بارزانی نوێنەری ناردووە بۆ گوێگرتن لەخۆپێشاندەران:
با لاسایی خەڵكی باشووری سودان بكەینەوە نەك میسرو وڵاتی تر
زانایانی ئاینی: پاراستنی ئەزموونی کوردستان ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە و بەرگری لێكردنی ئەركێكی شەرعییە
نوچەنێت
ئەمرۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان، پێشوازی لەزانایانی ئاینی سلێمانی کردو لە دانیشتنێکدا ئاشکرای کرد، کەنوێنەری خۆی ناردووە بۆ گوێگرتن لە خۆپیشاندەرانی سلێمانی، بەڵام بەهۆی مەرجەکانی ئەوانەوە دانشتن نەکراوە، تەئکیدیشی لە پێکهێنانی “حکومەتێکی بنکە فرەوان بەبەشداری ئۆپۆزسیۆن”کردەوە ئەگەرنا “هەڵبژاردنی پێشوەخت لەچوارچێوەی یاساوشەرعیەت”.
ئەمرۆ دووشەممە 11/4/2011 بارزانی سەرۆكی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازی لە ژمارەیەك مامۆستا و زانایانی ئایینی پارێزگای سلێمانیکرد لە دیدارێكدا، لەگەڵ بارزانی زانایانی سلێمانی باسی ئەو هەوڵانەیان کرد کە بۆ هێوركردنەوەی رەوشی ئەم دواییەی سلێمانی و داویانە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و خۆپێشاندەرانی سلێمانی، بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو. مامۆستایانی ئاینی سلێمانی لە دانیشتنەکەیان لەگەڵ بارزانی ئەزموونی هەرێمی كوردستانیان بە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و تێكۆشانی کورد لە قەڵەم داوەو تەئكیدیان لەوەكردۆتەوە كە پاراستنی ئەو ئەزموونە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە و بەرگری لێكردنی ئەركێكی شەرعییە، بە ناوی سەرجەم مامۆستا و زانایانی ئایینی ئیسلام لە سلێمانی پشتگیری خۆیان بۆ پەیامەكەی رۆژی 10/4ی سەرۆك بارزانی دووپاتكردتەوە و ئامادەیی خۆیشیان دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی هەر ئەركێك كە لە بەرژەوەندی گەل و نیشتماندا بێت، رایانگەیاند كە “پەیامەكەی سەرۆك نەك هەر مژدە بەخش بوو ، بەڵكو هیوا بەخشیش بوو” و هیوایان خواست كە ئەم پەیامە ببێتە چارەسەرێكی یەكلاكەرەوە.
لەبارەی داواکارییەکانی خۆپشندەرانیش مامۆستایانی ئاینی لە سلێمانی تەئکیدیان کردەوە کە”داواكارییەكان داواكاری رەوان بەڵام دەبێ بە شێوەیەكی مەدەنیانە و دوور لە توندوتیژی بخرێنە ڕوو”.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا سەرۆکی کوردستان بەمامۆستایانی ئاینی وتووە” مامۆستایانی ئایینی رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لە درك كردن بە ئەركە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیان و هەردەم ئایین و نیشتمانیان بە یەك گرێدراوە، بۆیە ئەمرۆ ئەركی سەرشانیانە رۆڵی ئایینی و نیشتمانی خۆیان ببینن و ئاراستەی كوردستان بەرەو ئارامی و میانڕەوی ببەن و منیش لەگەڵ داواكاری رەوای خەڵكم و هەقی خۆشیانە داوای چاكسازی بكەن، لە دیدارێكمدا لەگەڵ سەرۆك و سەرۆك فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوایان لێكردم نوێنەری خۆم بۆ بەر دەركی سەرا بنێرم و گوێ لە داواكاری خۆپێشاندەران بگرم، من ئەو كات ئامادەیی خۆم نیشاندا و فیعلەن نوێنەرانی خۆم نارد، بەڵام ئەوان چەند مەرجێكیان دانا كە ئەمەیش وایكرد كارەكە بە ئەنجام نەگات”.
بارزانی وتیشی”ئێمە خاوەن كیانێكی سەربەخۆ نین تا هەر شتێك رووبدات كاریگەریمان لەسەر نەكات، لە میسر هەر چی رووبدات هەر وەكو دەوڵەت دەمینێتەوە، بەڵام ئەوەی كوردستان ئەگەر ئەو ئەزموونە تێك بچێت ئەوا دووبارە ئەو دەرفەتەمان بۆ نارەخسێتەوە، ئیتر بۆ ئێمە بێین و لاسایی میسر یان هەر وڵاتێكی دیكە بكەین، با لاسایی خەڵكی باشووری سودان بكەینەوە نەك میسرو وڵاتی تر”.
سەرۆکی کوردستان لەدیدارەکەیدا لەگەڵ زانایانی ئاینی سلێمانی تەئکیدی کردەوە کە”بەڵێنم بە خەڵكی كوردستان داوە بەرنامەیەكی چاكسازی رێك وپێك جێبەجێ بكەم و پەیامەكەی رۆژی 10/4 یشم زۆر روونە و پشت بە سێ بنەما دەبەستێت :
1- بەشداری ئۆپۆزسیۆن لە چاكسازی .
2- بەشداری ئۆپۆزسیۆن لە حكومەتێكی بنكە فراوان.
3- ئەگەر نا ئەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەختە.
كە ئەمانەیش هەر هەموویان دەبێ لە چوارچێوەی شەرعیەت و یاسادا ئەنجام بدرێن و بۆ ئەم مەبەستەش هیوادارم هەر دوولا هەست بە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بكەن و بە زووترین كات دەست بە گفتوگۆ و دیالۆگی نێوانیان بكەنەوە و بگەنە رێككەوتنێك كە كۆتایی بەم بارە بهێنێت”.