ئەی دۆست
بەخشندەی تۆ
گەردەست بەژماردنی هەنگاوەکانم بکەیت
یا شوێنپێکانم هەڵگری
میهرەبانی
گەربێت و جارێك
چاوێك بەدێڕی نوسینەکانمدا بخشێنیت
چێژ لەبۆن و بەرامەی ووشەکانم وەرگریت
سەیرکە..
من چۆن مەحکومم بەپەرستنی تۆ
لەکەناری تۆدام و دەستم پێت ناگا
لە دڵما ئەژیت و هەمیشە وونیت
لە وردبونەوەی سەرنجێکی تۆدام
لێت تێناگەم
من لێرەم لەچاوەروانی تۆ
تۆش هەرلەوێیت
بەرگی وونبونت نوێ ئەکەیتەوەو
تەمەنی چاوەروانی من درێژ
لەوێیت و
ووردە ووردە
چرای ئومێدەکانی من دەسوتێنی
گەربتەوێ..
ئەتوانین پێکەوە هەناسە بدەین
ڕەنگی چاوو پێست و ڕۆحیشمان بچێتەوە سەریەك
تینویەتی حەزەکانمان
لە ئاوی کانیاوێکی ئەوێدا بشکێنین
بەرگی چیا لەبەرکەینەوە
تۆ وەك شۆرشگێرەکەی جاران
منیش وەك کچە جوتیارێك
ژیان لە نوێ دەست پێبکەینەوە
بەڵام یاخیبوونی تۆ
هەمیشە ئەمباتەوە ئامێزی تەنیایی
فڕێم ئەداتە کەناری بێهوودەیی
پڕم دەکات لە غەمگینی و
بەتاڵم دەکاتەوە لە ئاسودەیی
کەی دێی؟
شوشەی بێ ئومێدیم بشکێنیت و
حەوزی بێزاریم ووشك کەیت
تەنیایی تەڵاق دەم و
تۆ مارەکەم..
تۆیەک
لە چاوانم
جێگات بەخۆر لەق کردووە
لەنێو دڵدا
وە کو زەوی ڕامدەکێشی
بۆ تێناگەی؟
گەربەچرکە لەتۆ دووربم
مردن خۆیم تێ هەڵدەسوێ
کەی ڕەوایە
تۆم نەبێت و
مردن لە باوەشم بگرێ؟