دڵەی ژەنگ هەڵهاتووم
رەنگە ژنێکی یاخی لەو دیو سنوورەکانی فریاقەوە
دەست بە شتنەوەی بکات
تا لەم ساردی و بەستەڵەکەی
لە مێژ ساڵە چین چین دەنیشێت لە سەری
رزگاری بکات
رەنگە زاخی ئیشک ڕشتنی
هێندە سوێر بێت دەست بە بریسکانەوەی دڵم بکات
رەنگە دای بڕزێنێ و هەناوم لە ناو ببات
دەترسم !
گەر چی ترسم لە ئازاری عیشقی هەور و باران نییە
ترسم لە مانگە
ترسم لە ئەستێرە
ترسم لە شەبەنگی خۆرە
کاتێك بێ بەزییانە
قەدپاڵی شاخی جووت هەناران دەسووتێنێ !
شوێنی حەسانەوه م باغی حیرەت بوو
ئەویشم چوو ..
لە عیبادەتی هەمیشەیمدا
دەستەو نزا دەپاڕێمەوە
بەڵکو پاساریەکی تەریو مژدەی بوژاندنەوەم بۆ بێنێ
نا دیار نییە .!
رەنگە تەم و مژ
سەری لێ شێواندبێ و
ئەویشی بێ بەری کردبێ
ئەو خەونەش نایەتە دی !
تەبەسوم دەکەم و
تێ دەکۆشم بە روویەکی سەختەوە
گوێ بە ئابرووچوون نادەم
با لای مەردوومەکانی دی شەرم بێت
بێ ئەمەکم ئاخر وورد بوون بێ هودەیە
رەنگە سەختر بەرەو
جەنگڵستانی بێ ئومێدی بڕۆم
دەرۆم و
ئاور نادەمەوە
تا ئەو دەدۆزمەوە
رەنگە خەریکی نەیرەنگ کردن بێ
لە ماڵە قەرەجێکدا
قاوەی بەختم ڵێڵ بکا .!!