سلێمان هه‌ڵشۆیى “سامكۆ”ى كورد!

0

شاره‌زاییه‌كى ئاسایش: ئه‌و دۆسیانه‌ ئه‌ركى ئاسایشن ده‌بووایه‌ پێشتر رێگریى لێبكرێت


ئاسایشى راپه‌ڕین: ئێمه‌ چاودێریى ئه‌و دۆسیانه‌ ده‌كه‌ین به‌ڵام هه‌ست به‌وه‌ نه‌كراوه‌ ئه‌و پیاوه‌ قۆڵبڕیى ده‌كات

شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

له‌سه‌ر دۆسیه‌ى سلێمان هه‌ڵشۆیى شاره‌زاییه‌كى كاروبارى ئاسایش ده‌ڵێ، “ئه‌م جۆره‌ دۆسیانه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ بوونیان هه‌یه‌ و ئه‌ركى ئاسایشه‌ پێشتر رێگریی له‌و دۆسیانه‌ بكات، چونكه‌ بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ ئاسایشى ئابوورییه‌وه‌ هه‌یه‌”.

چه‌ند رۆژێكه‌ دۆسیه‌ى سلێمان هه‌ڵشۆیى بووه‌ته‌ باسى راگه‌یاندن و سۆشیال میدیا. به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، به‌ بێ به‌ڵگه‌ى یاسایى سه‌دان كه‌س پاره‌یان به‌و پیاوه‌ داوه‌، ئه‌مه‌یش له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ كێشه‌یان بۆ دروست ده‌كات.

شاره‌زاییه‌كیش له‌ كاروبارى ئابوورى بۆ”نوچه‌نێت” باس له‌وه‌ ده‌كات، “ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئاسایشى ئابوورییه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌بێت ئاسایش به‌ر له‌ ده‌ركه‌وتن رێگرییان لێ بكات”

شاره‌زایه‌ك له‌ بوارى ئاسایش كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكرێت، به‌هۆى ئه‌وه‌ى پێشتر به‌رپرسیارێتى هه‌بووه‌، سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ى “سلێمان هه‌ڵشۆیى” باسى له‌وه‌ كرد ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌ رووداوى ئه‌وها له‌ كوردستان رووبدات، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌ راگه‌یاندن و سۆشیال میدیا بایه‌خێكى زۆرترى پێدراوه‌.

ئه‌و شاره‌زایه‌ باسى له‌وه‌ كرد، له‌ بنه‌ڕه‌تدا نه‌ده‌بوو ئه‌و دیارده‌یه‌ رووبدات چونكه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى فه‌رمى هه‌یه‌ ده‌بێت چاودێرى ئه‌و بوارانه‌ بكات، ئه‌ویش هۆبه‌ى ئابوورى ئاسایشه‌، كه‌ به‌ گوته‌ى ئه‌و “له‌ زۆربه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى ئاسایش هه‌یه‌”.

ئه‌و شاره‌زایه‌ گوتى، “بابه‌ته‌كه‌ ده‌چێته‌ بوارى ئاسایشى ئابوورییه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ دۆسیانه‌ ئه‌گه‌رێكن بۆ دروستبوونى ناسه‌قامگیرى وهه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ ده‌یان و سه‌دان خێزان، بۆیه‌ ده‌بووایه‌ زووتر ئاسایش چاودێرى ئه‌و بابه‌ته‌ بكات، هه‌روه‌ها زۆرجار چه‌ندان لێكه‌وتى خراپى ده‌بێت وه‌ك شه‌ڕكردن و ته‌قه‌كردن و كوشتن و كێشه‌ى تر”.

ئه‌و شاره‌زایه‌ زیاتر مه‌به‌سته‌كانى روونكرده‌وه‌ و گوتى، “پیاوێك بێ هیچ گره‌نتییه‌ك به‌ به‌رچاوى ده‌زگاكانى حكوومه‌ت پاره‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرێت و هیچ شێوازێكى كه‌سابه‌ت و مامه‌ڵه‌كه‌ى دیار نییه‌، ئه‌مه‌ چۆن ده‌كرێت بێده‌نگى لێ بكرێت. جیا له‌وه‌ ئه‌و پیاوه‌ گوایه‌ پێشمه‌رگه‌ بووه‌، پێشمه‌رگه‌ مووچه‌كه‌ى ناگات به‌ 600 هه‌زار دینار، كاتێك پێشمه‌رگه‌یه‌ك خاوه‌نى ملیۆنان دۆلاره‌، چۆن ده‌كرێت هه‌واڵگرى پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش لێى نه‌پرسن ئه‌مه‌ت له‌كوێ هێناوه‌؟”

له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ “نوچه‌نێت” په‌یوه‌ندى به‌ ئاسایشى راپه‌ڕین كرد، عه‌قید محەمەد فازڵ بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندیەكان لە بەرێوبەرایەتی ئاسایشی راپەرین، سەبارەت بە دۆسیەی سلێمان هەڵشۆیی قسه‌ى بۆ نوچه‌نێت كرد و گوتى، “ئەو پیاوەی كە تۆمەتبارە بە قۆڵبرینی خەڵك بە ناوی سلێمان هەڵشۆیی ئێمە لە قەڵادزێ دەستگیرمان كرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی دۆسیەكەی تایبەتمەندی پۆلیسە گوێزرایەوە بۆ بەرێوه‌بەڕایەتی پۆلیسی راپەرین”.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى ئاسایش ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد ئه‌وان به‌دواداچوون بۆ ئه‌و جۆره‌ كه‌یسانه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا سكاڵا نه‌بێت هیچ شتێك ناكه‌ن. عەقید محەمەد گوتی”خەڵك هەیە مامەڵە دەكات و هەست بەوە نەكراوە كە ئەو پیاوە پارە لە خەڵك وەردەگرێت و قۆڵبڕیی دەكات، تا ئەو كاتەی مایەپووچی خۆی راگەیانددوە وخەڵك سكاڵایان لەسەر كردووه‌، ئێمە لێكۆڵینەوە دەكەین بەڵام زانینی ئەو شتانە بە پێی سكاڵا بە دواداچوونی بۆ دەكەین، تا مایەپووچی ئەو پیاوە رانەگەینرا كەس سكاڵای لەسەری نەبووه‌”.

له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئایا له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ كه‌یسانه‌ ئاسایش چاوه‌ڕوانى سكاڵا ده‌كات؟ شاره‌زاكه‌ى كاروبارى ئاسایش به‌ “نوچه‌نێت”ى گوت، “ئه‌گه‌ر سكاڵا تۆمار بكرێت ئه‌وا دۆسیه‌كه‌ ده‌بێته‌ ئه‌ركى پۆلیس، به‌ڵام ئاسایش نابێت چاوه‌ڕوانى سكاڵاى خه‌ڵك بكات، بۆ نموونه‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كارێكى تێكده‌رانه‌ ئاسایش چاوه‌ڕێى زانیارى له‌ هاووڵاتییان ده‌كات تا ئاگادارى بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوانى تۆماركردنى سكاڵاییه‌ك ناكات. ئه‌م جۆره‌ دۆسیه‌ ئابوورییانه‌یش وه‌ك ته‌قینه‌وه‌یه‌ك مه‌ترسیدارن، چونكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌دان خێزان و كه‌س ده‌كه‌ن”.

ئه‌و شاره‌زایه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، كاتێك یه‌كێك له‌ناو كۆمه‌ڵگا له‌ پڕێك دروست ده‌بێت و به‌ لێشاو خه‌ڵكى به‌ دوا ده‌ڕوات، ئایا ئه‌مه‌ ئه‌ركى ئاسایش و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان نییه‌ بپرسن “ئه‌و پاره‌یه‌ له‌كوێ هاتووه‌؟ چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ ساخته‌كردنى پاره‌ بێت، یان بازرگانى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان بێت، یان دزیكردن و تاڵانكردن بێت كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ تاوانن”.

سامكۆى عێراق و سڵێمانى كورد!

ئه‌و شاره‌زایه‌ ده‌ڵێ، “ئه‌و جۆره‌ تاوانانه‌ له‌ دوو حاڵه‌ت روو ده‌ده‌ن، یه‌كیان خه‌ڵك پاره‌ى زۆر بێت و به‌دواى قازانجى ئاسان بگه‌ڕێت، دووه‌میش خه‌ڵك بێئومێد بێت و ئیشوكار نه‌بێت بۆیه‌ ئه‌و كاته‌ بڕێك پاره‌ په‌یدان ده‌كه‌ن و به‌ یه‌كێكى ده‌ده‌ن تا قازانجیان پێ بدات”.

دووپاتیشى كرده‌وه‌ له‌ هه‌ر دوو حاڵه‌ت حه‌زكردن به‌ قازانجى زۆر، ساویلكه‌یى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا هۆكار ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگا دروست بن.

ئه‌و شاره‌زایه‌ نموونه‌یه‌كى مێژوویى هێنایه‌وه‌ كه‌ له‌عێراق روویداوه‌ كه‌سێك له‌ نۆهه‌ده‌كان له‌ به‌غدا هه‌بوو ناوى سامى بووه‌ و گوایه‌ كۆمپانیایه‌كى وه‌همى داناوه‌ به ‌ناوى”سامكۆ” ناسراوه‌، ئه‌و كاته‌یش خه‌ڵك نائومێد بووه‌ و له‌ژێر ئابڵۆقه‌ى ئابوورى بووه‌، بۆیه‌ سه‌دان خێزان به‌ مه‌به‌ستى قازانج پاره‌یان پێدابوو، به‌ڵام ده‌رچوو كابرا “ته‌ڵه‌كه‌باز” بوو.

ئه‌و پیاوه‌ ئه‌و كاته‌ دۆسیه‌كه‌ى ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كى هه‌بووه‌ و دواجار له‌ عێراق له‌ 2014 دراماى له‌سه‌ر كراوه‌. شاره‌زایه‌كه‌ ده‌ڵێ، “ئه‌و كات سه‌دان خێزان به‌هۆى سامكۆ تووشى كێشه‌ و ده‌رده‌سه‌رى بوون”

ئاسۆ هاشم پارێزەر و راوێژكارى یاسایى لەبارەی دۆسیەكەی هەڵشۆیەوە بە نوچەنێتی گوت “هەموو تاوانێك دوو رەگەزی هەیە رەگەزی یەكەم پێی دەڵێن رەگەزی مەدەنی كەسێك پارەی لای كەسێكە لە دادگا داوای دەكاتەوە، بەڵام بە بەڵگەنامەیەكی فەرمی یان كۆنووسێكی بەینی خۆیان ، ئه‌گەر هیچ لەو بەڵگانەنەبوو ناتوانن لە دادگا ئیسپاتی بكەن. بۆیە كە هیچ لەو بەڵگانە نەبێت لای خەڵكە ناتوانن لە دادگای مەدەنی ئیسپاتی بكەن .خاڵی دووەم سلێمان هەڵشۆیی بەمادە 456 دەستگیركراوە كە فرتوفێڵە بەڵام پێموایە هەڵشۆیی فێڵی لەوانە نەكردووە چونكە بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدانە خەڵكەكە خۆیان بە ئارەزوی خۆیان پارەیان داوەتێ”‌

ئاسۆ هاشم پێیوایه‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێكى كه‌سییه‌ و بۆیه‌ به‌ گوته‌ى ئه‌و “په‌یوه‌ندى به‌ ئاسایشى ئابوورى نییه‌” سه‌باره‌ت به‌وه‌یش ئایا چ یاساییه‌ك هه‌یه‌ له‌ كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و تاوانانه‌ بكاتك ه‌ ده‌كه‌ونه‌ بوارى ئاسایشى ئابوورییه‌وه‌؟ ئاسۆ هاشم گوتى، “زانیارییم له‌و بواره‌ نییه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ دوایین زانیاری له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ پۆلیسى راپه‌ڕین به‌ نوچه‌نیتى راگه‌یاند ئه‌وان له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ به‌رده‌وامن، شۆرش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین سەبارەت بە گواستنەوەی سلێمان هەڵشۆیی تۆمەتبار بە قۆڵبرینی خەڵك ، بەنوچەنێتی راگەیاند، “لە ئاسایش دەستگیركرابوو بەڵام بە بریاڕی دادگا گوێزرایەوە بۆ بەرێوبەڕایەتی پۆلیسی راپەرین ، ئێستا لێكۆڵینەوەی وردی لەگەڵ دەكرێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com