نوچه‌نێت
ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره له راپۆرتێكدا باس له‌و سیناریۆیانه ده‌كات، كه بۆ دۆسیه‌ى عێراق له به‌رده‌م جۆ بایدنى سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریكادایه.
جۆ بایدن ئه‌م مانگه به فه‌رمى وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌مریكا ده‌ست به‌كار ده‌بێت. له ماوه‌ى رابردوودا چه‌ندان جار سه‌نته‌ره‌كانى توێژینه‌وه و ئاژانسه به‌ناوبانگه‌كان باسیان له چۆنیه‌تى سیاسه‌تى داهاتووى جۆ بایدن كردووه له عێراق.
ئه‌مڕۆیش ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره راپۆرتێكى درێژى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا باس له چه‌ند سیناریۆیه‌ك ده‌كات كه له‌به‌رده‌م بایدن دان.
یه‌كێك له‌و سیناریۆیانه به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى گرژییه‌كانه له عێراق، ئه‌مه ئه‌گه‌رهاتوو بایدن له‌سه‌ر سیاسه‌تى تره‌مپ رۆیشت، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌مه به دوور ده‌زانرێت.
سیناریۆیه‌كى تر ئه‌وه‌یه ئه‌مریكا و ئێران ده‌ست به گفتوگۆ بكه‌نه‌وه له‌سه‌ر دۆسیه‌ى ئه‌تۆمى، له‌و كاته‌دا ئێران پابه‌ند ده‌بێت به پاراستنى ئاشته‌وایى.
سیناریۆى سێیه‌م كشانه‌وه‌ى ته‌واوى ئه‌مریكایه له عێراق، زۆرێك له شاره‌زایان و بڕیار به‌ده‌سته‌كانى عێراق بۆ ئێستا ئه‌مه به‌دوور ده‌زانن.
هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه بۆئه‌وه‌ى بایدن كامه سیناریۆ جێبه‌جێ ده‌كات، بۆیه ئه‌و سیناریۆیانه به كاراوهیى ده‌مێننه‌وه.
به پێچه‌وانه‌ى ئه‌م بۆچوونانه‌ى سه‌ره‌وه پێشتر پێشبینى ئه‌وه كراوه، له ساڵى یه‌كه‌مى ده‌سه‌ڵاتى بایدن هیچ بایه‌خێك به دۆسیه‌ى عێراق نه‌درێت و سه‌رۆكى نوێى ئه‌مریكا خه‌ریكى هه‌ندێك دۆسیه‌ى تر بێت.
بایدن یه‌كێكه له‌و سه‌رۆكانه‌ى كه زۆرترین شاره‌زایى له عێراق هه‌یه و پێشتر كه جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكا بووه زیاتر له 20 جار سه‌ردانى عێراقى كردووه.