڵى رابردوو به‌م شێوه‌یه‌ بووه‌: 8،911 سكاڵا تۆماركراون،81 ژن خۆیان سوتاندووه‌، 29 ژن كوژراون، 47 ژن خۆیان كووشتوه‌،93 ژنیش ده‌ستدرێژى سێكسییان كراوه‌ته‌سه‌ر.

هه‌رچه‌نده‌ به‌گوێره‌ى ئه‌و ئامارانه‌ى سه‌ره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مساڵ ژماره‌ى توندوتیژییه‌كان به‌ به‌راورد له‌ پارساڵ كه‌متر بووه‌، كه‌چى هه‌ندێك له‌ چاودێرانى بواره‌كه‌ گومان له‌م ژماره‌یه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن زۆر له‌مه‌ زیاتر بووه‌ به‌ڵام به‌هۆى سه‌پاندنى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ وكه‌ره‌نتینه‌ كه‌ له‌به‌هارى رابردوو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا راگه‌یاندرابوون، نه‌توانراوه‌ سكاڵاكان به‌ دروستى تۆمار بكرێت.

شادى نه‌وزاد كه‌ په‌رله‌مانتارێكه‌ وئه‌ندامى لیژنه‌ى داكۆكیكردنه‌ له‌مافه‌كانى ژنان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى، به‌ پێى ئه‌و داتایانه‌ى له‌به‌ر ده‌ستمانه‌، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵى رابردوو توندوتیژییه‌كان كه‌میان كردووه‌، به‌ڵام ناتوانین پشت به‌و داتایه‌ ببه‌ستین به‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى كۆڤید 19 و كه‌ره‌نتین و راگرتنى ده‌وام ژنان نه‌یانتوانیوه‌ سكاڵا تۆمار بكه‌ن و داواى به‌هاناوه‌هاتن بكه‌ن، ئه‌وه‌ش نه‌ك ته‌نیا له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵكو له‌ هه‌موو جیهان به‌مشێوه‌یه‌ بوو.

شادى له‌ میانه‌ى لێدوانه‌كه‌ى بۆ “نوچه‌نێت” ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد كه‌ یه‌ك له‌ راپۆرته‌كانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له ‌جیهان پێویستمان به‌رێگه‌ى نوێ هه‌یه‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ژنان، چونكه‌ ئه‌و رێگرییانه‌ى كارمان له‌سه‌ر كردووه‌ ته‌واو دروست نییه‌ ، هه‌ر له‌و راپۆرته‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌بێت رێگاى نوێ هه‌ڵبژێرین وكارى فیعلى له‌سه‌ر دۆسییه‌كانى ژنان ومنداڵان بكه‌ین كه‌ توندوتیژیان به‌رامبه‌ركراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى له‌ نۆ مانگی ساڵى 2020 ، ته‌نیا 51 سكاڵا له‌سه‌ر ده‌ستدرێژى سێكسی هه‌یه‌ كه‌چى له‌ ساڵى 2019، 93 سكاڵا هه‌بووه‌، شادی نه‌وزاد له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌یش گومانى هه‌یه‌ و پێیوایه‌ كۆمه‌ڵێك هۆكارى كۆمه‌ڵایه‌تى و كولتوورى هه‌ن كه‌ رێگرن له‌وه‌ى ژنان له‌م جۆره‌ ده‌سدرێژییه‌ سكاڵا تۆمار بكه‌ن، شادى گوتى، “پێموایه‌ داتاكه‌ له‌وه‌ زیاتره‌، به‌ڵام رێگر زۆرن تا ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌ستدرێژى كراوه‌ته ‌سه‌ر نه‌توانێت سكاڵا تۆمار بكات”

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com