بەرپرسێكی باڵای سەدریەكان: قۆناغێكی نوێ لەنێوان هەولێرو بەغدا دەستپێدەكات

0

(نوچەنێت)

سەرۆكی هاوپەیمانێتی سائیرونی سەدر لە دیالە رایگەیاند، کاتی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندی هەولێر و بەغدا هاتووە. 

بورهان مەعموری لە تویتێكدا بڵاویكردۆتەوە و دەڵێت “پاش ئەوەی هەرێم نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكات و داهاتە گومرگییەكان دەگێڕێتەوە بۆ دارایی بەغدا، ساتی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێیە لە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا”.

مەعموری وتوشیەتی، “جەخت لەدابینكردنی موچە دەكەینەوە لە باكوورەوە تا باشوری عێراق لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسا و دابەشكردنی داهاتی وڵات بەیەكسانی.” 

دوای ئەوەی کۆبوونەوەیەکی باڵا لەنێوان شاندی هەرێم و سەرۆک وەزیران و پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا، بەشێک لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا کۆبوونەوەکە بە ئەرێنی ناودەبەن و مژدەی ڕێککەوتنی سەرەتایی دەدەن، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک ئەنجامنەدراوە. 

دوێنێ شەممە  12ی کانونی یەکەمی 2020 ، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی وەفدی عێراقیان کرد و لە کۆبونەوەیان لەگەڵ وەفدی کوردی گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک کرا. 

لەدوای کۆبوونەوەکە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێڕاق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی  بڵاوکردوە، كە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی کە مانگی پێشوو پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە، کراوە. 

هاوکات چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوەیەکەیان بە ئەرێنی ناوبرد و پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕایگەیاند، هەردوولا بەشێوەی سەرەتایی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. 

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، “هەرێم و بەغدا بەشێوەی سەرەتایی گەیشتونەتە ڕێككەوتن كە یاسای قەرز جێبەجێ بكرێت، ئه‌وه‌ش به‌ ڕادەستكردنی نەوت و داهاتی خاڵە سنووریەكان ده‌بێت، لە بەرامبەردا شایستە داراییەكانیان بۆ هەرێم ڕەوانە دەكرێت”. 

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەشی وتووە، “پرۆژە یاسای بودجەی 2021 و پشكی هەرێم لە پرۆژەكە پێشنیاز و ڕاگۆرینەوە لەنێوان هەیە و هەردوولا لە هەوڵی دانانی میكانیزمێكی گونجاندان، كه‌ یاساكه‌ ووردەكاری تێدایە و دەبێت وەفدی هونەری هەردوولا دانوستان بكەن لەبارەی ئالیەتی ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم و داهاتی خاڵە سنورییەكان و دیاریكردنی میكانیزمێك كە ڕەزامەندی هەردوولای لەسەر بێت” 

لایخۆشییەوە هوشیارعەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە میانەی بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی “کۆبوونەوەی نێوان لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و شاندی حکومەتی هەرێم، بە سەرپەرشتیی کازمی و حەلبوسی ئەرێنی بووە و حکومەتی هەرێم ئامادەیی نیشانداوە پابەند بێت بە یاسای پرکردنەوەی کورتهێنانی دارایی، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق شایستە داراییەکانیی مانگەکانی کۆتایی ساڵی 2020 بنێرێت.” 

لەلایەکی دیکەوە، لە میانەی دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا، د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێڕاق کۆتایی هات و هیچ بڕیارێک نەدرا و ڕێککەوتن نەکراوە.” 

 وتیشی، ” تائێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان هەرێم و بەغدا نەکراوە و گفتوگۆکان بەردەوامن و ئەو بابەتە گفتوگۆیەکی زیاتری دەوێت. هەرێم ئامادەیی نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لەسەریەتی وچاوەڕێ دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێککەوتن بکرێت و ڕابگەیەنرێت” . 

لەلایەكی دیكەش ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی حیزبەکەی جه‌ختیكرده‌وه‌، ” حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی بودجه‌ی ساڵی 2021 پابه‌ندبوونی خۆی به‌ حكومه‌تی عێراق راگه‌یاندووه‌، به‌وه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر دابینكردنی ته‌واوی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌، حكومه‌تی هه‌رێم داهاتی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ و نیوه‌ی داهاتی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵ ده‌كات”. 

ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندی حكومه‌‌تی ھه‌‌رێم به‌‌سه‌‌رۆكایه‌‌تی قوباد تاڵه‌‌بانی له‌‌به‌‌غدایه‌‌ بۆ دۆزینه‌‌وه‌‌ی چاره‌‌سه‌‌رێكی گونجاو بۆ پرسی دارایی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا وهەولێر، چەندین کۆبونەوەیان لەگەڵ حکومەتی بەغدا ئەنجامداوە. 

لە ‌كۆبوونە‌وە‌كانی پێشوودا، لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق و لایە‌نە‌ سیاسییە‌كان، قوباد تاڵە‌بانی ڕایگە‌یاند، “ئامادە‌ین رێككە‌وتن لە‌سە‌ر پرسی نە‌وت و دارایی بكە‌ین و ئە‌وە‌ی لە‌سە‌ر حكومە‌تی ھە‌رێمە‌ بە‌پێی یاسا و دە‌ستور جێبە‌جێی دە‌كە‌ین، لە‌بە‌رامبە‌ردا دە‌بێت ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم مسۆگەر بکرێن”.    

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com