نوچه‌نێت
جومعه عیناد وه‌زیرى به‌رگرى عێراق له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى هۆشداريى له شه‌ڕى ناوخۆى عێراق ده‌دات و ده‌ڵێ، “ئه‌گه‌ر سنوورێك بۆ به‌ئامانجگرتنى شانده دیپلۆماسییه‌كان دانه‌نرێت ئه‌وا عێراق به‌ره‌و شه‌ڕى ناوخۆ ده‌چێت”.
ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى لێدوانه‌كه‌ى وه‌زیرى به‌رگرى عێراقى بڵاوكردووه‌ته‌وه كه ده‌ڵێ، “به‌ئامانجگرتنى شانده دیپلۆماسییه‌كان وڵات به‌ره‌و شه‌ڕى ناوخۆ ده‌بات و هاووڵاتیان ده‌بنه قوربانى”
داوایش له سه‌ركرده سیاسییه‌كان ده‌كات به‌رژوه‌ندى وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌رووى هه‌موو به‌رژوه‌ندییه‌كانى تر دابنێن.
لهبهشێكى تر‌ى قسه‌كانى وه‌زیرى به‌رگرى عێراق دووپاتى ده‌كاته‌وه، كه عێراق كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى له‌به‌رده‌مه وه‌ك پاشماوه‌ى رێكخراوى تیرۆریستى داعش، كه‌موكوڕى مه‌شق، لاوازى هه‌واڵگریى. بۆیه ئه‌م هۆكارانه وا ده‌كات عێراق پێویستى به هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى بێت.
دواى لێدوانه‌كه‌ى وه‌زیرى به‌رگرى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى له په‌رله‌مانى عێراق ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامى داوه‌ته‌وه و لێدوانه‌كه‌ى وه‌زیرى به‌رگرى به وروژاندن و زێده‌ڕۆیى وه‌سف ده‌كات.