نوچه‌نێت
بڕیاره ئه‌مڕۆ مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا چه‌ند زانیارییه‌كى نهێنى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى نێوان ئێران و رێكخراوى تیرۆریستى قاعیده ئاشكرا ده‌كات.
ئاژانسى رۆیته‌رز له دوو سه‌رچاوه‌ى ئه‌مریكى ئاشكراى كردووه، ئه‌مرۆ سێشه‌م مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌به‌رده‌م یانه‌ى رۆژنامه‌وانى نیشتمانى ئه‌مریكى وتارێك ده‌دات و هه‌ندێك نهێنى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى نێوان رێكخراوى تیرۆریستى قاعیده و ئێران ئاشكرا ده‌كات.
پێشتر پۆمپیۆ هه‌مان تۆمه‌تى دابووه پاڵ ئێران، به‌تایبه‌تى ئه‌و كاته‌ى سه‌ركرده‌یه‌كى تیرۆریستى قاعیده له ئێران له‌لایه‌ن هه‌واڵگرى ئیسرائیله‌وه كوژرا و ئێرانیش به فه‌رمى بوونى تیرۆریستانى قاعیده‌ى له‌سه‌ر خاكى خۆى ره‌تكرده‌وه.
میدیاكانى ئێران ئه‌م كاره‌ى پۆمپیۆ به “دوایین چه‌په‌ڵى” حكوومه‌تى تره‌مپ ناوده‌به‌ن.
وێراى ئه‌وه‌ى راوێژكارانى جۆ بایدن سه‌رۆكى ههڵبێژردراو به گومانه‌وه سه‌یرى ئه‌و هه‌وڵانه‌ى حكوومه‌تى دۆناڵد تره‌مپ ده‌كه‌ن و پێیانوایه حكوومه‌تى تره‌مپ ده‌یه‌وێ بارودۆخى نێوان ئه‌مریكا و ئێران به ئاستێك بگه‌ینێ ده‌رفه‌ت بۆ جۆ بایدن نه‌هێڵێته‌وه له‌گه‌ڵ ئێران گفتوگۆ له‌باره‌ى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى بكات.
كه‌چى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌ندێك له چاودێران ده‌ڵێن ده‌شێ زانیارییه‌كانى پۆمپیۆ گرنگ بن به تایبه‌تى كه ده‌زانرێت پۆمپیۆ به‌ر له ئازارى 2018 به‌رپرسى هه‌واڵگرى ئه‌مریكا بووه و له لێدوانه‌كانى باسى له‌وه كردووه، هه‌ندێك جار ئێران و قاعیده له‌گه‌ڵ یه‌كتر كاریان كردووه.