نوچه‌نێت
دواى ئه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى سیاسى ره‌خنه‌یان له سیسته‌مى سیاسى عێراق گرت، هاوپه‌یمانى فه‌تح وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه و ده‌ڵێ “نه‌مانى ئه‌و سیسته‌مه ئاژاواه‌ى به‌دوا دێت”.
به بۆنه‌ى سه‌رى ساڵى تازه، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه و تێیدا ره‌خنه‌ى له سیسته‌مى سیاسى عیراق گرت و ئاماژه‌ى بۆئه‌وه كرد ئه‌و سیسته‌مه هۆكاره له كێشه‌كانى عێراق.
دواتریش چه‌ندان به‌رپرسى تر‌ى عێراق باسیان له‌وه كرد ئه‌و سیسته‌مه‌ى له عێراق هه‌یه به‌ره‌و داڕووخان ده‌چێت، یه‌كێك له‌وانه ئه‌سیل نوجه‌یفى سه‌ركرده‌ى سوننه بوو كه دوێنێ گوتى ئه‌گه‌ر بارودۆخى سیاسى به‌م شێوه‌یه بمێنێته‌وه ئه‌وا ته‌واوى سیسته‌مى ده‌سه‌ڵاتى عێراق به‌ره‌و داڕووخان ده‌چێت.
ئه‌مڕۆ ئه‌یوب ره‌بیعى په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانى فه‌تح وه‌ڵامى ئه‌و بۆچوونانه ده‌داته‌وه و ده‌ڵێ، “شوێنگره‌وه‌ى ئه‌و سیسته‌مه ئاژاوه‌یه”.
ئه‌یوب ره‌بیعى له لێدوانه‌كه‌ى كه له ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌ڵێ، “به‌م دواییه زۆر باس له رووخانى سیسته‌مى ده‌سه‌ڵاتى عێراق ده‌كرێت و ئه‌مه‌یش مه‌به‌ستداره و لێكدانه‌وه‌ى لۆژیكى نییه”.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى فه‌تح به دوورى ده‌زانێ سیسته‌مه‌كه به‌ره‌و رووخان بچێت و دووپاتى ده‌كاته‌وه كه كۆمه‌ڵێك قه‌یران له عێراق هه‌یه و ده‌توانرێت له رێى هه‌ڵبژاردنه‌وه گۆڕانكاریى له ده‌سه‌ڵات بكرێت.