مەهێڵە ماكیاژەكەت تێكبچێت!
نوچە.نیت.گولان
زۆربەی كچان ماكیاژ دەكەن، ماكیاژ كردن بەلای هەندێك لە خانمانەوە ئەستەم و قورسە. گرنگە خانمان بزانن چۆن ماكیاژ دەكەن؟ هەروەها چۆن بتوانن بۆ زۆرترین كات بیهێڵنەوە بە دەم و چاویانەوە تێك نەچێت. هەڵبەت چەندین هۆكار هەن وا لە ماكیاژ دەكەن بتوێتەوە، هەندێ جاریش ماكیاژ بە گەرما یان بە بەرز بوونەوەی پلە و رادەی شێ تێكدەچێ. زۆر جار كچان سەریان لە تێكچوونی ماكیاژیان سوڕ دەمێنێ، ئەگەرچی دەشڵێن: باشترین و چاكترین جۆری ماكیاژم هەیە، بەڵام هەر تێكدەچێ. یەكێك لە گەورەترین كاریگەریی سەر ماكیاژ پلەی (شێ)یە، لە هاوینیشدا پلەی شێ زیاد لە ئاستی خۆی بەرز دەبێتەوە كە دەبێتە هۆی تێكدانی ماكیاژی رووخسار. چەند رێنماییەك هەن تا ماكیاژەكەت لە شێ دەپارێزن و بۆ زۆرترین ماوەش دەمێنێتەوە، رێنماییەكەش ئەمەیە:
-پاككردنەوەی دەم و چاوت بە ئاوی شلەتێن، لە هاوینیشدا لە ئاوی گەرم دوور بكەوە.
-بەر لە ماكیاژ كردن، پارچە بەفرێك لە پێستی دەم و چاوت بسووە و لێیبخشێنە.
-ئەو جۆرە ماكیاژەی كە تۆخ و قورسە بەكاری مەهێنە، بۆ زانینی ئاستی قورسی و سووكیی ماكیاژ، لەسەر ماكیاژەكە نووسراوە كە رادەی تۆخی و سووكیی چەندە.
سەرەتای ماكیاژەكەت بە رەنگی ئەساس دەست پێبكە، پاشان كرێمی دژە خۆر و دژە ئاو و شێی لێ بدە، كە لە بازاڕدا دەست دەكەون، لە كۆتاییدا پۆدرە لە هەموو پێستی دەم و چاوت بدە، بەم جۆرە پێستت لە شێ دەپارێزی و ماكیاژیش بۆ زۆرترین ماوە دەمێنێتەوە.