حەشدی شەعبی فەوجێكی كوردی دروست دەكات و وەزارەتی پێشمەرگەو پەرلەمانیش رەتیدەكەنەوە

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
دەستەی حەشدی شەعبی لە كەركووك پێكهێنانی یەكەمین فەوجی لە پێكهاتەی كوردی لەو شارە راگەیاند و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و لیژنەی كارەباری پێشمەرگەی پەرلەمانیش ئەو كارەی حەشدی شەعبی بەناڕەوا و بەمەبەست دەزانن رەتیدەكەنەوە.
ئەمڕۆ 12 ی كانونی یەكەمی 2020 دەستەی حەشدی شەعبی لە كەركوك درەستكردنی یەكەمین فەوجی كوردی لە ریزەكانی خۆی راگەیاند و دەشڵێ “كاری ئەو فەوجە كوردیە پاراستنی ئەمنیەتی باكووری رۆژئاوای كەركووكە”.
لەمبارەیەوە ئەدهەم جومعە سەرپەرشتیاری ئەو فەوجە بە IQNEWS ی رایگەیاندووە كە “رەزامەندیمان لە دەستەی بالا وەرگرتووە بۆ پێكهێنانی ئەو فەوجە تایبەتە كە تەواوی پێكهاتەی فەوجەكەش لە نەتەوەی كوردن و هەنگاوێكی گرنگیشە كە كورد لەناو ریزەكانی حەشدی شەعبیدا هەبێت””.
ناوبراو دەشڵێ “كار و ئەركی ئەو فەوجە نوێیەی حەشد پارێزگاری كردن دەبێت لەو گوندانەی كە دەكەونە سنووری قەزای دوبز (45 كلم لە باكوور رۆژئاوای كەركووك) و ئەو فەوجەش لەلایەن میحوەری باكووری حەشدەوە چاودێری و سەرپەرشتی دەكرێت”.
لەبەرانەبەر ئەو كارەی حەشدی شەعبیشدا وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو هەوڵەی حەشدی شەعبی رەتدەكاتەوە و پێیوایە كە حەشدی شەعبی بەمەبەستی لێدان كە نەتەوەی كورد لەو ناوچانە ئەو كارەی كردووە.
لەمبارەیەوە بابەكر پشدەری بەڕێوەبەری گشتی هۆشیاری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “وەكو وەزارەتی پێشمەرگە هەماهەنگیمان نیە لەوەی خەڵكی كورد یان لە پێكهاتەكانی كوردستانی لە ریزەكانی حەشدی شەعبی چەكدار بكرێن، چونكە ئێمە وەك وەزارەت دەمانەوێ‌ لەسەر ئینتیمای سوپایەكی نیشتمانیی و لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە دابمەزرێن”.
ناوبراو دەشڵێ “ئەوەی كە ئێستا حەشدی شەعبی بۆ دروستكردنی ئەو فەوجە كردویەتی مەبەستی لێدانە لە تەواوی كەمە نەتەوەكان بە تایبەتیش پێكهاتەی كورد لە ناوچانە، بۆ ئەوەی خەڵكانێك لەورێگەیەوە لەبار بەرن و جارێكی تریش ئەفواجی خەفیفە دروست بكرێن”.
لەبارەی هەڵوێستی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانیشەوە بابەكر پشدەری وتیشی “ئێمە وەك وەزارەتی پێشمەرگە ئەو جۆرە هەڵوێستەی حەشدی شەعبی ئیدانە دەكەین، پێمان وایە كارێكی خراپەو دوور و نزیكیش وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداری ئەو كارەی حەشدی شەعبی نیە و ئەو هەڵوێستەی حەشدی شەعبیشی پێ خۆش نیە و تەنانەت بە هەڵوێستی و چەوت و نابەرابەرییش دەزانین”.
لایخۆشییەوە لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ئەو كارەی حەشدی شەعبی رەتكردەوە و پێیوایە كە ئەو كارەی حەشد كارەكانی پێشتری رژێمی عیراق لە دروستكردنی جاشمان بیردێنێتەوە.
ریڤینگ هروری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، بە(نوچەنێت)ی راگەیاند “ئەو كارەی حەشدی شەعبی هەوڵەكانی پێشتری رژێممان بەبیردێنێتەوە كە جاش و ئەفواج خەفیفەی دروست دەكرد”، دەشڵێ “پێموایە ئەو خەڵكە كوردەی دەچنە ریزی حەشدی شەعبی لەبەر پێویستییەكانی ژیانیانە، بەڵام دەكرا ئەو خەڵكە بچنە ریزەكانی سوپای عێراقی كە سەدان كوردی تێدایەو سوپایەكی فیدڕاڵییە، بەڵام چوونی كورد بۆ ریزەكانی حەشدی شەعبی كارێكی ناڕەوایە”.
هروری ئەوەشی ووت “پێموایە ئەو خەڵكە كوردەی چوونەتە ناو ئەو فە وجەی حەشد زیاتر لە كوردە شیعەكانن لەو ناوچەیە چونكە حەشد خۆی بە عەقڵیەتێكی تائیفی كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدات و ئەو كارەی ئێستای حەشدی شەعبییش كارێكی باش نیە كە دەیكات”.
ناوبراو پێشبینی دەكات كە حەشدی شەعبی لەرێی دروستكردنی ئەو جۆرە فەوجانەوە ئاستەنگی زیاتر لەو ناوچە كێشەلەسەرەكان دروست بكات، بەڵام دەشڵێ ” رەنگە دروستبوونی ئەو فەوجە مەترسییەكی زۆر گەورە دروست نەكات، چونكە ئەگەر هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا ئیرادەیەكی بەهێزیان هەبێ دەتوانن بەسەر زۆر لەو گرفت و ئاستەنگانە سەركەوتن كە هێزەكانی حەشدی شەعبی دەیانەوێ‌ لەو ناوچانە دروستی بكەن”.
ناوبراو بەپێویستی دەزانێ‌ حكوومەتی هەرێم زیاتر گرنگی بەو ناوچە كێشەلەسەرانە بدات “هەقە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر گرنگی بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی ناوچە كێشەلەسەرەكان بدات بۆ ئەوەی ئەو خەڵكە كوردە چیتر لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستەمۆ نەكرێن، بەتایبەتیش لە زۆربەی ناوچە كێشە لەسەرەكان پێكهاتەی جیاوازی تێدایە ژمارەیەكی زۆری شیعەی كوردیشی تێدایە”. دەشڵێ “پێویستە حكوومەتی هەرێم لەرێگەی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە كار لەو ناوچانە بكات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵكە كوردەی لەو ناوچانەدا دەژین”.
بەپێی زانیارییەكان یەكەمین كاری ئەو فەوجە كوردییەی حەشدی شەعبیی لە پاراستنی گوندی (چەخماخە)ی سەر بە قەزای دوبز دەستپێدەكات و دواتر كارەكان بۆ ئەو ناوچەیە فراوانتر دەكرێ.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com