جەلال کۆیی : ڕێگا ، لە تەنافێکی بێ پسانەوە دەچی
ڕۆژەکان هەر هەموویان دووبارەن
ئەمڕۆ لە دوێنێ دەچی و
سبەینێش فۆتۆکۆپی ئەمڕۆیە
شەوانە لەم مەنفا بەرینەدا
دەچۆڕێمە ناخی ئازارەکان لەگەڵ
هەنسکی دوا ئەستێرەی
ئاسمانی بێدارەوە لەناخی خۆما
چیڕۆکی ملیۆنەها
بێ نەوایانی ئەم ئازارستانە دەنووسمەوە
لەنێو ئەزەلی
ساتە پر حەسرەتییەکانی نامۆیی
تەمەنم لە نیگا پڕ بەرائەتەکاندا
تەلیسمی ئاسۆگەی کیشوەری یەقین
بە ئەنیی مەملەکەتی حەقیقەتا ئەخوێنمەوە
لە نێوان حەتمیەتی بوون و نەماندا
قەدەر
جۆغزێکی پڕ ئەفسوونە گۆرانی کۆچ لەم تاراوگەی فەنابوونەدا
بەسەر زاری نەوڕەسە غەریبەکانی ئەم سەرابستانی
عەشقەوە دەوترێتەوە لە مەحاڵی بوونی عەشق و
بەسەرچوونی ساتەگەشتەکان
قەسەمی زەمەن
بزەی شادی بۆ ئەبەد دەژێتەوە