ڕۆبێرت مالی دەبێتە بەرپرسی تایبەتی کاروباری ئێران لە ئیدارەی بایدن

0

نوچه‌نێت

ڕۆبێرت مالی، بەرپرسی گشتیی “گرووپی نێودەوڵەتی قەیران” و یەکێک لە ڕاوێژکارانی پێشووی هەر دوو ئیدارەی بیل کلینتۆن و باراک ئوباما، دەبێتە نوێنەری تایبەتی کاروباری ئێران. مالی جێگای ئەلیۆت ئابرامز و برایان هۆک دەگرێتەوە کە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا بەرپرسی کاروباری ئێران بوون.

بە پێێ ڕاپۆرتی “ئندێپێندێنت فارسی” پێشتریش ماڵپەڕی “جوئیش ئینسایدر” لە نیۆیۆرک ئەگەری دانانی ڕۆبێرت مالی لەو پۆستەدا بڵاو کردووەتەوە. هەروەها باربارا سلیوین، شارەزای ئەنجومەنی ئاتلانتیک لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تویتەر باسی دانانی مالی کردووە لەو پۆستەدا.

مالی بەوە دەناسرێتەوە کە خوازیاری گفتوگۆ و دانوستانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتانی تر و لەوانە سوریا کە بە دژایەتی ئەمریکا دەناسرێنەوە و دانانی ئەو لەو پۆستەدا نیشانەیەکی تری ئاشکرایە بۆ مەیلی بایدن سەبارەت بە دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران.

چەند بەرپرسی سەرەکی ئەمریکا کە پێشتر دەستیان هەبوو لە داڕشتن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ئیدارەی نوێی ئەمریکادا پۆستیان پێ دراوە. لەوانە ویلیام برێنز کە لەو کاتەدا سەرۆکی ڕێکخراوەی CIA بوو و وردی شێرمەن کە ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و ئێستا وەک جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دانراوە. هەروەها بڕیارە جیک سالیوان ببێتە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بایدن.

مالی لە ساڵی ٢٠١٩دا لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیۆیۆرکی کردبوو دیداری کرد.

ڕۆبێرت مالی بە هۆی ڕوانگەکانی چەندین جار لە لایەن کۆماریخوازەکان و هەندێ لە لایەنگرانی دەوڵەتی ئیسرائیل ڕەخنەی لێ گیراوە. هەندێ لەو ڕەخنانە پەیوەندی بە ئەزموون و ژیانی ڕۆبێرتەوە هەیە. باوکی مالی، واتە سیمۆن مالی، سەر بە ئایینی یەهوود و بە ڕەچەڵەک سوریی و لە دایکبووی میسر بوو کە لەو ساڵانەدا کە بزووتنەوەی جەمال عەبدولناسر لە میسر گەیشتبووە لووتکە بۆ ڕۆژنامەی “ئەلجمهور” کاری دەکرد کە ڕۆژنامەیەکی حکومیی و لایەنگری ناسر بوو. ڕۆبێرت مالی مەیلی کۆمۆنیستی هەبوو.

دایکی مالی، باربارا سیلڤشتاین (کە دواتر ناوی گۆڕی بۆ باربارا مالی) لە ئۆفیسی “بەرەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی” وڵاتی ئەلجەزایر لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری دەکرد و لەو ژینگەیەدا بوو کە پێکەوە ئاشنا بوون. ڕۆبێرت مالی ساڵانی سەرەتای ژیانی لە فەڕەنسا بوو و لەوێدا باوکی لە ڕۆژنامەی چەپگەرای “ئەفریقا-ئاسیا” کاری دەکرد، هەر بۆیە لە ساڵی ١٩٨٠دا لە لایەن والزی ژسکار دێستن، سەرۆک کۆماری ئەو کاتی فەڕەنسا، لەو وڵاتە دەرکرا.

مالی لە ئیدارەی بیل کلینتۆن، لە ساڵی ١٩٩٤ تا ١٩٩٦ کارگێڕی پرسی دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و پرسە مرۆڤدۆستانەکان بوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا. لە ساڵی ١٩٩٨دا لە پۆستێکی زۆر گرنگدا دانرا: یاریدەدەری تایبەتی سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری وڵاتانی عەرەب- ئیسرائیل. لەو کاتەدا هەستیارترین گفتوگۆکانی نێوان عەرەب- ئیسرائیل لە ئارادا بوون. بۆ نموونە مالی لە دانیشتنەکانی کەمپ دەیڤید لە ساڵی ٢٠٠٠ ڕۆڵی هەبوو.

یەکێک لەو هەڵوێستانەی مالی کە زۆر ڕەخنەی لێ گیراوە ئەوەیە کە خوازیاری گفتوگۆ لەگەڵ گرووپی حەماس بووە کە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسراوە. بە پێێ ڕاپۆرتی میدیاکان ئەوە یەکێک لەو هۆکارانە بوو کە لە چوار ساڵەی یەکەمی سەرۆک کۆماری ئوبامادا پۆستی پێ نەدرا.

بەڵام مالی لە خولی دووەمی سەرۆک کۆماریی ئوباما لە بەشی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجومەنی ئاسایشدا دەستی بە کار کرد و بووە ڕاوێژکاری تایبەتی ئوباما سەبارەت بە ڕێکخراوەی داعش.

لەوانەیە هەبوونی ڕۆبێرت لە ئیدارەی بایدن بەرەوڕووی ڕەخنەی بەرفراوان ببێتەوە، بەڵام هاوکات دەتوانێ نیشانەی ئەوە بێت کە ئیدارەی بایدن بە جدی هەوڵی گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی ئەمریکا دەدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com