هەر دەنگی وەک حەسەن زیرەک نییە، ژیانیشی وەک زیرەک پڕ بووە لە نەهامەتی و نەبوونی و دەربەدەری. سامان زیرەک باسی ژیانی خۆی دەکات

0

saman zirakهەر دەنگی وەک حەسەن زیرەک نییە، ژیانیشی وەک زیرەک پڕ بووە لە نەهامەتی و نەبوونی و دەربەدەری. سامان زیرەک باسی ژیانی خۆی دەکات

لەهەمان ئەو چایخانەی حەسەن زیرەک شاگردی بوو، بومە شاگرد، ئەویش وەک خۆشەویستییەک بۆ ئەو، ئێستاش چایچیم

خۆشەویستیم بۆ حەسەن زیرەک هەیە حەز ناکەم دەستکاری ستایل و شێوازی ئیش کردنی  بکەم

هیچ کات بەخۆم ناڵیم هونەرمەند تەنیا حەز ئەکەم بەرهەمەکانی حەسەن زیرەک زیندوو رابگرم

ئالان عومەر . نوچەنیت

سامان زیرەک یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە توانیویەتی وەک خۆشەویستی بۆ ئەو هونەرمەندە نەمرەی کورد، بەرهەمەکانی حەسەن زیرەک بە زیندوو بهێلێتەوە وەک خۆی دەڵیت، تەنها لەدەنگدا هاوشێوەی حەسەن زیرەک نییە، بەڵکو لەژیانیشیدا بەهەمانشێوەی زیرەک نەهامەتی زۆری بەسەر هاتووە، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ نوچەنێت، سامان زیرەک باسی کارەهونەرییەکانی و بەسەرهاتەکانی ژیانی دەکات.

ئالان: دیارە لەخۆشەویستیت بۆ حەسەن زیرەک، یان بەهۆی ئەوەی دەنگت هاوشێوەی دەنگی زیرەکە، پاشناوی زیرەک بەئێوە دراوە، چۆن بوو بیرت لەوە کردەوە، ئەو ناوە هەڵبژێری و بەرهەمەکانی ئەو بڵێیتەوە، هەرلەبەر ئەوەبوو دەنگت لە حەسەن زیرەک ئەچیت، یان چی؟

سامان زیرەک: کاتێک کە لە تەمەنی مناڵیدا بووم، پێش ئەوەی باوکم کۆچی دوای بکات قەوانی هەبوو، گۆرانی حەسەن زیرەکی ئەخستە سەر و بە بەردەوامی گوێی لێ ئەگرت، منیش گوێ بیستی ئەبوم ، خولیای دەنگی بووم، بەلام تەمەنم پێنج هەتا سەش ساڵان بوو.

ئەو کات من هەستم ئەکرد رۆژ بەرۆژ خۆشەویستیم بۆ حەسەن زیرەک زیاتر ئەبوو، کاتێک باوکم عەمری خوای کرد، من تەمەنم  ٩ ساڵ بوو، واتە ٤ ساڵ بە بەردەوامی  من گۆرانیم ئەوتەوە لەگەڵ حەسەن زیرەک، بەگشتی رۆژ بەرۆژ بەیادی باوکم و بە یادی حەسەن زیرەکەوە ئەژیام ، ئیتر لەوەوە من گۆرانیەکانی زیرەکم ئەوتەوە، خەڵکیش هانیان ئەدام و داوایان لێ ئەکردم، کە بۆیان بڵێم، بەهۆی ئەوەوە خەڵک ئە ناوەیان دابری بەسەرما، چونکە بەڕای ئەوان، دەنگم خۆش بوو، و زۆر لە دەنگی حەسەن زیرەک ئەچوو.

ئالان: کێ هاوکاریت ئەکات بۆ کارەکانت؟

سامان زیرەک: کەس هاوکاری من ناکات، زۆر هەوڵمداوە خەڵکانیک هەبن، وەکو هونەرمەندەکان کە هاوکاریم بکەن، کارەکانی حەسەن زیرەک بە شێوازێکی نوێ و تازە دابەزێنن، بەڵام تا ئیشتا کەس هاوکارم نەبوە، خۆشم  لەبەر ئەوەی باری ماددیم زۆر باش نەبووە، نەمتوانیوە کارەکان وەک پێویست و بەدڵی خۆم بکەم.

ئالان: بۆچی زیاتر لە بۆنەوە دانیشتنەکاندا دەرئەکەوی،  بۆ کۆنسرێت و ئەلبومت نیە، مەسەلەیە ئەوەیە کەوتت هاوکاری توانات نییە، یان چی تر؟

سامان زیرەک: من کۆنسرێتێکم هەبووە لە شاری تاران، بەرهەمەکانم ٧ تراکە، بەهۆی ئەوەوە کە من چوم بۆ تاران هاورێیەکم هەبوو لەوێ ناوی (تەیب)ە دەفژەنە، دواتر بە بۆنەی کاک تەیبەوە توانیمان خەڵکانیکی فارس بناسین، وەک هونەرمەندانی ئەوێ، بە هاوکاری ئەوان توانیم ئەو کۆنسرێتە بکەم، بەڵام بە داخەوە ئێمە تا ئێستا بڵاومان نەکردوەتەوە، کاتی خۆی ڤیدیۆ و کلیپی ئەو کۆنسێرتە فرۆشراوە بە Ktv،  ئەویش دواجار دایبەزاند، ئیتر خۆشم نەمبینیوەتەوە تا ئێستا. ، بەڵام وەکو ئەرشیفلای خۆم هەیە . وەکو ئەلبومیش کەس پشتیوانی لێ نەکردووم، کە شتێکی جوان پێشکەش بکەم. وەک کلیپ تەنیا دوو کلیپم هەیە، ئەویش بە پشتگیری و هاوکاری کاک شەماڵ ئەحمەد رەشیدو کەماڵ ئەحمەد غریب، بووە. وەکو دانیشتنەکانیش هەر بە دەفێکەوە لەگەڵ کۆمەڵێک هاورێ و خۆشەویستانی خۆم، دادەنیشین و گۆرانی دەڵێن ئەویش بەهۆی ئەوەیە کە ئیماکانیەتمان نیەو پشتگوێ خراوین.

ئالان: تەنیا دەنگت وەک حەسەن زیرەک هەڵکەوتوە، یان ژیانیشت؟ ئاخر حەسەن زیرەک زۆر فەقیری و دەردەسەری بینیوە، ئەکرێ تۆزێ لەبارەی ژیانتەوە بزانین؟

سامان زیرەک: بەڵێ من ژیاننامەشم لە حەسەن زیرەک ئەچێت.

کاتێک باوکم مرد، ٩ ساڵ بوو تەمەنم، هەتیوو بوم دوای ئەوە دایکم شوی کردەوە، من بەردەوام لە نارەحەتی و موشتاقیی ژیاندا بووم،  ئیتر دوای ئەوە دەربەدەری و بەدبەختی وکرێکاری و چایچیەتی و شاگرد مەتعەمی و توتن بار کردن و ئیشی قورس و زۆر ئیشی تر و زۆر نەهامەتی ژیانم بینی.

ماوەیەک لە بەغدا بووم، لەوێ بە دوای ژیانی زیرەکدا ئەگەڕام، پیاوێکی پیر هەبوو لەوێ چایخانەیەکی هەبوو، زۆر دڵم کرایەوە  کە گوێ بیستی دەنگی حەسەن زیرەک بوم لە چایخانەکەی ئەوپیاوە پیرەدا.

چومە ئەوێ چایەکم خواردەوە ، کابرا عەرەب بوو، لەچایخانەکەیدا وێنەیەکی گەورەی حەسەن زیرەکی دانابوو، لێمپرسی تۆ عەرەبیت، بۆ خولیای دەنگی حەسەن زیرەکیت؟  وتی بەڵێ من عەرەبم، بەڵام حەسەن زیرەکم خۆشەوێت، ٤ ساڵ لەم چایخانەی مندا ئیشی کردوە. دواتر منیش لەهەمان ئەو چایخانە بوومە شاگرد، ٧ مانگ بە شاگردی لەبەردەستی ئەو پیاوە پیرەدا ئیشم کردو فیری چایچیەتی بووم، ئەو کارەشم بە خۆشەویستی حەسەن زیرەکەوەکرد . ئێستاش هەمان پیشەم هەیەو چایخانەشم هەیە .

ئالان: ئەگەر حەسەن زیرەک لە ژیاندا بمایە ئیستا چەند ئەلبومیکی تریشی هەبوو، بەڵام تۆ تەنیا خەریکی بەرهەمە کۆنەکانی حەسەن زیرەکیت، بۆچی کاتێ دەنگت وەکو دەنگی حەسەن زیرەکە، ئیزافەیەک بە کارەکانی حەسەن زیرەک نادەی ؟ واتە بۆ بەرهەمی تایبەت بە خۆت دروست ناکەی لەسەر هەمان ستایل و هەمان شیواز، کە بەردەوامی و درێژە دان بیت بە حەسەن زیرەک، نەک تەنها گرنگی دان بە لەیادنەکردنی حەسەن زیرەک؟

سامان زیرەک: لە راستیدا ئەم پرسیارەم زۆر ئاراستە کراوە، بەڵام هەر تەنیا وەڵامێکم هەبوە، ئەویش ئەوەیە، کە من خۆشەویستیم بۆ حەسەن زیرەک هەیە، حەز ناکەم دەستکاری ستایل و شێوازی ئیش کردنی بکەم. چەندین کەسمان بینی لەو رێچکە لایان دا و بوون بە خاوەنی ستایلی خۆیان. هیچ کات بەخۆشم ناڵیم هونەرمەند، تەنیا حەز ئەکەم بەرهەمەکانی حەسەن زیرەک زیندوو رابگرم.

[youtube id=”SBYvV6uJ6VA” width=”813″ height=”516″]

[youtube id=”-8sdTld5iM8″ width=”813″ height=”516″]

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com