تەها بەرواری: نەخشە ڕێگایەك بۆ چارەسەری قەیرانی ئێستای كوردستان دەخاتەڕوو

0

قەیرانی ئێستـــای كوردستان چۆن چــارەسەر بكرێت؟

نەخشە ڕێگایەك بۆ چارەسەری قەیرانی ئێستای كوردستان

تەها بەرواری

كێشەی سەرەكی ئێستای قەیرانی سیاسی كوردستان كزی متمانەیە لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لەلایەك و لەلایەكی تر لەنێوان ژمارەیەكی بەرچاو لەهاوڵاتیان و لەوانەش لاوان و دەسەڵاتدا.
گەر ئێمە سیستەمی ( ئێڵ، ئێف، ئەی) كە سیستەمێكی وردی پلانڕێژیە بۆ گرفتەكانی ئێستای كوردستان بە كار بهێنین، ئەوا دەتوانین لەسەر بنەمای درەختی كێشە و درەختی دەستكەوت بە ئاگادار بوون لە پاشخان و رەوشی پارتایەتی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و مێدیایی و رێكخستنی و بیرۆكراسی و حكومەتی و پەرلەمانی كوردستان بەم شێوەیەی خوارەوە باس بكەین.
وەك لەسەرەتادا باسمان كرد، كێشەی سەرەكی ئێستا كێشەی كزی متمانەیە‌ لەكوردستان. ئەو بێ متمانەییە پانتایەكی فراوانی گرتووە، كە ئەو پرسە دەتوانین بۆ كاتێكی تر باسی لێوە بكەین.
بۆ ئەوەی قازانج لەم مۆدێلی شیكارییە وەرگرین، كە مۆدێلێكی زۆر مۆدێرنەو‌ زۆربەی رێكخراوەكانی جیهانیش ئێستا بەكاری دێنن، گرنگە باس لەهۆكارەكانی ئەم كێشەیە و دەرەنجامەكانی بكەین.
هۆكارەكان چین؟
هۆكارەكان رەنگە یەكجار زۆر بن، بەڵام هەوڵ دەدەم لێرەدا هۆكارە سەرەكییەكان دیاری بكەم، كە بە دیدی من خۆیان لەم خاڵانەی خوارەوە دەبینن:
* فەرهەنگ و ساختارێكی پەرلەمانی و حكومەتی و حزبی و مێدیایی و رێكخراوەیی و دامەزراوەیی هەژار و نا پرۆفێشیۆناڵ.
* نەبوونی ئیستقراری سیاسی لەعێراق و كوردستاندا.
* نەبوونی ئەزموونێكی پێشتری حوكمڕانی.
* پاشخانی نەگریسی شەڕەكانی خۆكۆژی سەدەی ڕابردوو.
* كزی سیستەمێكی فێركاری كە ببێتە ئامرازێكی باش بۆ تاكەكانی كۆمەڵگا.
* نەبوونی سیستەمێكی ئابووری هاوچەرخ.
* نەبوونی كولتورێكی دیموكراتیك بەگشتی لەناو كۆمەڵگای كوردستاندا
* دەستتێوەردانی دەرەكی بە شێوازی جۆراوجۆر.

دەرهاوێشتەی ئەم هۆكارانە خۆی لەدیاردەكانی خوارەوە دەبینێت:
– هەژاری و بێكاری بەتایبەتی لەناو توێژی لاواندا دیاردەیەكی زەقە.
– تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی كە وەڵامدەری كێشەی نەخۆش و كەمدەرامەتەكان بێت، زۆر كزەو گشتگیر نییە.
– سیستەمێكی بیمە (تەئمین) نییە بۆ كەسانی بێكار.
– لاوازی كەرتی تایبەت لەپەیداكردنی دەرفەتی كار بۆ بێكاران.
– سیستەمێكی نەگونجاوی موچە، كە دابینی پێداویستییە سەرەكییەكانی تاكەكان ناكات.
– لەشكرێكی كارمەندی حكومەتی هەیە، كە دەكرێت بڵێین سیمای هەرە دیاری بێكاری شاراوەیە.
– نادادپەروەری و نەبوونی فورسەتی یەكسان لایەنێكی دیكەی ئەم دەرهاوێشتەیە.
– تاكی كۆمەڵگا و بەتایبەتی دەرچوانی زانكۆ چەكدار نین بە زانستی پێویست بۆ ئەوەی ببنە هێزێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگا.
– ئەجێندایەكی هاوبەشی میللیمان نییە.
– گومان لەیەكتركردن و تیۆری پیلانگێڕی زۆر باڵادەستە.
– مێدیایەكی پەبلیك نییە كە بتوانێت كارێكی پرۆفێشیۆناڵ بكات.
– ژمارەیەكی بەرچاوی یاسا كۆنەكان كە بۆ كاتێكی تر درست كراون لەدوای ڕووداوەكان و بڕیارە سیاسیەكانن.
– پەرلەمانتارەكانی ئێمە لەسەر هەر سێ ئاستی بەغدا و هەرێم و هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان كەمتر سەردانی بنكەكانی هەڵبژاردنی خۆیان دەكەن و هاوئاهەنگی لەنێوان ئەو 3 بازنەی هەڵبژێردراو كەمترە.
– بەشداری لاوان لەپرۆسەی بڕیار لەئاستەكانی جۆراوجۆر كەمترە.
– ڕاهێزانی بەردەوامی ئامانجدار لەئاستەكانی جۆراوجۆردا بەتایبەتی لەئاستەكانی پەرلەمانی و حكومەتی و حزبی و مێدیایی و رێكخراوەیی و دامەزراوەییدا زۆر لاوازە.
– هاوئاهەنگی لەنێوان ئۆرگانەكاندا زۆر هەژارە.
– مۆنۆپۆل لەبوارەكانی جۆراوجۆردا سیمایەكی دیاری ناو كۆمەڵگاكەمانە.
باشە چی بكەین و چیمان دەوێت لەكوردستاندا؟
وێنای ئێمە گەر كوردستانێكی ئازاد و ئاشتیخوازبێت، كە پێكەوەژیانێكی ئاشتیانە و ئاسوودە ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات لەڕێگای سندوقەكانی دەنگدان بێت، دەبێت چی بكەین؟
لەسەر بنەمای هەمان بەرنامەی پلانرێژێ دەبێت شێوازی پرۆگرامدانان لەسەر بنەمای ئەم خاڵانەی خوارەوەدابنرێت:
– دانانی پرۆگرام و میكانیزمێكی گوونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دەرهاوێشتانە كە لەسەر بنەمای چەمكی SMART بێت. مەبەست لەم چەمكە: ئامانجەكان دیاریكراو بن، قابلی پێوان بن، پەسەند بكرێن لەلایەن لایەنەكانی بەشدار، ریالیستیانە بن و بەستراو بە كات بن، بەگوێرەی كارەكتەری هەر پرۆژەیەك كە خۆی لەئامانجی كورتخایەن، ناوەندی و درێژخایەندا دەبینن.
– خاڵێك كە لای من هەمیشە زۆر گرنگی پێ دراوە، ئەوەیە توانایەكی زۆر گەورەی كوردستانییەكانی دیاسپۆرامان هەیە، كە گرنگە چیتر پشتیان تێنەكرێت و هەموو ئەو پسپۆریانەی كە پێویستیمان پێیە بەبێ دوودڵی رێكبخرێن، بۆ ئەوەی سەركەوتووتر بین بەرامبەر بە هەڕەشە و تەحەددیاتی كە رووبەڕوومان بوونەتەوە.
گەڕاندنەوەی متمانە كۆڵەكەی سەرەكییە و سازشێكی هەمەلایەنە پێویستە بۆ ئەوەی لەو قەیرانەی كە لەقازانجی هیچ لایەنێك دا نییە بە رووسپێتی دەربچین و سەربەرز بین بەرامبەر بە مێژوو و نەوەكانی داهاتوومان. تەنها ڕێگا ئەوەیە هەست بكەین هەموومان بەرەندەین دەتوانین ڕێگا خۆش بكەین بۆ دروستكردنی متمانەی پێویست. پێموایە هەنگاوی باش نراون و گەر بە گیانێكی بەرپرسانە رەفتار بكەین، ئەوا دۆزینەوەی چارەسەر لەئاسۆدایە! دەبا هەموومان بەو ئاراستەیە كار بكەین!
* وەزیری وەرزش و لاوان لەكابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەم بابەتە لە ژمارە ٧٩ ی گۆڤاری سڤیل چاپ کراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com