عێراق لە چاوی (بایدن)ەوە، دۆستی كورد و خوازیاری فیدراڵی

0

(نوچەنێت) ئا: فەرهاد حەسەن

لەدوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە لەساڵی 2003، هەمیشە عێراقییەكان چاوێكیان لەسەر سیاسەت و ستراتیژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بووە، كە تاچەند لە سوودو قازانجی ئاییندەی وڵاتەكەیان دەبێت، هەربۆیەشە كاتێك دوایین هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بەڕێوەچوو، عێراقییەكان بەوپەڕی ئومێدەوە لە دەرەنجامی ئەو هەڵبژاردنەیان دەڕوانی و پێیانوایە بوونی جۆ بایدن بە سەرۆكی ئەمەریكا لاپەڕەیەكی نوێ بۆ پەیوەندییەكانی ئەمەریكاو وڵاتەكەیان دەكاتەوە. 

جۆ بایدن كەسایەتییەكی نامۆ و نەناسراو نیە بەلای عێراقییەكانەوە، چونكە لەدوو خولی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا جێگری باراك ئۆباما بووەو یەكێك بووە لەو كەسایەتییە ئەمەریكیانەی كە گرنگییەكی زۆری بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی داوەو ئۆباماش لە سەردەمی سەرۆكایەتیەكەی خۆیدا وەك سەرپەرشتیاری سەرەكی پرۆسە سەربازی و دیبلۆماسییەكانی ئەمەریكا لە عێراق رایسپاردبوو.

ساڵی 2009 لە عێراقدا پارتێكی سیاسیی میانڕەو كۆكەرەوەی هەمەجۆری بۆچوونی سیاسی لەلایەن هەریەك لە  رافع عیساوی (سووننە مەزهەب) ئەیاد عەللاوی (شیعە مەزهەب) بەناوی (عێراقیە) دامەزرا و وەك ركابەرێكی سەرسەختی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، هاتنە سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراقی و لە هەڵبژاردنی 2010 شدا توانیان سەركەوتنێكی باش و زۆرترین دەنگ  بەدەست بێنن، بەڵام دەرەنجامی ئەو هەڵبژاردنە وا دەرنەچوو كە سەركردەكانی ئەو پارتە نوێیەی عێراق دەیانویست، چونكە جارێكی نوری مالیكی كرایەوە سەرەك وەزیرانی عێراق، كە پێشتریش خولێكی دیكەی چوارساڵی ئەو سەرۆكایەتییەی بینیبوو، لەوكاتدا ئەیاد عەللاوی لەسەر بنەمای قسەو هەڵوێستەكانی بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی رایگەیاندبوو كە واشنتۆن پشتگیری لە (عێراقیە) ناكا كە سەرەك وەزیرانی نوێ وەربگرێ، بەبیانوی ئەوەی كە وتبووی “ئێران ناڕازییە”. هەرچەندە ئەوكات عەللاوی ناوی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریكای ئاشكرا نەكرد كە پشتگیری لەدانانەوەی مالیكی بۆ سەرۆك وەزیرانی كرد، بەڵام دواتر ئاشكرا بوو كە ئەو بەرپرسە ئەمەریكییەی عەللاوی باسی كردبوو، (جۆ بایدن) بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوكات بەشێك لەبەرپرسانی ئەمەریكی ئەوەیان رەتكردبووەوە كە جارێكی تر چانسی سەرە وەزیرایەتی بدرێتەوە نوری مالیكی.

لەو كاتەدا بایدن هەوڵی ئەدا كەشێكی گونجاو دەستەبەر بكات بۆ ئەوەی بتوانێ‌ سوپای ووڵاتەكەی لە عێراق بكشێنێتەوە، تەنانەت چاودێری كردنی دۆخی عێراق بەلای بایدنەوە ئەوەندە بایەخدار بوو بۆیە تەنها لەماوەی دوو ساڵدا 24 جار سەردانی عێراقی كردبوو، كەچی دوای ئەوەی كە لەساڵی  2011  هیزەكانی ئەمەریكا لە عێراق پاشەكشەیان پێكرا، هێندەی نەبرد نوری مالیكی گرژی و ئاڵۆزییەكانی لەنێوان شیعە و سوونەدا قووڵتر كردەوە، تەنانەت لەساڵی 2012هەوڵی دەستگیركردنی (رافع عیساوی) سەركردەی سووننی و لەلایەكی دیكەش هەوڵی دەستگیركردنی تاریق هاشیمیشی دابوو كە ئەوكات ناوبراو جێگری سەرەك كۆماری عێراق بوو. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا چاودێران پێیانوابوو كە سەرهەڵدان و بەهێزبوونی (داعش) لە ئەستۆی سیاسەتە هەڵەكانی نوری مالیكیەوە بووە. 

لەسەرەتاكانی 2014 رێكخراوی داعش دەستی بەسەر بەشێكی شارەكاندا گرت و ووردەووردەش دەسەڵاتەكەی فراوان دەبوو، ئەو هەڵكشانە دراماتیكەی داعش بۆ ئەو سیاسەتە پەراوێزخراویە دەگەڕایەوە كە نوری مالیكی لەبەرانبەر كورد و سووننە پەیڕەوی دەكرد، هەربۆیە بەپێزانینی ئەو هۆكارانەی كە بوونە هۆی زیاتر بەرفراوانی دەسەڵاتی داعش، ئەمەریكیەكان لەشوێنی خۆیان بەبێدەنگی مانەوەو هیچیان نەكرد سەرەڕای ئەوەی كە لاوازی هێزەكانی عێراقیشیان لەبەرانبەر داعشدا دەبینی. بەڵام كاتێ‌ لە مانگی حوزەیرانی 2014 داعش دەستی بەسەر شاری موسڵ دا گرتن جۆ بایدن لەوە دڵنیا بووەوە كە پێویستە نوری مالیكی لە دەسەڵات نەمێنێ ، هەربۆیەشە پشتگیری كاندیدكردنی حەیدەر عەبادی كرد بۆ پۆستی سەرەكوەزیران.

لەوكاتەدا كۆمەڵێك دەستەو گروپی چەكدار، كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكران رووبەڕووی چەكدارانی داعش دەبوونەوە، هەمو ئەو گروپ و دەستە چەكدارانە لەناو حەشدی شەعبیدا كۆبووبوونەوە كە راستەوخۆ لەلایەن قاسم سولێمانییەوە سەرپەرشتی دەكرا، ئەمەش وایكردبوو كە ئێران دەسەڵاتی فراوانتر بێت و وای لێهاتبوو كە بە چەك و تەقەمەنی ئەمەریكی و لایەنی دارایی عێراقی شەڕی دژی داعش دەكرد.

چاودێران وایدەبینن كە بردنەوەی بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا و مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەبێتە هۆی زیاتر دابڕانی نەتەوەو تائیفەكان لەو وڵاتەدا، هەرچەندە هەریەك لە كورد و سووننە پشتگیری لەمانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەكەن، بەڵام لەبەرانبەریشدا شیعەكان كە زۆرینەی عێراقن لەدژی ئەو مانەوەیەن . بەتایبەتیش دوای كوژرانی قاسم سولێمانی ئەو دژایەتیەی شیعەكان بۆ ئەمەریكا بەرفراوانتر بووە، ئەمەش لەوكاتەدا بینرا كە لەدوای كوشتنی سولێمانی پەرلەمانتارە شیعەكان بە كۆی دەنگی خۆیان داوای دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكایان لە عێراق كرد،

گەمارۆیە ئابوورییەكان لەسەر ئێران كە بەبڕیاری ترامپ سەپێنرا، وای كرد كاریگەری راستەوخۆ بكاتە سەر ئێران ببوە فشارێك بۆ ئەوەی هەیمەنەی ئێرانی لە عێراقدا كەمبێتەوە، لایخۆشیانەوە كورد سوونە بە پێویستیان دەزانی سیاسەتی ئەمەریكی بەو شێوەیە بێت بۆ سەر ئێران.

بەشێكی زۆری شیعەكان پێیان باشە بایدن لەو هەڵبژاردنە سەركەوتوو بێت ، چونكە پێیانوایە كە بەبردنەوەی بایدن ئەو فشارانەش لەسەر ئێران كەمدەبنەوە بەوپێیەی بایدن لەبڕیارداندا وەك ترامپ نیە ، ئەگەری ئەوەش هەیە كە زۆرینەی برٍیارەكانی پێشتری ترامپ هەڵوەشێنێتەوە، كە بەشێكی بڕیارەكانی لەدژی ئێران داون.

لەئێستا زۆرینەی عێراقییەكان هەست بە نیگەرانی دەكەن لەبەرانبەر سەرۆكایەتی كردنی بایدن بۆ ئەمەریكا، لەروانگەی ئەوەی كە لە ساڵی 2003وە لەو كاتەی كەعێراق داگیركراوە كاریگەری بەسەر پێشخستنی سیاسەتی ئەمەریكی لە عێراقدا هەبووە، چونكە عێراقییەكان لەو ئاڕاستەی سیاسەتكردنەی بایدن دەترسن كاتێك لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە ساڵی 2008 پێشنیارو بەرنامەی ئەوەی خستەڕوو كە بۆچارەسەری كێشەكانی عێراق سێ ناوچەی فیدراڵی بۆ كورد و سوونەو شیعە دروست بكرێ، ئەمەش بۆ ئەوە بوو كە ئەگەر ئەمەریكا بیەوێ‌ لەو وڵاتە بكشێتەوە بەهۆی بوونی ئەو سێ ناوچەیە ناهێڵێ كێشەو ئاڵۆزەی لەو ووڵاتەدا سەرهەڵبدات.

بایدن لەوكاتدا لە جێگیركردنی ئارامی لەو وڵاتەدا سەركەوتنی بەدەست نەهێنا، ئەوەبوو پەیوەندییەكانی لەگەڵ كورد نزیكتر و گەرموگوڕتر كرد بەتایبەتیش لەگەڵ هەریەك لە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، بەتایبەتیش كە لە ساڵی 2015 دا بایدن بە بارزانی ووتبوو كە كوردەكان لە ژیانیاندا دەوڵەتی كوردی دەبینن، ئەمە راستەخۆ وەها بەلای سوونەو شیعەكانی عێراق لێكدرایەوە كە بایدن پشتگیری تەواوی خواستەكانی كورد لە عێراقدا دەكات، لەوكاتانەش كە كۆتایی دەسەڵاتی بایدن لە سەرۆكایەتی ئەمەریكا هاتەپێشەوە بارزانی ئەوەی راگەیاندبوو كە “بایدن دۆستی نەتەوەی كوردستان”ە.

لەگەڵ ئەوەی كە پەیوەندییەكی تایبەت لەنێوان بایدن و بارزانی هەبوو، بەڵام كاتێ لەساڵی 2017 گشتپرسی لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدرا، بایدن پشتگیری ئەو گشتپرسییەی نەكرد و داوای كرد كە پەیوەندیە ئابووری و سیاسیی و یەكگرتووەكانی نێوان بەغداو هەولێری بەپێویست زانی، بەڵام چاودێران پێیانوایە ئەو هەڵوێستەی بایدن پشتگوێخستنی كورد نەبوو، چونكە هەر ئەوكاتیش بەغدای ناچار دەكرد كە بەپێی سیاسەتی هەرێمی كوردستان مامەڵە بكات.

ساڵی 2016 لەكاتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا (دۆناڵد ترامپ) ئەوەی دووپات دەكردەوە كە لەدژی هەژموونی ئێرانی لە عێراقدا كار دەكات سەرەڕای ئەوەی كە ژمارەیەكی كەمیشی لە هێزەكانی ئەمریكا لەو ووڵاتە مابوونەوە، جا لەبەرانبەر ئەمەدا رەنگە بایدن نەمتر لە ترامپ ئەو مامەڵە سیاسیانەی لەبەرانبەر ئێران و هەژموونەكەی لە عێراقدا بكات.

هەرچەندە بایدنیش وتوویەتی كە دەیەوێ‌ كۆتایی بە (شەڕی تاهەتا) بێنێ، بەڵام هەمانكاتیش لەگەڵ ئەوەدایە كە بەردەوامی بداتە مانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراقدا.

سەرچاوە:

https://ultrairaq.ultrasawt.com
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com