نوچهنێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكى ئەمریکا بە مەبەستی پاراستنی پێگە و دهسهڵاتى خۆی دوای بەجێهێشتنی کۆشکی سپی، لە ڕۆژانی دواییدا سەبارەت بە دامەزراندنی حزبێکی سیاسیی نوێ لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی خۆی قسەی کردووە.
ترەمپ کە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ماڵئاوایی لە خەڵکی ئەمریکا کردووە، تا چەند کاتژمێرێکی تر پێش بەڕێوەچوونی مەراسیمی سوێندخواردنی بایدن، واشنتۆن بەرەو بنکەی ئەندروز بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی فەرمی ماڵئاوایی کردن لە پۆستی سەرۆک کۆماری جێدەهێڵێت.
بەڵام بە بڕوای زۆرێک لە چاودێرانی نێودەوڵەتی ترەمپ و ئەو ٧٥ ملیۆن کەسەی کە لە هەڵبژاردنەکانی سێی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠دا دەنگیان پێ داوە، لە شانۆی سیاسیی ئەمریکا ناسڕدرێنەوە و ئەو بزووتنەوەیە کە ترەمپ ڕابەرایەتی دەکات بە دەستپێکردنی ئیدارەی بایدن نانیشێتەوە.
بە پێێ ڕاپۆرتی وۆڵ ستریت جوڕناڵ، ترەمپ سەبارەت بە دامەزراندنی حزبێکی سیاسیی نوێ لەگەڵ ڕاوێژکارەکان و کەسایەتییە نزیکەکانی خۆی قسەی کردووە. بە وتەی چەند سەرچاوەیەک ترەمپ ناوی ئەو حزبەی دەنێ “حیزبی نیشتمانپەرەوەر” (Patriot Party).
ڕاپرسییەکان دەری دەخەن کە ترەمپ لە نێو لایەنگرانی خۆی و ئەو کەسانەی دەنگیان بە کۆماریخوازەکان داوە پێگەیەکی بەهێزی هەیە.
کۆشکی سپی تا ئێستا سەبارەت بە دامەزراندنی حزبی سیاسیی نوێ لە لایەن ترەمپەوە هەڵوێستی نەنواندووە و رۆژنامهكه دەنووسێ: دامەزراندنی حزبێکی سیاسیی نوێ پێویستی بە کات، سەرمایە و سەرچاوەی بەرفراوان هەیە و دیار نییە ترەمپ چەندە لەو بوارەدا جدییە. بە شێوەی نەریتی ڕەوتی سێیەم یان حزبی سێیەم لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکاندا سەرنجی هاووڵاتیان بۆ لای خۆی ڕاناکێشێ و ناتوانن ڕۆڵێکی بنەڕەتی لەو بوارەدا بگێڕن. لە لایەکی ترەوە ترەمپ بۆ دامەزراندنی حزبی نوێ بەرەوڕووی دژایەتی بەرپرسانی کۆماریخواز دەبێتەوە.
هاوکات ئەو ڕاپۆرتە ئاماژە بە پێگەی کۆمەڵایەتی ترەمپ دەکات، واتە ئەو لایەنگرانەی کە پێش ئێستا تەنانەت لە کۆماریخوازەکانیش پشتیوانییان نەکردووە.
وۆل ستریت جورناڵ: ترهمپ حزبێكى نوێ دادهمهزرێنێ
0
Share.