ئۆپۆزسیۆن‌ لە نامەیەکدا بۆ‌ جیهان : پرۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستاندا خاڵی كراوه‌ته‌وه‌ له‌ دیموكراسی

0

لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان‌ لە نامەیەکدا بۆ‌ جیهان : پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا خاڵی كراوه‌ته‌وه‌ له‌ دیموكراسی

نوچەنێت

لە نامەیەکی پەڕلەمانتارانی هەر سێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکەی کوردستان کە ئاراستەی جیهانیان کردووە، بە ١٣ خاڵ پێشێلکارییەکانی دیموکراسی لەهەرێمی کوردستان دیاری دەکەن و رایدەگەیەنن” پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا خاڵی كراوه‌ته‌وه‌ له‌ ناوه‌رۆكی دیموكراسی” په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان لە نامەکەیاندا کە ئاراستەی هەریەک لە په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌ورپا و په‌رله‌مانی  وڵاتانی جیهان و ئه‌منیستی ئینتر ناشناڵ و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و كۆنگره‌ی وڵاتانی ئیسلامی و کۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بیان کردووە دەڵێن ئەم راپۆرتە”‌ ئاراسته‌ی به‌رێزتان ده‌كه‌ین، به‌ مه‌به‌ستی ئاگاداربونتان له‌ ره‌وشی سیاسی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵ و هیمه‌ت ‌و توانای خۆتان به‌كار بهێنن له‌ هه‌رێمه‌كه‌ماندا بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ زیاتر پرۆسه‌ی دیموكراسی به‌ ئاراسته‌ی هه‌ڵه‌دا نه‌برێ‌‌و هاوڵاتیان ‌و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان نه‌كرێنه‌ قوربانی ویسته‌ نادیموكراسیه‌كان”

دەقی نامەکەی سێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکە

به‌رێز/ په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌ورپا

به‌رێز/په‌رله‌مانی  وڵاتانی جیهان

به‌رێز/ ئه‌منیستی ئینتر ناشناڵ

به‌رێز/ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان.

به‌رێز/ كۆنگره‌ی وڵاتانی ئیسلامی

به‌رێز/ كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌ب

دوای سڵاو…

 ئێمه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌م نامه‌یه‌ ئاراسته‌ی به‌رێزتان ده‌كه‌ین، پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ئاراسته‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی وه‌رگرتوه‌، له‌ پێشلكردنی پرنسیبه‌كانی ئازادی بیروڕا، ئازادی خۆپیشاندان، سه‌روه‌ری یاسا، بێ‌ لایه‌نی دام ‌و ده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌ ململانێ‌ سیاسیی و كۆمه‌ڵاتییه‌كان، فه‌رامۆشكردنی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ له‌ هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌كی دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ جوڵه‌ی دیموكراسی هاوڵاتیاندا، كه‌ بوه‌ته‌ مایه‌ی دروست بوونی توندوتیژی رێكخراو ‌و دامه‌زاراوه‌یی حكومی به‌رانبه‌ر هاوڵاتیان، واته‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا خاڵی كراوه‌ته‌وه‌ له‌ ناوه‌رۆكی دیموكراسی، بۆیه‌ ئه‌م ره‌وشه‌ نێگه‌تیڤه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێدا تێپه‌رده‌بێت خوازیاری هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی دۆستان و خه‌مخۆرانی پرۆسه‌ی دیمكراسیه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می جیهانگیریدا ئیراده‌ی ده‌ولی رۆلێكی بناغه‌یی گرنگ ده‌بینێت له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی ده‌وڵه‌تان ‌و هێنانه‌دی خه‌ونی ئازادی ‌و دیموكراسی گه‌لان.

بۆیه‌ ئێمه‌ په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌م ڕاپۆرته‌ ئاراسته‌ی به‌رێزتان ده‌كه‌ین، به‌ مه‌به‌ستی ئاگاداربونتان له‌ ره‌وشی سیاسی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵ و هیمه‌ت ‌و توانای خۆتان به‌كار بهێنن له‌ هه‌رێمه‌كه‌ماندا بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ زیاتر پرۆسه‌ی دیموكراسی به‌ ئاراسته‌ی هه‌ڵه‌دا نه‌برێ‌‌و هاوڵاتیان ‌و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان نه‌كرێنه‌ قوربانی ویسته‌ نادیموكراسیه‌كان.

ئه‌مه‌ش چه‌ند نموونه‌یه‌كه‌ له‌ پێشلكاری یه‌كان:

1- له‌ رۆژی 17/2/2011 دا له‌ پاش ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان دژ به‌ گه‌نده‌ڵی كرا، له‌ به‌رده‌م باره‌گای (پ.د.ك) له‌ سلێمانی ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران كراو منداڵێكی ته‌مه‌ن 17ساڵان (رێژوان عه‌لی) كوژراو 72 كه‌سیش برینداربوون هه‌ندێك له‌ برینداره‌كان برینیان سه‌خته‌ و وه‌ به‌ كه‌م ئه‌ندامی ده‌مینێنه‌وه‌.

2-ژماره‌ی كوژراوه‌كان له‌ چه‌ند رۆژی دواتر گه‌یشته‌ 8 كه‌س كه‌ زۆربه‌یان گه‌نجن، تا نوسینی ئه‌م نامه‌یه‌ زیاتر له‌ 200 بریندار هه‌یه‌ به‌پێ‌ی راپۆرتی  نه‌خۆشخانه‌كانی سلێمانی ‌و شار‌و دێكانی ده‌وروبه‌ری.

3-سوتاندانی كه‌ناڵی ئاسمانی نالیا NRT، كه‌ هه‌موو به‌ڵگه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌ پشتی سوتاندنیه‌وه‌ن.

4-هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌رانی به‌رده‌ركی سه‌راو سوتاندنی چادره‌كانیان و گرتنی زیاتر له‌ 25 چالاكوان.

5-لێدانی ئه‌ندام په‌رله‌مانی لیستی گۆڕان (بورهان رشید گوڵه‌) به‌ قۆناغه‌ ته‌فه‌نگ له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانی ئه‌ندام په‌رله‌مانی لیستی پارتی له‌ ناو بینای په‌رله‌ماندا، ئه‌م كه‌یسه‌ له‌ مێدیا لۆكاڵی ‌و عه‌ربیه‌كان ئاماژه‌ی پێكراوه‌.

6- ناردنی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن به‌ SMS بۆ په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. ئه‌و ژماره‌ ته‌له‌فۆنانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی لێوه‌كراوه‌ زانراون و پۆلیس ‌و دادگایان لێ ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌.

7-سوتاندنی باره‌گای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ناوچه‌ی هه‌ولێر‌و دهۆك ‌و سۆران ‌و شه‌قڵاوه‌.

8-لێدان ‌و تۆقاندانی مێدیاكاران به‌ تایبه‌تی له‌ كه‌نه‌ڵه‌كانی ئۆپۆزسیۆن (knn، سپیده‌، په‌یام)

9- داخستنی ده‌رگا و هۆڵی په‌رله‌مان به‌سه‌ر په‌رله‌مانتاراندا  به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ ‌و پاش ئه‌وه‌ی به‌كارهێنانی هێزی چه‌كدار له‌ناو حه‌وشه‌ی په‌رله‌ماندا، بۆ ترساندن ‌و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن.

10-  له‌ به‌رواری 31/3/2011 له‌ قه‌زای كه‌لار سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی به‌ به‌رنامه‌ دارێژراو له‌لایه‌ن به‌پرسانی حزب ‌و حكومه‌تی سه‌ر به‌ (ی.ن.ك) ده‌زگا ئه‌منیه‌كان له‌ ناو خۆپیشانده‌راندا هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر په‌رله‌مانتارانی كوردستان ‌و عێراق ‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانێك به‌ ناوی (نه‌ریمان عه‌بدولا قادر) بریندار ده‌كرێت، ده‌درێت له‌ په‌رله‌مانتارێكی عێراق به‌ ناوی (سه‌ردار عه‌بدوڵا) به‌ به‌ڵگه‌ هه‌موو راستیه‌كان له‌ لامانه‌.

11-  سه‌رباری ئه‌مانه‌ جێبه‌جێنه‌كردنی بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌، كه‌ له‌ دوو كۆبونه‌وه‌دا له‌ 23/2/2011 ‌و له‌ 17/3/2011 دران.

12- هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواداچونی نه‌كرد بۆ بڕیاره‌كانی هه‌ردوو كۆبونه‌وه‌كه‌ی خۆی‌و، ئه‌و پێشێڵكاریانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌زگا ته‌نفیزیه‌كانه‌وه‌ كران، سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كان.

13-  له‌بری ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباران ژماره‌یه‌ك له‌ هه‌لسوڕاوان خۆپیشانده‌ران مامۆستایان ئاینی ‌و رۆشنبیران ده‌ستگیركران.

له‌به‌ر ئه‌م خاڵانه‌ ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا بایكۆتی ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ی  په‌رله‌مانمان كرد كه‌ دۆخی كوردستانی به‌ ئاسایی وێنا ده‌كات و، ئه‌وله‌ویه‌ت نادات به‌ داخوازی خۆپیشانده‌ران و بڕیاره‌كانی ئه‌م دوایی یه‌ی  په‌رله‌مان. 

فراكسیۆنی گۆڕان

فراكسیۆنی یه‌كگرتوو

فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ

17/4/2011

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com