بڕیارده‌ر لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان: هەرەشەی سەر گوندی بەلكانە وەستێنرا

0

 (نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

ئەندامێكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ئەو وادەیەی دانرابوو گوایە دانیشتوانی گوندی پەلكانە گوندەكەیان چۆڵ بكەن و لەشوێنیاندا عەرەبی هاوردەی لێ نیشتەجێ بكرێ، راگیراوەو ئەو هەوڵە وەستێنراوە، ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەوانیش وەك نوێنەرانی كورد لە بەغدا هاوهەڵوێستن لەبەرانبەر ئەو كێشەیەی لە گوندی پەلكانە هەیە و داواش دەكات كە بەهیچ شێوەیەك حكوومەت و سووپای عێراقی نەبێنە لایەن و بەشێكی ئەو كێشەشە.

عبدالناصر عەلی كاكه‌ولا بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم لە پەرلەمانی كوردستان بە (نوچەنێت)ی راگەیاند ” بەهەوڵ و كۆششی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا ئەو كێشەو هەرەشەی سەر گوندی بەلكانە راگیراوە، داواكراوە كە سووپای عێراقی بەهیچ شێوەیەك بەشدار نەبێ لەو كارە كە عەرەبە هاوردەكان دەیانەوێ‌ دەست بەسەر مال و موڵكی كورد لە پەلكانە دا بگرن، بۆیە ئێمەش وەك نوێنەرانی كورد لەبەغدا هەمان هەڵوێستمان هەیە و نابێ سووپای عێراقی یان حكوومەتی عێراقی ببێتە لایەن یان بەشێكی ئەو كێشەیە”.

ئەمڕۆ دوا وادەی ئەو بڕیارەیە كە پێشتر سەعد حەربییە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بە دانیشتووانی گوندی پەلکانەی دابوو كە گوندەکەیان بۆ عەرەبی هاوردە چۆڵ بکەن. بەڵام نوێنەرانی كورد لە بەغدا و بەتایبەتیش جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوون پێکهێنا. لیژنەکە ئەمڕۆ دووشەممە 2020/12/14 سەردانی کەرکووک دەکات و بەشیر حەدادیش هۆشداریی داوەتە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بۆ ئەوەی سوپا نزیکی پەلکانە نەبێتەوە.

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەگەر حكوومەتەكانی عێراق دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ، لەتەعریبكردن بەردەوام دەبن و دەشڵێ “هەمیشە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق هەوڵی ئەوەیان داوە تەعریب بەردەوام بێت، هەموو ئەو ناوچە كوردیانەی كە كوردی تیایە، ئاوارەو دەربەدەریان بكەن و خاكی كوردستان داگیر بكەن”.

لەبارەی گوندی پەلكانەشەوە دەڵێ “گوندی پەلكانە یەكێكە لەو گوندانەی لەو ساڵی 2003 وە دانیشتوانە كوردەكەی گەڕانەوە شوێنی باب و باپیریان  و تا ئێستاش لەوێن كە زیاتر لە 75 ماڵن، ئێستاش كە عەرەبە هاوردەكان هەوڵی ئەوە ئەدەن لە شوێنی ئەو كوردانە كە خاوەن ماڵن لە پەلكانە نیشتەجێ بكرێن، ئەوە جێگەی قەبوڵ كردن نیە..”.

ناوبراو ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە “ئێمە وەك پەرلەمانتارانی كوردستان و عێراق دەبێ هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی بێنینە دەنگ و ئەو هەوڵانە بەیەكجاری بوەستیًنرێن، چونكە زەمەنی تەعریب كردن بەسەر چووە”.

لایخۆشییەوە د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە میدیاكانی عێراقی راگەیاندبوو كە چوونەناوەوەی هێز و پۆلیس و ئۆپەراسیۆنەکان بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵ نییە. بۆیە دەڵێ “ئێمە پێشتریش ئەوەمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراقیشدا یەکلایی کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە بە دەستتێوەردانی سەربازی و پۆلیسی فیدراڵی نادرێت. ئەوە بابەتێکی یاساییە و پێویستە بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری چارسەر بکرێت.”

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە لە 16 ئۆکتۆبەری 2017وە چەند جارێک گرژی لەنێوان کوردی دانیشتووی ناوچەکە و عەرەبە هاوردەکان روویداوەو ناکۆکییەکان لەسەر خاوەندارێتیی زەویی ئەو ناوچانە گەیشتووەتە لێواری شەڕ. پەرلەمانتارانیش ئەوە وەکو بەعەرەبکردنێکی نوێ ناودەبەن.

هەڕەشەکەی سەعد حەربییە کاردانەوەی تووندی بەدوادا هات. ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، دوای هاتنە سەر هێڵی سەرکردایەتیی سیاسی هەرێمی کوردستان و هەوڵ و کۆششەکانی هەموو لایەک و گوشارکردن لە بەغدا، شەوی رابردوو سەعد حەربییە، فەرماندەی بارەگای پێشکەوتووی فەرماندەیی ئۆپەرسیۆنە هاوبەشەکان لە کەرکووک پێی راگەیاندووە، رۆژی دووشەممە سوپای عێراق لە گوندی پەلکانە هیچ جموجووڵێک ناکات.

 گوندی پەلکانە لە 75 ماڵ پێکهاتبوو، بەهۆی ململانێ و هەڕەشەی عەرەبی هاوردە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە ئێستا تەنیا نزیکەی 50 ماڵ لە گوندەکەی ناحیەی سەرگەڕان ماون.

جیا لە پەلکانە، عەرەبە هاوردەکان کێشە بۆ دانیشتووانی کوردی ناوچەکانی سەربەشاخ، گابەرەکە و شەناغە و چەندین ناوچەی دیکەی کەرکووک دروست دەکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com