ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یانی ئازادی: بانگێشتی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌كه‌ین، ئیراده‌ی شه‌قام رابگرن

0

ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یانی ئازادی: بانگێشتی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌كه‌ین، ئیراده‌ی شه‌قام رابگرن


نوچه‌نێت: سلێمانی

له‌ راگه‌یانداروێكدا، كه‌ دانه‌یه‌كی به‌ نوچه‌نێت دراوه‌، ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی، داوا له‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌كات، كه‌ رێز له‌ ئیراده‌ی شه‌قام بگرن و هه‌وڵ نه‌ده‌ن شه‌قام بۆ به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی به‌كار بهێنن، كه‌ “ژیان بكاته‌وه‌ به‌ به‌ر ئه‌و ئه‌زمونه‌ شكستخواردووه‌دا”.
له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ “لێره‌وه‌ بانگهێشتی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌كه‌ین ڕێز له‌م ئیراده‌یه‌ی شه‌قام بگرن و هاوكار بن له‌م پڕۆسه‌ی گۆڕانكاریه‌ له‌ پێناو چاكه‌ی كۆی كۆمه‌ڵگاو هاونیشتمانیان، نه‌ك هه‌وڵ بده‌ن شه‌قام به‌كاربهێنن بۆ به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی كه‌ ژیان بكاته‌وه‌ به‌ به‌ر ئه‌و ئه‌زمونه‌ شكستخواردوه‌دا و نه‌توانێت خزمه‌ت به‌م گۆڕانكاریه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ بكات كه‌ پێویسته‌ بۆ كۆتایهێنان به‌م قه‌یرانی حوكمڕانیه‌”.

 

 

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی مه‌یدانی ئازادی

ئه‌و كاته‌ی شه‌قام ده‌دوێت:

هاونیشتمانانی ئازادیخوازی كوردستان،

وه‌ك هه‌موان ئاگادارن ده‌سته‌ڵاتدارانی سیاسی له‌ پاش هه‌ڤده‌ی شوباته‌وه‌ كه‌ چه‌كداره‌كانیان بێ سڵه‌مینه‌وه‌ فیشه‌كیان نا به‌ جه‌سته‌ی شه‌كه‌ت و بێئوێدی لاوانمانه‌وه‌، خه‌ڵكی ئازادیخواز له‌م هه‌رێمه‌دا ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ سنور دانان بۆ ئه‌م بێڕێزی و تاوانانه‌ی ده‌سته‌ڵاتداران به‌رامبه‌ر هاونیشتمانیانی هه‌رێم. له‌و ڕۆژه‌وه‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی سێ‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێم كه‌ ئامڕازی ده‌ستی حیزبن له‌ جیاتی مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كه‌دا و جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كانی خۆپیشانده‌ران، به‌ به‌رده‌وامی سه‌رقاڵی سه‌ركوت و خۆڵكردنه‌ چاوی ڕای گشتیه‌وه‌ن.

سه‌ره‌تا هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیان به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد كه‌ ئه‌وان له‌ پشت ئه‌م خۆپیشاندانانه‌وه‌ن و ده‌یانویست له‌ ڕێگای ئه‌مه‌وه‌ كۆمه‌ڵگا دابه‌شبكه‌ن وه‌ك چۆن له‌ ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا كردویانه‌، تا هه‌وادارانی خۆیان قایل یان ناچاربكه‌ن كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بیر له‌ به‌شداریكردن نه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕیندا. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ عه‌قڵیه‌تی حیزب سالاری ئه‌وان له‌و تێناگات كه‌ ده‌كرێت خه‌ڵكێكی یه‌كجار ناڕازی نیشتمانپه‌روه‌ر و ئازادیخواز هه‌بن بتوانن پێكه‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن به‌ بێئه‌وه‌ی ئینتیمایان بۆ هێزێكی سیاسی هه‌بێت یان په‌یڕه‌و له‌ ئایدیۆلۆژیایه‌كی دیاریكراو بكه‌ن.

پێویسته‌ بۆ ڕای گشتی ڕایبگه‌یه‌نین كه‌ هاونیشتمانیانی ناڕازی و خۆپیشانده‌ر هه‌روه‌ك چۆن له‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان پێكهاتووین، ئاواش ئاساییه‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگیران و بگره‌ كه‌سایه‌تی له‌ ئاستی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌ ڕیزی خۆپیشانده‌راندا ئاماده‌ییان هه‌بێت. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی له‌ مه‌یدانه‌كانی ئازادی كۆكردۆته‌وه‌ داواكارییه‌ ڕه‌واكانمانه‌ نه‌ك ئینتیمای حیزبیمان. به‌شداری هاونیشتمانیانی لایه‌نگری هێزی سیاسی له‌ خۆپیشاندانه‌كان هیچ له‌ شه‌رعیه‌ت و ڕه‌وایه‌تی داواكاریه‌كانی خۆپیشانده‌ر كه‌مناكاته‌وه‌ و بگره‌ خاڵی به‌هێزی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه‌. هێزه‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت له‌و ڕاستیه‌ تێبگه‌ن كه‌ خه‌ڵكانی نێو ئۆپۆزسیۆن به‌ر له‌وه‌ی حیزبی بن هاونیشتمانین، ئه‌وان چ وه‌ك هێزی سیاسی یان وه‌ك تاك ئازادن له‌ هه‌ڵبژاردنی شێوه‌ی درێژه‌دان به‌ خه‌باتی سیاسیان بێ‌ ترس له‌ سزادان و تانه‌و ته‌شه‌ر شوێنخستن.

ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ تا ئێستا هه‌وڵی ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه‌ بۆ دانه‌ پاڵی سیفه‌تی حیزبایه‌تیكردن به‌ مه‌یدانی ئازادیو هه‌وڵی ئه‌وان بۆ كه‌لێن خستنه‌ نێوان شه‌قام و هه‌ر هێزێك یان بكه‌رێكی سیاسی كه‌ پشتیوانی له‌ داخوازیه‌كانی جه‌ماوه‌ر كردبێت هه‌وڵێكی نه‌زۆك بووه‌ و وه‌ك هاونیشتمانیان سه‌لماندومانه‌ كه‌ ئێمه‌ لێره‌ین تا سنورێك بۆ ئه‌م فۆرمی حوكمڕانیه‌تیه‌ دابنێن كه‌ هاونیشتمانیان له‌ په‌راوێزی سیاسه‌تكردندان و حیزبچێتی مۆركی سیاسه‌تكردنه‌. ئێمه‌ لێره‌ین بۆ داكۆكیكردن له‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆمان، بۆ داكۆكیكردن له‌ ئازادی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و بوونمان وه‌ك هاونیشتمانی.

هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانه‌وه‌ هه‌بێت، گرنگه‌ هه‌موان بزانن كه‌ ئه‌وان له‌م هه‌رێمه‌دا به‌رنامه‌ی سیاسی خۆیان هه‌یه‌، و به‌شێك له‌ هاونیشتمانیانی هه‌رێم پشتیوانیان لێده‌كه‌ن، ده‌نگیان پێداون و ده‌كرێت ئه‌ندامیان بن یان هاوسۆز. بوونیان له‌ مه‌یدانه‌كانی ئازادی دیارده‌یه‌كی سیاسی ته‌ندروسته‌.ئێمه‌ لێره‌وه‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م هاونیشتمانیانی خۆپیشانده‌ر ده‌كه‌ین به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه‌ دژ به‌ هه‌ر هه‌وڵێكی هه‌ر لایه‌ك بوه‌ستنه‌وه‌ كه‌ بیه‌وێت شه‌قام بكات به‌ دژ ئۆپۆزسیۆندا و دوای هه‌وڵی هه‌ر لایه‌نێك نه‌كه‌ون كه‌ بیه‌وێت سازش له‌ سه‌ر داواكاریه‌كانی خۆپیشانده‌ران بكات.

به‌ڵام ڕاستیه‌ك هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسه‌كان به‌ ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه‌ ددانی پێدا بنێن ئه‌ویشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ وه‌ك هاونیشتمانیان له‌م هه‌رێمه‌دا ماندوو بووین له‌م فۆرمی سیاسه‌تكردنه‌ كه‌ حیزب یان ئایدیۆلۆژیای سیاسی كۆنترۆڵی ئیراده‌و عه‌قڵمان بكات. ئه‌م بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ خۆڕسكه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رئه‌نجامی شكستی بیست ساڵه‌ی حوكمڕانێتی ده‌سته‌ڵاتدارانی كورده‌، هاونیشتمانیان كاتێك ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین بوو به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م شكست و گه‌نده‌ڵی ده‌سته‌ڵاتداران و ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌رامبه‌ر هاونیشتمانیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ كرا كاتێك گه‌نجه‌كانمانیان له‌ سه‌ر موماره‌سه‌ كردنی مافێكی سه‌ره‌تایی خۆیان خه‌ڵتانی خوێن و ئه‌م شاره‌یان بێكه‌س كوژ كرد.

ئێمه‌ په‌نجا ڕۆژه‌ له‌ سه‌ر شه‌قام نین بۆ مكیاژ كرن یان پینه‌كردنی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ شكستخواردوه‌، به‌ڵكو لێره‌ین بۆ هێنانه‌ كایه‌ی ئه‌زمونێكی نوێ‌ كه‌ هاونیشتمانیان له‌ سه‌نته‌ردا بێت نه‌ك حیزب و هێزی سیاسی. به‌ هۆی ئه‌و تاوانانه‌ی ڕویاندا و بێباكی هه‌ر سێ‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ بۆ دادگایی كردنی تاوانباران و نه‌هاتن به‌ ده‌نگ داخوازیه‌كانی جه‌ماوه‌ره‌وه‌، ئێمه‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ هه‌ر سێ‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌ فه‌رمانڕه‌واكان نوێنه‌ری حیزبن نه‌ك هاونیشتمانیان ،له‌م دیدگایه‌وه‌ ئه‌وان شه‌رعیه‌تی ئه‌خلاقی و سیاسیان له‌ ده‌ستداوه‌ و پێویسته‌ له‌ پڕۆسه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه‌دا كار بۆ گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی گواستنه‌وه‌ی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات بكه‌ین.

لێره‌وه‌ بانگهێشتی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌كه‌ین ڕێز له‌م ئیراده‌یه‌ی شه‌قام بگرن و هاوكار بن له‌م پڕۆسه‌ی گۆڕانكاریه‌ له‌ پێناو چاكه‌ی كۆی كۆمه‌ڵگاو هاونیشتمانیان، نه‌ك هه‌وڵ بده‌ن شه‌قام به‌كاربهێنن بۆ به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی كه‌ ژیان بكاته‌وه‌ به‌ به‌ر ئه‌و ئه‌زمونه‌ شكستخواردوه‌دا و نه‌توانێت خزمه‌ت به‌م گۆڕانكاریه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ بكات كه‌ پێویسته‌ بۆ كۆتایهێنان به‌م قه‌یرانی حوكمڕانیه‌.

پایه‌دار بێت ئیراده‌ی گه‌ل

ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی

7/4/2011

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com