سیهام میران، تایبه‌ت به نوچه‌نێت
وێراى ئه‌وه‌ى كۆرۆنا په‌تایه‌كى جیهانییه و به ملیۆنان كه‌سى كردووه‌ته قوربانى خۆى، كه‌چى ژنانى هه‌ولێر ئه‌و ناویان له جۆره كوتاڵێك ناوه و ئێستا له بازاڕه‌كاندا زۆرترین خواستى له‌سه‌ره.
رێك ساڵێك به‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنى ڤایرۆسى كۆرۆنا تێده‌په‌ڕێت كه له شارى وهانى چین بوو، كه دواتر زۆربه خێرایى بوو به په‌تایه‌كى جیهانى. ئێمه لێره‌دا باس له مێژووى ئه‌و په‌تایه ناكه‌ین كه قوربانییه‌كى زۆرى به مرۆڤایه‌تى داوه.
به‌ڵكو باس له‌و مۆدێله قوماشه ده‌كه‌ین كه ئێستا له لایه‌ن ژنانى هه‌ولێر بووه‌ته “مۆدێل” به “كۆرۆنا” ناسراوه.
سه‌میره عه‌لى ئافره‌تێك بوو كه له بازاڕى ته‌یراوه‌ى شارى هه‌ولێر خه‌ریكى سه‌یركردنى قوماش بوو، بۆئه‌وه‌ى جۆرێكیان ده‌ستنیشان بكات. كاتێك پرسیارى قوماشى كۆرۆنا له سه‌میره ده‌كه‌یت، یه‌كسه‌ر وه‌ڵامت ده‌داته‌وه ده‌ڵێ، “به‌ڵى ئه‌م جۆره قوماشه هه‌یه”.
سه‌میره به پێكه‌نینه‌وه باس له‌وه ده‌كات داهێنانى ناو بۆ قوماش له‌لایه‌ن ژنانه‌وه شتێكى نوێ نییه، له ساڵانى رابردوویش چه‌ندان ناو هه‌بووه، سه‌میره ده‌ڵێ، “ته‌نانه‌ت ناوى تره‌مپ و ئۆباما و پوتین و كه‌ڵه‌باب له قوماش نراوه”.
وه‌ك بازرگان و دوكانداره‌كان باسى ده‌كه‌ن، ناولێنانى “كۆرۆنا” هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به جۆر و نه‌خشى قوماشه‌كه نییه، ئه‌و قومایشه كه ئێستا به‌و ناوه بووه‌ته مۆدیل پێشتر له بازاڕ هه‌بووه و هاورده‌كردنى بۆ سه‌ره‌تاى ساڵى 2020 ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئاواره ئه‌حمه‌د ئه‌مین كوتاڵفرۆش له بازاڕى ته‌یراوه، له‌سه‌ر ئه‌و جۆره قوماشه به “نوچه‌نێت”ى گوت، “قوماشى كۆرۆنا، له‌سه‌ره‌تاى مانگى سێى 2020 بۆ كوردستان هاورده ده‌كرێت، هه‌ر له‌و كاته‌وه تا ئێستا به‌رده‌وام خواستى له‌سه‌ر هه‌بووه”.
ئه‌و كوتاڵفرۆشه باسى له‌وه‌یش كرد، ئه‌و قوماشه له كۆریا وچینه‌وه هاورده ده‌كرێن.
ئه‌حمه‌د سابیر كوتاڵفرۆشێكى تر له بازاڕى ته‌یراوه، ئه‌و له‌سه‌ر قوماشى كۆرۆنا بۆ “نوچه‌نێت” دوا و گوتى، “ماوه‌یه‌كی زۆره ئه‌و جۆره كوتاڵه له دوكانه‌كه‌م هه‌یه و كڕیارێكی باشیشی هه‌یه. له ئێستاشدا قوماشی كۆرۆنا به زیاتر له 21 ره‌نگى هه‌یه”.
ئه‌و دوكانداره نكۆڵى له‌وه نه‌كرد كه گونجاوى نرخى قوماشه‌كه و بوونى ره‌نگێكى زۆرى هۆكاره له‌وه‌ى ببێته مۆدێل و خواستى له‌سه‌ر بێت. سه‌باره‌ت به نرخه‌كه‌ى گوتى، “نرخى مه‌ترێك قوماشى كۆرۆنا 10 هه‌زار دیناره”.
دلێر ئه‌حمه‌د كه پیاوێكى ته‌مه‌نى 40 ساڵه‌یه سه‌باره‌ت به دانانى ناوى كۆرۆنا بۆ قوماش قسه‌ى بۆ نوچه‌نێت كرد و به پێكه‌نینه‌وه گوتى، “خه‌ڵك له هیندستان ناوى له منداڵ ناوه كۆڤید و كۆرۆنا، بۆ قوماش هه‌ر ده‌بێ ئاسایى بێت”.