جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ: ئەوانەی خۆپیشاندانیان بەلاڕێدا برد، ناسنامەیان ئاشكرا و روونە

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی كوردستان ئەوە دووپات دەكاتەوە كە خۆپیشاندان و داواكارییەكان مافێكی راوی هەموو كەسێكە، بەڵام ئەوانەی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەگۆڕن زیان بە خەڵك و ماف و داواكارییەكان دەگەیەنن. باس لەوەشدەكات گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی سنووری سلێمانی تەنها بۆ ناشیرین كردنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بوو.

باڵانبۆ محەمەد عەلی جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی كوردستان بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “داواكاری خۆپیشاندەران داوایەكی رەوا بوو، هەر لەداواكاركردنی مووچە وە تا داواكاری خزمەتگوزارییەكان ئەوەش دیارە سەرەتاییترین داواكارییە بۆ مافەكانیان، بەڵام بەداخەوە هەندێ كەس و لایەن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و هەروەها بۆ بەدەرخستنی خۆیان چوونە ناو خۆپیشاندەرەكان و وایانكرد كە خۆپیشاندانەكان بەلاڕێدا بەرن  و نەیەڵن مەفهومی خۆپیشاندانەكەیان وەكخۆی بگاتە دەسەڵات، بەڵكو ئەو كەس و لایەنانە خۆپیشاندانەكەیان بەرەو تووندوتیژی برد و وایكرد كە زیان بە موڵكی گشتی و موڵكیش تایبەتیش بكەوێت”.

باڵانبۆ كە هاوكات پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیشە لە پەرلەمان، لەبارەی ناسنامەی ئەو كەس و لایەنانەی كە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكانیان گۆڕی، وتی “بێگومان ئەگەر سەیری بارودۆخەكان بكەیت و ئەوانەشی كە ئێستا گیراون لەلای هێزەكانی ئاساییش و ناوخۆ دەرخەری ئەو بابەتەن كە ئەوانە  كێن”.

“بەراستی من بەلامەوە سەیرە خەڵكانێك كە ئەمڕۆ داوای سەرەوەری یاسا دەكەن، ئەوان ئەوەندە سەروەری یاسایان دەوێ‌ كە خۆیانی پێ بپارێزن و دژی خۆیان نەبێ، بەڵام كاتێ‌ یاسا هاتە سەر ئەوەی كە دژی خۆیان بێت بەشتێكی ناڕەواو ناپێویستی دەزانن”. بەڵامبۆ وای گووت..

رۆژی 2 ی کانونی یەکەمی 2020 ، خۆپیشاندان لەدژی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران و خراپی دۆخی دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژی دواتر کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگری بکەن لە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان، خۆپیشاندانەکە گرژی لێکەوتەوە. 

رۆژی  6 ی کانونی یەکەمی 2020 ، خۆپیشاندانەكە ناو سلێمانی تێپەڕاند و گەیشتە پیرەمەگروون لەوێش گرژی لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەی یەکێتی یان سوتاند و هەوڵی سوتاندنی بارەگای پارتیشیاندا، بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکی زۆرەوە دورخرانەوە. 

رۆژی  7ی کانونی یەکەمی 2020 ، لە سەیدساق خۆپیشاندا دەستی پێکرد وخەڵک رژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانی (پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو)، بینای قایمقامیەتیان سوتاند. 

رۆژی هەینی  11ی کانوونی یەکەمی 2020، جارێكی تر لە شاری سلێمانی لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان، ژمارەیەک لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە دەستگیرکران، لەنێویاندا عەبدوڵڵا مەلا نووری، شێرکۆ حەمە ئەمین و پەیمان عیزەدین پەرلەمانتارانی پێشووی گۆڕان و چەند چالاکوانێکی دیکە دوێنێ بەشێکیان ئازادکران.

جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان دەڵێ ” لەبارەی ئەوانەی دەستگیركراون ژمارەی تەواوم لەبەردەست نیە كە بڵێم ئەوەندە كەسە دەستگیر كراون، بەڵام بەپێی یاساش لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە دەكرێ، دیارە ئەوەش كاری دادوەرەكانە كە ئایا ئەگەر خەڵكانێك هاندەربوون بۆ تووندوتیژی و زیان گەیاندن بە موڵكی و گشتی و تایبەت، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا  دەكرێ ویاسایان بەسەردا جێبەجێ دەكرێ”.

هەر لەبارەی سەرهەڵدانی تووندوتیژیەكانی ناو ئەو خۆپیشاندانانە ناوبراو ووتیشی “بەپێی یاسا هێزەكانی ئاساییش و ناوخۆ پارێزەری سەوەروماڵی هاوڵاتیانن، پارێزەری ئارامیی و سەقامگیری كۆمەڵایەتین ، بەڵام ئەوەی بینیمان لە میدیاكاندا جنێوو قسەی ناشیرین بە هێزەكان دراوە، لەكاتێكدا ئەوانە بەیاسا هێزی پارێزەرن”.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی پێیوایە كە بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەكان تەنها بۆ ناشیرین كردنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بووە، چونكە دەڵێ “ئایا سووتاندنی موڵكی گشتی  و تایبەت دەبێتە چارەسەر بۆ قەیرانی مووچە؟ ئایا سەرۆكایەتییەكانی هەرێم و پەرلەمان و حكوومەت و وەزارەتی دارایی  لەهەولێرن یان لە سلێمانین؟ ئەگەر لە هەولێرە، ئایا داواكاری چارەسەركردنی كێشەی مووچە و خزمەتگوزاریی لەلای یەكێتییە یان لەلای حكوومەتە؟”.

باڵانبۆ ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە “نە ئەوەی لەچەند رۆژی رابردووی خۆپیشاندانەكان كە لەلایەن هێزەكانی ئاساییش و پۆلیسەوە روویداوە ئاسایی بووە، نە ئەوەشی كە لەلایەن خۆپیشاندەرەكانەوە ئەنجامدراوە ئاسایی و یاسایی بووە ، وەك دەشوترێت بۆ هەموو كارێك كاردانەوە هەیە ، وەك بینیمان ئەفسەریان بەبەرد كوشتووە، كەواتە لەناو خۆپیشاندان جۆرە هاندانێك بەرەو تووندوتیژی هەبووە..”. دەشڵێ “ناكرێ بەهیچ شێویەك بەتەنها هێزەكانی ئاساییش و ناوخۆ تۆمەتبار بكرێن، هەمانكات ناكرێ بڵێین تەواوی خۆپیشاندەرانیش هەڵەن، بەڵكو تەنها ئەوانەی ویستیان لەرێگەی ئەو بەلاڕێدا بردنەی خۆپیشاندانەكانەوە یەكێتیی ناشیرین بكەن و لەلایەك دۆخەكەیان بەو ئاڵۆزی برد و لەلایەكی دیكەش رێگربوون لەوەی كە داوا رەواكانی خۆپیشاندەران وەك خۆی بە دەسەڵات نەگات”.

بەپێی ئەو سەرژمێرییەی كە ناوبراو باسی كرد قوربانیانی چەند رۆژەی خۆپیشاندانەكان بریتین لە گیان لەدەستدانی 10 كەس و برینداربوونی نزیكەی 60 كەس، بەڵام دەشڵێ “دیارە برینداربووەكانیش هەموویان بە فیشەك و گوللە نەبووە،  بەڵكو بەهۆكاری تری وەك بەربوونەوە كەوتن و شكاندنی شووشەو پەنجەرەكان بووەو، بریندارەكان هەمەجۆرن، بەڵام  سێ تا چوار كەس بە فیشەك بریندار بوونە”.

ناوبراو پێیوایە كە پەرلەمان وەك ئەركی خۆی، توانیویەتی چاودێری ئەو دۆخەی خۆپیشاندانەكان بكات بەڵام دەڵێ “كاری پەرلەمان نیە راستەخۆ بچێتە ناو كاروباری خۆپیشاندەران، بەڵكو ئەركی نوێنەرانی خۆپیشاندەرەكانە كە بێنە پەرلەمان و داواكانیان بگەیەننە دەسەڵات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com