فازڵ میرانی له‌ باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ گومان له‌سه‌ر بڕوای ئۆپۆزسیۆن داده‌نێت

0

فازڵ میرانی له‌ باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ گومان له‌سه‌ر بڕوای ئۆپۆزسیۆن داده‌نێت


 

نوچه‌نێت: تایبه‌ت

فازڵ میرانی سكرتێری مه كته‌بی س یاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌ڵێت “ئۆپۆزسیۆن ئه‌گه‌ر به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ به‌شداری له‌ حكومه‌تی هه‌رێمدا ناكه‌ن، بۆ له‌ حكومه‌تی عێراق به‌شداری ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا نیسبه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ عێراق زیاتره‌”.
فازل میرانی سكرترێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس، تیشكی خسته‌ سه‌ر ره‌وشی ئێستای هه‌رێم و ئه‌و قه‌یرانه‌ی رووی له‌ هه‌رێم كردووه‌، ره‌خنه‌ی له‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان گرت، به‌وه‌ی كه‌ ده‌ڵێن به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ به‌شداری حكومه‌تی هه‌رێمییان نه‌كردووه‌، وتی “ئه‌ی بۆ له‌ حكومه‌تی عێراق به‌شداری ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا له‌ هه‌ر كوردێك یان كه‌سێك بپرسیت، ده‌زانێت نیسبه‌تی گه‌نده‌ڵی له‌ عێراق زیاتره‌ تا هه‌رێمی كوردستان”.
میرانی پێیوایه‌ له‌ كوردستان جگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات سێ‌ ره‌وتی تر هه‌یه‌، یه‌كیان ئیسلامییه‌كان و ئه‌ویتریان گۆڕان كه‌ به‌ بڕوای ئه‌و ره‌وتێكی عه‌لمانی چه‌په‌ و لایه‌نه‌كه‌ی تریش شه‌قامه‌، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا میرانی جیاوازی له‌ نێوان داخوازییه‌كانی ئه‌و لایه‌نانه‌ كرد و وتی”شه‌قام داوایان كردووه‌ كه‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه‌ كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌وه‌ رای حیزبه‌كانی ئۆپۆزسۆن نییه‌، له‌ دواین به‌یانیاندا ده‌ڵێن ئه‌م حكومه‌ته‌ هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه‌ و حكومه‌تێكی ئینتقالی دابمه‌زرێنین و موهیمه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌یاننامه‌ 20 خاڵیه‌كه‌ی ئه‌وان جێبه‌جێ بكات و زه‌مینه‌ خۆش بكات، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته‌ بكرێت، جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم پێشوه‌خته‌ باسی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی كرد ئه‌وان به‌ شه‌رمه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری ده‌سوڕانه‌وه‌ مه‌بده‌ئێكی قانوونی هه‌یه‌ ئه‌ڵێت ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ورو به‌ری مه‌وزوعێك بسوڕێته‌وه‌ داخلی ده‌بێت”.
كه‌ باسی ئیسلامیه‌كانیشی كرد، میرانی پێیوابوو جیا له‌و دوو نموونه‌ی باوه‌ی ئیسلامییه‌كان كه‌ میانڕه‌و و توندڕه‌وه‌، له‌ كوردستان تا ئێستا ره‌وتێكی دیاریكراوییان نییه‌، ئه‌و وتی”ئیسلامییه‌كانی كوردستان تا ئێستا ئاراسته‌ی دیاریكراوییان دیار نییه‌، ته‌عامول له‌گه‌ڵ كات و زروفه‌كه‌دا ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر زروف بخوازێت خۆی به‌ میانڕه‌و نیشان ده‌دات، ئێمه‌ یه‌كگرتوو ده‌كه‌ینه‌ نموزه‌ج كۆمه‌ڵ ناكه‌ینه‌ نموزه‌ج، من كۆمه‌ڵ له‌ یه‌كگرتوو جیاده‌كه‌مه‌وه‌، چونكه‌ من ده‌زانم كۆمه‌ڵ حكومی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت به‌شێوه‌یه‌كه‌، یه‌كگرتوو حكومی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ركامیان ئێستا شێوه‌كه‌ی خۆیان رانه‌گه‌یاندوه‌، چونكه‌ حكومیان به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌، حیزبی ئیسلامیش له‌ هه‌موو دونیا مه‌لامحی دیار نابێت تا نه‌گه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات”.
وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ی میرانی له‌ جیاوازی داواكانی نێوان ئۆپۆزسیۆن و شه‌قام، ئه‌وه‌شی به‌ زه‌حمه‌ت زانی له‌ حاڵه‌تی ئێستادا بتوانرێت دیالۆگ له‌گه‌ڵ شه‌قام بكرێت چونكه‌ وه‌ك وتی”شه‌قام سه‌وابتی قیاده‌ی تێدا نییه‌ ئه‌مڕۆ تۆ له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك قسه‌ ده‌كه‌یت، به‌یانی ته‌ماشا ده‌كه‌یت دوانیان دیار نیین سێی دیكه‌ هاتنه‌ جێگایان” بۆیه‌ فازڵ میرانی بۆ ده‌رچوون له‌و كێشه‌یه‌ پێشنیاری كرد، سه‌ره‌تا قسه‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن بكرێت، وتی “ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنانه‌ گه‌یشتینه‌ رێككه‌وتنێك، پاشان به‌ هه‌موومان ده‌چین له‌ گه‌ڵ شه‌قام قسه‌ ده‌كه‌ین”.
میرانی له‌ دیمانه‌كه‌یدا له‌ سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ وه‌ستا كه‌ ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات باسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت ده‌كه‌ن، پێیوابوو له‌كاتی ته‌نگه‌ژه‌كاندا حكومه‌ت یه‌كه‌م قوربانییه‌، له‌ باره‌ی حكومه‌تی ئینتیقالیشه‌وه‌ میرانی وتی” ئه‌وان باس له‌ حكومه‌تی ئینتیقالی ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ ده‌رگا بۆ گفتوگۆ ده‌كاته‌وه‌ له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن دا ده‌كه‌ونه‌ معامه‌له‌ی ئنتقالیه‌كه‌” له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌بڕوای میرانی حكومه‌تی ئینتقالی كۆمه‌ڵێك پرسیاری له‌باره‌وه‌ ته‌رح ده‌كرێت، ئه‌و باسی له‌و ئیشكالیه‌تانه‌ كرد و وتی” بۆ چه‌ند مانگه‌ بۆ 10 مانگه‌ بۆ شه‌ش مانگه‌، ئه‌وان دێنه‌ ناو حكومه‌ته‌كه‌ یان نایه‌ن ؟ چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێنه‌ ناو ئه‌وه‌ هه‌نگاوێك ده‌كه‌ونه‌ نزیكی ده‌سه‌ڵات، من ناڵێم ئۆپۆزسیۆن نامێنن، له‌ جه‌وهه‌ری خۆیدا وه‌ك ئۆپۆزسیۆن ده‌مێنێت به‌ڵام له‌ مه‌زهه‌ردا نامێنێت، هه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌م ئۆپۆزسیۆن له‌ روی مه‌زهه‌ره‌وه‌ تێكه‌ڵی یه‌كدی ده‌بن”.
جگه‌ له‌ “ئینتقالی بوون” میرانی له‌سه‌ر چه‌مكی” ته‌وافوقی”وه‌ستا، به‌ بڕوای ئه‌و ته‌نها پرسیاركردن له‌و چه‌مكه‌ش ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات له‌یه‌كتر نزیك ده‌كاته‌وه‌، میرانی وتی” ئه‌وان باسی ته‌وافوقی ده‌كه‌ن من ده‌ڵێم پێناسه‌ی ئێوه‌ بۆ ته‌وافقی چیه‌، ئه‌وه‌ش معاره‌زه‌ و ده‌سه‌ڵات نزیكی یه‌ك ده‌كات، چونكه‌ سۆئال ده‌كه‌یت و جوابت ده‌وێت كه‌واته‌ به‌رده‌وام بوونی دانوستانه‌كان خۆی خاڵێكی ئیجابیه‌، حكومه‌تی ئینتقالی به‌رنامه‌كه‌ی دیاره‌ كه‌ چاكسازیه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و 17 خاڵه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌نابی سه‌رۆك باسی كرد و22 خاڵه‌كه‌ی ئه‌وان كه‌ ئێستا 20 خاڵه‌، ئه‌وانه‌ هه‌موو  ده‌بێت به‌ به‌رنامه‌ی چاكسازی ئه‌و حكومه‌ته‌، كه‌ ماوه‌كه‌ی چوار مانگ یان شه‌ش مانگه‌، هه‌رچه‌نده‌ بێت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك بێت، كه‌ بتوانێت ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ جێبه‌جێ بكات”.
میرانی پێیوابوو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی به‌شداریكردنی حكومه‌ت، نیمچه‌ رێكه‌وتنێك له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ هه‌یه‌، جیا له‌وه‌ش به‌ پێویستی زانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌شداری له‌ حكومه‌تی ئینتقالی دا بكه‌ن، ئه‌و وتی “به‌شێوه‌یه‌كی نسبی لێكتێگه‌یشتن هه‌یه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كانیش، جیاوازی هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ نه‌ یه‌كگرتوو نه‌ برایانی كۆمه‌ڵ ره‌تیان نه‌كرده‌وه‌  كه‌بێنه‌ ناو حكومه‌تی ئینتقالی یان حكومه‌تی تازه‌ بنكه‌ فراوان، حكومه‌تی بنكه‌ فراوان یان ئیتقالی ئه‌كید ئه‌بێت توركمان و ئاشوری تێدا بێت، ئه‌وانه‌ قه‌ومیاتن په‌یوه‌ندی به‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ نییه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ چه‌په‌كانیش ئه‌بێت شیوعی تێدابێت زائیده‌ن ئه‌حزابی معره‌زه‌ زائیده‌ن پارتی و یه‌كێتی، په‌رله‌مان ده‌بێت كۆمسیۆنێكی هه‌ڵبژاردن دروست بكات، به‌ڵی ئیتفاقێكمان هه‌یه‌ كه‌ پێكهاته‌ی مفوزیه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ ته‌وافق بێت نه‌ك قه‌راراتی پێكهاته‌ی ته‌وافق ده‌بێت، ده‌بێت پرسیار له‌ برایانی ئۆپۆزسیۆن بكرێت، كه‌ پێناسه‌ی ئێوه‌ بۆ ته‌وافقی چیه‌؟ ئایه‌ له‌سه‌ر وه‌زیره‌كان ته‌وافق بكه‌ین، یان له‌سه‌ر به‌شدار بوانی ئه‌و حكومه‌ته‌ یان له‌سه‌ر چی؟”.
میرانی باسی له‌ خۆپیشانده‌ران كرد و جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ له‌ %80 خۆپیشانده‌ران ئینتمیان بۆ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن هه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هۆشیاری ئه‌وه‌ی دا كه‌ نابێت و قبوڵ ناكرێت ئۆپۆززسیۆن له‌ لایه‌ك له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئینتقالی به‌شدار بێت و له‌ لایه‌كی تریش خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ نێو خۆپیشانده‌ران بێت، میرانی وتی” پرسیارێك دێته‌ پێشه‌وه‌ ئایا ئۆپۆزسیۆن ئه‌و ژماره‌ی كه‌ به‌شداره‌ له‌ خۆپیشاندان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ حكومه‌ت و له‌ خۆپیشاندانیشدا ؟ به‌ ته‌ئكید ئه‌وه‌ شتێكی قبوڵكراو نییه‌، پاش ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ شه‌قام كه‌ به‌ بڕوای من ئێستا 80% لایه‌نگری ئۆپۆزسیۆنن، ئینتیمای بۆ ئه‌و حیزبانه‌ هه‌یه‌”.
له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا میرانی پێی باش بوو، كه‌ سه‌رجه‌م حزبه‌كانی تریش له‌ گفتوگۆكان نزیك ببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی تری كوردستانی دروست بكرێته‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ شه‌قام بكرێته‌وه‌، میرانی وتی “پاشان پێنج حیزبه‌كه‌ و پاشان حه‌وت حیزبه‌كه‌ كه‌ برایانی زه‌حمه‌تكێشانه‌ و شیوعی و سۆسیالیستیش داخل ده‌كرێت، كه‌ به‌ڕای ئێمه‌ جه‌بهه‌یه‌كی تری كوردستانی دروست بكه‌ینه‌وه‌، بچین له‌ گه‌ڵ ئه‌و باقیه‌ی شه‌قام قسه‌ بكه‌ین كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، بڵێین ئه‌وه‌ دیار بوو كه‌ ئه‌مان چیان ده‌وێت، ئه‌ی ئێوه‌ چیتان ده‌وێت؟ به‌ڕای من ئێمه‌ ئه‌وانیش ره‌ت نه‌كه‌ینه‌وه‌، بێین له‌ گه‌ڵیان له‌ سه‌ر موشته‌ره‌كات قسه‌ بكه‌ین؟ پێیان بڵێن چی ئێمه‌ ده‌توانین لێیان قبوڵ بكه‌ین، چی ناتوانین لێیان قبوڵ بكه‌ین، چونكه‌ ناكرێت هه‌رچی ئه‌وان گوتیان ئێمه‌ بڵێن باشه‌ هه‌رچی ئێمه‌ش گوتمان ئه‌وان بڵێن باشه‌”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com