(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
دوای ئەوەی ماوەی دووهەفتەیە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی عێراق، لەبەغدان، ئەمڕۆ ئەم شاندە بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرەكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گەڕایەوە هەولێر و پەرلەمانتارێكی كوردیش لە بەغدا ، ئەوە دووپات دەكاتەوە كە گەڕانەوەی ئەو شاندە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە چاوەڕوانی وەڵامەكانی حكومەتی عێراقی دەكەن بۆ چەند پرسێكی تایبەت بە دانوساندنەكان و دەشڵێ “شاندی هەرێم راشكاوانە هەموو بابەتێكیان لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی باس كردووە وهیچ پێچوپەنایەك لە دانووساندنەكاندا نیە”.
د. ڤیان سەبری سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “نەخێر ئەوە نیە كە بڵێن شاندی هەرێم بەبێ رێككەوتن گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان، چونكە دوێنی كە شاندی هەرێم هاتنە پەرلەمان هەموو بەڵگەكانی گفتوگۆكردن و دانوساندنەكانیان تەسلیم بە حكوومەتی ناوەندی كردووە، لەبارەی داهاتەكانی نەوت و داهاتەكانی تریش”.
ناوبراو دەشڵێ “هەر دوێنێش لە كۆبوونەوەكە لەبەرانبەر ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران شاندی هەرێم هەموو شتەكانی بەروونی باسكردووە، لەوانەش بۆنموونە كۆمپانیای (سۆمۆ) چەند نەوت داوا دەكات ، بێگومان بۆ ئەوەش پێویستە (سۆمۆ) وەڵامی هەبێ، دواتر وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراقیش دەڵێت بۆ نموونە داهاتەكانی تر جگە لە داهاتە نەوتییەكان لە هەرێم ئەوەندەیە، شاندی هەرێمیش بۆ ئەم مەبەستە ژمارەی حۆی بۆ ئەو داهاتانە داوەتە وەزارەتی دارایی و پێویستە بۆ ئەمەش وەزارەتی دارایی وەڵامی خۆی هەبێ، دواتر هەر لە كۆبوونەوەكەی دوێنێدا راپۆرتێكی كۆمپانیای (دایلۆت)یش خوێندرایەوە، كە ئەو كۆمپانیایە چاودێری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات و مانگانە راپۆرتی خۆی بڵاودەكاتەوە، دیارە ئەویش ژمارەی خۆی بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم هەیە”.
ڤیان سەبری ئەوەی دووپات كردەوە كە “لەئێستا شاندنی هەرێم چاوەڕێی وەڵامەكانی حكوومەتی ناوەندییە و رەنگە وەڵامدانەوەی حكوومەتیش چەند رۆژێكی پێبچێت بۆیە ئەو شاندەی هەرێم لە ئێستادا گەڕاوەنەتەوە هەرێمی كوردستان، دەنا دانوساندنەكان بەردەوامن و بە بنبەست نەگەیشتوون و هەولێر چاوەڕوانی وەڵامی بەغدا دەكات بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی دانوساندن و گەیشتنە رێككەوتن بچنە پێشەوە”.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو 2020/12/09 شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی چوونە بەغدا و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لەبارەی یاسای قەرز و پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای گشتیی بودجەی 2021 سازدا.
دوای هەموو ئەو کۆبوونەوانە رۆژی چوارشەممە 16-12-2020 قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی عێراقی کرد و لەگەڵ محەممەد حەلبووسی کۆبووەوە. حەلبووسی گوتوویەتی پەرلەمان پاڵپشتی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات.