مان سیتی بە یەک هێرشبەرەوە ڕووبەڕووی چێڵسی دەبێتەوە
نوچەنێت:وەرزشی
ڕۆژی یەک شەممە لە میانەی یارییەکانی هەفتەی پێنجەمی خوولی نایابی ئینگلیزی هەردوو یانەی مانچستەر ستی و و یانەی چێڵسی لە نێو یاریگەی ئیتیحاد ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە.
یەک شەممە شاری مانچستەر یاری لووتکەی هەفتەی پێنجەمی خوولی ئینگلتەرا لە خۆدەگرێت،یارییەکە لە کاتێکدایە کە ئێستا یانەی چێڵسی بە کۆکردنەوەی ١٢ خاڵ لە ڕیزبەندی یەکەمی خوولەکە پێگەی خۆی توندتر کردوە بە بێ ڕکابەر و لە لایەن خۆشییەوە یانەی ستی بە ٧ خاڵ لە پلەی پێنجەمی خوولەکەدایە،چێڵسی بە بێ کێشە ڕوو دەکاتە شاری مانچستەر و کێشەی پێکانی یاریزانانی نییە بەڵام یانەی خاوەن یاریگا بە هۆی بوونی کۆمەڵێک کێشە لە هێڵی هێرشبەری یانەکەیەوە دەناڵێنێت…لە گواستنەوەی هاوینی ڕابردوودا ئەلڤارۆ نیگریدۆ بە شێوەی خواستن بەرەو یانەی ڤاڵێنسیا یانەی مان ستی بە جێهێشت.هەریەکە لە دزیکۆ و ستیڤان یۆڤیتیچ بە هۆی پێکانەوە لە ڕیزی یانەکەیان دوور کەوتونەتەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مانوێل پلیگیرنی ڕاهێنەری یانەی مان ستی ڕایگەیاند “بە داخەوە یانەکەمان کێشەی هێرشبەری هەیە. لە ئێستادا تەنها ئەگوێرۆ ئامادەیە بۆ یارییەکەی بەرامبەر یانەی چێڵسی و دزیکۆ لە چوار شەممەی ڕابردوو لە ئەڵمانیا لە پشتیدا توشی پێکان هات لە یارییەکەی بەرامبەر یانەی بایرەن میونخ و هیوادارم بتوانێت بۆ یارییەکی بەرامبەر چێڵسی ئامادە بێت”.
لە لایەن خۆشییەوە یانەی چێڵسی بە ورەیەکی بەرزەوە دەچنە شاری مانچستەر و بە سەرجەم پێکهاتەوە ئامادەن بۆ یارییەکەی ڕۆژی یەک شەممە.