شوان شەفیق : کلیلی دەرگا داخراوەکەت
رەنگە ئێستا لەخەوێکی قووڵدابیت
منیش بێدار دانیشتووم تەماشای ئاسمان دەکەم.!
رەنگە ئێستا سەر قاڵی خۆشەویستی بیت
منیش بە بژاردنی ئەستێرەکانەوە خۆم سەرقاڵ دەکەم.!
لەم شەوەدا وشەکانم هاتوون خزمەتت بکەن.!
تۆش دەرگاکەت داخستووە،
با رات نەچڵەکێنن.!
لە سوچی پەنجەرەکەتەوە دێنە ژوور،
لە شوێن کلیلی دەرگا داخراوەکەتەوە،
لە گەڵ هەوا دەیان نێرم باوەشت بکەن.!
دەیان نێرم با تێر بۆنت بکەن.!
ئاخر ڕێگاکان سەختە خۆم بێمە لات.!
رەنگە گەر بەرەنگاری ژیانیشم ببمەوە نەتوانم بێم،
نامەوێت خەونەکانت تێک بدەم.؟
بە هەر حاڵ ئەوا هاتن.
لە بری بالیفەکەت داد دەپۆشن،
دەکەونە سەماکردن لەسەر پەنجەکانت.!
لێوت ماچ دەکەن،
دێن ئاگادار بە،
پرسیان نەکرد بێ ئۆقرەبوون.!
ئاخر ڕۆحم خۆشی دەوێت دلم نا.!
رەنگە سەیربێت لات.!!
ئازیز ڕا مەمێنە دڵ دەگۆرێت
بەڵام ڕۆح پەیوەستە پێتەوە.
بەدەست من نەبوو
ئەم وشانە لە سکدا بوون
بە حەوت مانگی لەدایک بوون.!
ئای ئازیز تۆ هەر خەوتووی.!!
منیش وشەکانم حەز دەکەن ئاوێزانت بن
ئاخر ئەوان شەرم ناکەن وەکو من نین.!
ڕەنگە هیچ کات نەتوانن ختووکەت بەن
بەڵام توخوا گەر لە خەو هەستایت
وریابە پێیان پێدا نەنێت.!
ئاخر بەشێکن لە ڕۆحم
گیانم پێ بەخشیوون
ناچارم چی بکەم ؟
بەیانی باشت لێ بکەم
ئەم سۆزە کاڵانە وەسیەتی منن
لەگەڵ خۆت بیان ژێینە.!
وەک ئەوەی نەت توانی بۆ من بژیت.