ئایا ئێران “هه‌ڵه‌ى تۆڵه‌كردنه‌وه‌”‌ ده‌كات‌ و هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌مریكا له‌ عێراق؟

0

نوچه‌نێت

دواى كوشتنى موحسین فه‌خریزاده‌ زاناى ئه‌تۆمى ئێران، به‌رپرسانى ئێران دووپات له‌سه‌ر تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و سه‌رنجى چاودێرانى سیاسى له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌یه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ عێراق ببێته‌ گۆڕه‌پانى تۆڵه‌كردنه‌وه‌كه‌ كه‌چى تره‌مپ گوتوویه‌تى، هه‌ر ئه‌مریكییه‌ك له‌ عێراق بكوژرێت ئه‌وا ئه‌مریكا زه‌برى كوشتنده‌ له‌ ئێران ده‌وه‌شێنێ.

دوێنێ له‌ هێرشێكدا موحسین فه‌خریزاده‌ زاناى ئه‌تۆمى ئێران له‌ تاران كوژرا، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ‌حوسێن سه‌لامى فه‌رمانده‌ى گشتى سوپاى پاسداران دواتر عه‌لى خامنه‌یى رابه‌رى باڵاى كۆمارى ئیسلامى ئێران دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌ ده‌بێت تۆڵه‌كردنه‌وه‌ى فه‌خریزاده‌ بخرێته‌ كارنامه‌ى ئێرانه‌وه‌.

به‌ڵام ئایا ئێران ئه‌و كاره‌ ده‌كات؟ له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ له‌ سێى كانوونى دووه‌م قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى پێشووى فه‌یله‌ق قودس له‌ هێرشێكى ئه‌مریكا كوژرا، دواى پێنج رۆژ ئێران چه‌ند مووشه‌كێكى ئاراسته‌ى هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرد به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى زه‌برى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ بنكه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق بدات، كه‌چى له‌و كاته‌دا یه‌كێك له‌ مووشه‌كه‌كان به‌ر فڕۆكه‌یه‌كى ئۆكرانى كه‌وت و 176 خه‌ڵكى سڤیلى كرده‌ قوربانى.

ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان ئێرانى تووشى شه‌رمه‌زارى كرد. ئاخۆ ئێران جارێكى تر ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ و به‌ ناوى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ى هێرش بكاته‌ سه‌ر بنكه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق؟ رۆژنامه‌ى واشنتن پۆستى ئه‌مریكى ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا باسى له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌مریكا بیرى له‌و خاڵه‌كردووه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ دۆناڵد تره‌مپ گوتوویه‌تى، ئه‌گه‌ر ئێران یه‌ك ئه‌مریكى له‌ عێراق بكوژێت ئه‌وا به‌ زه‌برێكى كوشنده‌ وه‌ڵامى ده‌درێته‌وه‌.

جیا له‌وه‌ى ره‌نگه‌ به‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ى تره‌مپ‌ ئێران سڵ بكاته‌وه‌، چه‌ندان هۆكارى تر هه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ رێگه‌نه‌ده‌ن ئێران هێرش بكاته‌ سه‌ر بنكه‌كانى ئه‌مریكا. یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئیسرائیل راسته‌وخۆ له‌ هێرشه‌كه‌دا تۆمه‌تبار ده‌كرێت نه‌وه‌ك ئه‌مریكا، تا ئێستا به‌رپرسانى ئه‌مریكا لێدوانیان له‌سه‌ر كوشتنى فه‌خریزاده‌ نه‌بووه‌.

هۆكاره‌كى تریش ئه‌وه‌یه‌ ئێران له‌ دوایین رۆژه‌كانى حكومڕانى تره‌مپ سیاسه‌تى سه‌برگرتن یه‌یڕه‌و ده‌كات و ده‌یه‌وێ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌و 50 رۆژه‌ ته‌واو بێت. وه‌ك رۆژنامه‌ى واشتنن پۆست باسى كردووه‌ ئیسماعیل قائانى له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ عێراق هه‌مان داواى له‌ میلیشیاكانى شیعه‌ كردووه‌ كه‌ تا ده‌توانن دان به‌خۆیان بگرن.

كاتێك ئه‌گه‌رى هێرشى ئێران بۆ سه‌ر عێراق نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌گه‌رى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌دژى ئیسرائیل بێت، دوو بژارده‌ى تر له‌به‌رده‌م ئێران ده‌بێت یه‌كه‌میان خودى ئیسرائیله‌، ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌گه‌ر هاوكاربوونى حزبوڵاى لبنانى ده‌وه‌ستێته‌وه‌، ئه‌ویتریشیان كه‌نداوه‌ ئیمارات و به‌حرێن، به‌ڵام له‌و خاڵه‌یاندا دووباره‌ به‌رژوه‌ندى ئه‌مریكا ده‌رده‌كه‌وێت. جگه‌ له‌و تێبینیانه‌ سیناریۆكانى ئێران بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ هێشتا رۆشن نییه‌.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com