له دارستانی قژم مه‌ڕوانه
كه به‌فری ته‌مه‌ن له ڕووی نیشتووه
هه‌ر تاڵێكی سه‌ر كه سپی بوه
داخی خه‌مێكه‌و خۆشم ویستووه
هه‌تا ڕوانینم كزتر بڕوانێ
من نیگاری عیشق جوانتر ده‌بینم
چش له‌وه‌ی ته‌مه‌ن ڕوو له پیریه
هه‌ر ڕێبواره‌كه‌ی ڕێگای ئه‌وینم
ڕاسته قامه‌تم ڕوو له چه‌مینه‌و
سه‌راپا مه‌راق له ڕوخسارم نیشت
به‌ڵام تا ئێستاش دڵم له‌وێیه
لای ئه‌و ڕۆژانه‌ی ئه‌وم تیا خۆش ویست
سێ به‌شی عومرم غه‌ریبی بردی
به‌ڵام من هه‌رگیز له‌و غه‌ریب نه‌بووم
ده‌شێ له ڕووما مردن ببارێ
به‌ڵام له دڵدا به‌و عیشقه زیندووم
من له هه‌ناوی خه‌زانی ڕووما
دڵێك سه‌وز تر له به‌هار ده‌ژی
خۆ به‌وه نیه پایز ده‌نوێنم
له ڕۆحما هه‌زار خۆزگه‌ی سه‌وز ده‌ژی