(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
ماوەیەكە زۆربەی حزب و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دۆخی خراپی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەو ئەنجام دەدەن و لە كۆتایی كۆبوونەوەكانیشاندا (راگەینراو)ێك بڵاودەكەنەوەو تیایدا ئەنجامی دانیشتن و كۆبوونەوەكانیان بۆ رایگشتی ئاشكرا دەكەن.
دۆخی خراپی ئابووری لەهەرێمی كوردستان و بابەتی بێ مووچەیی خەڵك و ەیدەنیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەشێكی سەرەكی كۆبوونەوەو راگەیەنراوەكانی تەنیوە . بەجۆرێك كە كە كەمترین قسەی ئەو لایەنانە لەسەر دۆخی حزبایەتی و پەیوەندی حزبایەتی نێوان بێت.
یەكگرتوو: حكوومەت زۆر بێباك و خەمساردە
ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوای ئەوەی رۆژی 29 یئەم مناگە كۆبوونەوەی ئەنجامدا، راگەینانراوێكیشی بڵاوكردەوە، كە تیایدا دەڵێن “دۆخی هەرێم پەیوەست بەموچەی فەرمانبەران پێی ناوەتە دۆخێكی دژوارەوە، لەبەرامبەردا حكومەت زۆر بێباك و خەمساردە و هیچ رێگا چارەیەكی جدی ناگرێتەبەر بۆ دەرچوون لەم قەیرانە ترسناكە”.
بەپێی راگەینراوەكەی یەكگرتووی ئیسلامی، ئەو حزبە لە كۆبوونەوەكەیدا تاوتوێی بارودۆخی نەخوازراوی هەرێم و پرسی مووچەی فەرمانبەران دوای دەرچوونی یاسای قەرز و راگرتنی شایستە داراییەكانی پەیوەست بە موچەی فەرمانبەران كراوە كە پێی ناوەتە دۆخێكی دژوارەوە، لەبەرامبەردا حكومەت زۆر بێباك و خەمساردە و هیچ رێگا چارەیەكی جدی ناگرێتەبەر بۆ دەرچوون لەم قەیرانە ترسناكە، ئەمەش نیشانەی نەبوونی ئیرادەی راستەقینەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و شكستی سیستەمی حوكمڕانیە لەم هەرێمەدا”.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە یەكگرتووی ئیسلامی بەپێویستی دەزانێت هەرچی زووترە حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ رێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم و رێككەوتنی تەواو لەگەڵ حكومەتی عێراق لەپێناو دەستەبەركردنی بودجەی پێویست بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بە شێوەیەكی مانگانە بەبێ هیچ جۆرە لێبڕین و دواخستنێك.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە ، یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاریداوە كە هەموو هەوڵ و تواناكانی بخاتە كار بۆ دەرچوون لەم قەیرانە دژوارە و لەو پێناوەدا هەموو رێوشوێن و میكانیزمێكی پێویست دەگرێتەبەر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و جەماوەر بە گشتی”.
یەكێتیی و گۆڕان باسی ناردنی وەفد و لامەركەزیتیان كرد
لەلایەكی دیكەش هەر دوێنێ یەکشەممە ٢٩/١١/٢٠٢٠ یەكێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان لە دەباشان كۆبوونەوە، ئەوانیش دوای كۆبوونەوەكەیان راگەیانراویان بڵاوكردەوە .
بەپێی راگەیەنراوەكەی ئەو كۆبوونەوەیە كە بە كۆبوونەوەیەكی لوتكەیی نێوان هەردوولا پێناسەی كرا، تەوەری سەرەکییان گفتوگۆکردن بوو، لەسەر دواین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێم و عێراق ، بەتایبەت خراپی بژێوی ژیانی ھاوڵاتیان و مووچەخۆرانی ھەرێم، کە بەرئەنجامی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست بووە، دواتریش بەدیارکراوی دوای دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیوەندیدار بە کورتھێنانی بودجەو وەرگرتنی قەرز قەیرانەکە قوڵتربووەتەوە .
هەر بەپێی ئەو راگەیەنراوەی یەكێتی و گۆڕان ھەردوولا، بەپێویستیان زانیوە ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت و لەكۆبوونەوەكەشدا چەند بڕیارێكیان دەركردووە.
یەكێك لەو بڕیارانەی كە لەو كۆبوونەوەیەدا دراوە بریتییە لەوەی كە “بەپەلە وەفدێکی خاوەن بڕیاری حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت و بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی ریشەیی و کۆتایی کێشەی بودجەو موچەی ھەرێمی کوردستان، لەھەمانکاتدا ئەم ھەنگاوە ببێتە بناغەیەکی پتەو بۆ یاسای بودجەی ٢٠٢١ فیدڕاڵی”.
دووهەم بڕیاریش كە یەكێتی و گۆڕان لەو كۆبوونەوەیەیاندا داویانە ئەوەیە كە “پێشوازی لەھەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی دەکەین، ھەروەک لەکارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە”.
بریاری سێهەمیش بەپێی ئەو راگەیانراوەی هەردوولا بریتی بوو لە “زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی واقیعی ھەرێم و عێراق دەبێتەوە”.
23 پەرلەمانتاریش لەراگەیانراوێكدا هۆشداریان دایە سەرۆكایەتی پەرلەمان
وتتیان “ڕێگە نادەین پەرلەمان بۆ بەرژەوەندی حزب بەکاربهێنرێت” ئەوە قسەی ناو راگەیەانراوێك بوو كە لەجیاتی 23 پەرلەمانتار بڵاوكرابووەوە ئاماژەیان بەوەدابوو كە “دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانانە بۆیە نابێ بە پێی بەرژەوەندی و خواست و ویستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن یان لایەنێکی سیاسی بەکاربهێنێت و ئەم دەزگا گەورەو گرنگەی گەل لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی لا بدات.”
گلەیی و رەخنەی ئەو پەرلەمانتاران لە حكوومەت و دۆخی هەرێم نیە ، بەڵكو بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بوو بۆ بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكان و بەپێی راگەیانراوەكەش كە بڵاویان كردەوە ، دەڵێن “دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە پێچەوانەی چەند دەقێکی یاسایی هەڵسوکەوت دەكات”.
ئەو پەرەلمانتاران لە راگەیانراوەكەیاندا هۆشداری دەدەنە سەرۆكایەتی پەرەلمان و دەڵێن “لە داهاتووشدا هەموو هەوڵ و ڕێکارە پەیڕەوی و یاسایی و دەستوریی و دیبلۆماسییەکان و بنەمای متمانەدانی گەل بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی پەرلەمان لەم دۆخە ڕزگار بکەین، تا لەوە زیاتر خەڵک بێ ئومێد نەکرێت و کەلێنی نێوان خەڵک و دامەزراوەکان زیاتر نەبێت و لانیکەم پەرلەمانتار بتوانێت نوێنەرایەتی گەل بکات و دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی هاووڵاتیانی ستەملێکراوی کوردستان بێت لە دۆخێکدا کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن شکستی هێناوە لەوەی بتوانێت تەنانەت مووچەی مووچەخۆران دابین بکات.”
شەش پەرلەمانتارو راگەیەنراوێكی تر
شەش ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەجیا لە حزبەكانیان راگەیانراوێكیان لەبارەی دۆخی هەرێم بڵاوكردەوەو رایانگەیاند، “پێویستە بەزوترین کات شاندی هەرێم بچێتە بەغداد و ئامادەیی خۆی بۆ رادەستکردنی نەوت دەرببڕێت هەروەها حکومەتی هەرێم چاکسازی لەدۆسیەی نەوت و خاڵە سنورییەکاندا بکات، بەپێچەوانەوە هەرێم تووشی قەیرانێکی لەوەی ئێستا “گەورەتر” دەبێتەوە”.
ئەو شەش پەرلەمانتارە كە بریتی بوون لە (ئاشنا عەبدوڵا، شایان کاکە ساڵح، جەلال محەمەد، شیرین ئەمین، دابان محەمەد و عەلی حەمە ساڵح) لە راگەیەنراوەكەیاندا باسیان لەوەشکردوە، “ئێمە وەک شەش پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، داوا دەکەین کە پێویستە بە زوترین کات وەفدی حکومەتی ھەرێم بەپەلە بچێتە بەغدا، لەبەرامبەر دابینکردنی موچە و بودجەدا، ئامادەیی ڕادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل و نیوەی داھاتە فیدراڵیەکان بێت، جەختش دەکەینەوە لەسەر ئەوەی پێویستە چاکسازی خێرا لە دۆسیەی نەوت و خاڵە سنوریەکان و باجدا بکرێت، بێ دواخستن و خۆدزینەوەی زیاتر”.