بۆ هاوسهران:جەژن و رۆمانسییەت
نوچە.نیت.ووشە
شارەزایان جەژن و بۆنە گرنگەكانی ساڵ بە دەرفەتێكی زێڕین ناو دەبەن، بۆ دوورخستنەوەی ئەو نیگەرانی و كێشە و ئاڵۆزییانەی پێشتر لە نێوان هاوسەرەكان بوونیان هەبووە. جەژن وەك بۆنەیەكی گرنگی ساڵ دەرفەتێكی گرنگە، بۆ نوێكردنەوەی پەیوەندییەكی رۆمانسی و سۆزداری بەهێز لە نێو هاوسەران و لەیادكردنی رۆژە ئاڵۆز و پڕ كارەكان.
پێویستە دەستپێشخەری لەلایەن یەكێ لە هاوسەرانەوە هەبێ بۆ نوێكردنەوەی پەیوەندیی نێوانیان و بنیاتنانەوەی بەشێوەیەكی بەهێز و تۆكمە، فەرموون لەو رێگایانەوە پەیوەندی نێوانتان نوێ بكەنەوە و بەتین تری بكەن.
یەكەم: پیرۆزبایی جەژن، گەر بە نامە پیرۆزباییت بۆ هاوڕێكانت نارد، هاوسەرەكەت لەیاد مەكە، ئەگەر لە تەنیشتی تۆشەوە دانیشتبێ، كاتێ نامە دەنێرێ، یەكەم نامە بۆ هاوسەرەكەت بنێرە و بە رستەی رۆمانسی و سۆز و وەفاوە پیرۆزبایی لە هاوسەرەكەت بكە، بۆ نموونە ” دڵخۆش دەبم یەكەم كەس پیرۆزبایی جەژنت لێ بكەم، چونكە وا هەست دەكەم جەژن كاتێكی باشم پێ دەدات و لە پشووم و كارم نییە، ئیتر حەزدەكەم چەند رۆژێكی پڕ چێژ و خۆشی لەگەڵا ئازیزترین كەسم بەسەر ببەم”.
دووەم:دیاریی جەژن، لە جەژندا تەنیا جل و دیاری بۆ منداڵەكانتان مەكڕن، هاوسەرەكانتان بیر بێت، شووشەیەك عەتر، كراسێك..یان شتێكی تری ژنانە، بەبێ ئەوەی هاوسەرەكەت ئاگادار بێ و بۆی بكڕە و لە زەرفێكی دیاریدا بیپێچە لەگەڵ چەپكێك گوڵ، چەند رستەیەكی پڕ سۆزی بۆ بنووسە، بۆ نموونە “بەبێ كڕینی دیارییەك بۆتۆ لە جەژندا، جەژنم لا خۆش نابێت، بۆیە بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو ئەو دیارییەت پێشكەش دەكەم”، یان هەر شتێكی تری رۆمانسی و وەفا بنووسە بۆ جوڵاندنی هاوسەرەكەت و نوێكردنەوەی پەیوەندیتان.
سێیەم:كات، ئەم چەند رۆژەی جەژن دەوام و كارت نییە، وریابە و هەمووی بە رۆیشتنە دەرەوەی لەگەڵ هاوڕێكانت و سەردانیكردنی خزم و ناسیاوانت بەسەر مەبە، بەڵكو زیاتر لەگەڵ هاوسەرەكەت بە، پێشانی بدە ئەگەر كار و ئەڕكی ژیان نەبێت، چەند لەگەڵیدا دەبیت و خۆشتدەوێت، چونكە رەنگە زۆربەی هاوسەران كاتێك پشووی كاریان نییە، هاوسەرانیان داوای شتێكیان لێ بكەن، دەوام و كار دەكەن بە بیانوو، دەی وا پێشاندە ئەوانەی پێشتر گوتوتە بیانووی دروستكراو نەبوون، چونكە ئەگەر كار دەرفەتت بدات، تۆ زۆر حەزدەكەی لە تەك هاوسەرەكەت بی و كاتێكی پڕ خەندە و خۆشی بەسەر ببەن.
چوارەم: وروژان و سێكس، لە رۆژانی جەژن خۆراكی چاك دەخۆین و پشووی باش دەدەین، گشت هۆرمۆنەكانی لەش چالاك و ئەكتیڤ دەبن، باری دەروونیت ئارام و ئاسوودە دەبێت، بۆیە چاكترین كاتەكانی وروژان و سێكسیش ئەكتیڤی هۆرمۆنەكان و ئارامی باری دەروونییە، بۆیە ئەو دەرفەتە لە كیس خۆتان مەدەن، چێژ وەرگرن لە سێكس و ورژانی تەواو.