“هه‌ڵبژاردن دواخراوه‌ به‌ڵام رانه‌گه‌یه‌نراوه‌”

0

نوچه‌نێت

به‌ها ئه‌عره‌جى جێگرى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكى پێشووترى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق ئاشكراى ده‌كات،‌ له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر دواخستنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ دراوه‌ و به‌ڵام له‌به‌ر هۆكارێك رانه‌گه‌یه‌نراوه‌.

به‌هاى ئه‌عره‌جى تویتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌‌ و تێیدا ئاشكراى كردووه‌، هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق دواخراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ده‌یانه‌وێ كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق دواخستنه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆى بگرێت رانه‌گه‌یه‌نراوه‌.

به‌ها له‌ تویته‌كه‌ى ده‌ڵێ، “ئه‌وه‌ى له‌دوایین كۆبوونه‌وه‌كان گه‌ڵاله‌ بووه‌ ئه‌وه‌یه‌ هیچ هه‌ڵبژاردنێك له‌ مانگى حوزه‌یران ناكرێت، ئه‌وه‌ى راگه‌یاندنى واده‌ نوێیه‌كه‌یشى دواخستووه‌، ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت كۆمسیۆن ئه‌م دواخستنه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت. هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌كان ده‌یانه‌وێ واده‌كه‌ له‌ كه‌شى مانگى موحه‌ره‌م نزیك بێت تا له‌ڕووى سۆزه‌وه‌ خه‌ڵك رابكێشن، به‌هه‌ر حاڵ له‌م نزیكانه‌ واده‌كه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت”.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى عێراق دووپات له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ واده‌ى خۆى ده‌كاته‌وه‌، كه‌چى زۆربه‌ى په‌رله‌مانتاران ده‌ڵێن ناتوانرێ هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ى خۆى بكرێت و چه‌ندان هۆكار بۆ ئه‌مه‌ هه‌یه‌ له‌وانه‌:

یه‌كه‌م: حكوومه‌تى عێراق له‌ ده‌سه‌ڵاتى نییه‌ واده‌ى هه‌ڵبژاردن دیار بكات.
دووه‌م: په‌رله‌مان ناتوانێ خۆى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.
سێیه‌م: كه‌موكوڕى له‌ ئه‌نجوومه‌نى دادگاى فیدڕاڵى هه‌یه‌.
چواره‌م: چه‌ندان قه‌یرانى تر له‌ عێراق هه‌یه‌ وه‌ك په‌تاى كۆرۆنا و قه‌یرانى ئابوورى و سیاسى و ئه‌منى.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com