هێمن بابان : بەگومانم
ئەمشەو ئێجگار بە گومانم
گومان دەکەم لە هەموو شت..
لە ڕەوتی ئادەمیزاد و
بێ دەنگی بت..
گومان دەکەم
لە بۆنی سێو و رێحان و
هەتا گوڵیش ..
گومان لە هەورە تریشقە و
ترپەی دڵیش ..
گومان دەکەم
لە بەروار و چرکە سات و
دەوری رۆژگار ..
لە باران و لە کێڵان و
کێڵگە و زگار ..
گومان لە تۆ ،
گومان لە خۆم ..
لە ڕووناکی و لە تیشکی مۆم ..
گومان دەکەم لەو چوار وەرزەی
شیری مەمکی دایکێک دەخۆن ..
گومان لەو هەموو هەسارەی
کە رۆژ دادێ و ئەوان دەڕۆن..
ئەمشەو ئێجگار بەگومانم
ئەمشەو ئێجگار بێ باوەڕم ..
کەمن دوو باڵی ئەو عەشقەم
رێگام بدەن با هەڵوەرم ..