ده‌سه‌ڵات به‌ توندی وه‌ڵامی ئۆپۆزسیۆن ده‌داته‌وه‌ و مه‌یدانی ئازادیش به‌ شۆفڵ هه‌ڵده‌كه‌نێت

0

ده‌سه‌ڵات به‌ توندی وه‌ڵامی ئۆپۆزسیۆن ده‌داته‌وه‌ و مه‌یدانی ئازادیش به‌ شۆفڵ هه‌ڵده‌كه‌نێت

نوچه‌نێت: تایبه‌ت

توندوتیژی له‌ سلێمانی به‌رده‌وامه‌ و ژماره‌ی برینداره‌كانی ئه‌مرۆش ده‌گاته‌ 91 كه‌س، وته‌بێژی سه‌رای ئازادیش رایگه‌یاند، به‌ شۆفڵ مه‌یدانی ئازادییان هه‌ڵكه‌ندووه‌.
له‌ رووداوه‌كانی ئه‌مرۆی شاری سلێمانیدا، توندوتیژی لێكه‌وته‌وه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ (91) كه‌س بریندار بوون، هاوكات هێزێكی زۆری چه‌كداریش له‌ شاری سلێمانی بڵاوه‌ی پێكراوه‌، كه‌ به‌پێی زانیارییه‌كانی نوچه‌نێت، ئه‌و هێزانه‌ نزیكه‌ی (4) هه‌زار چه‌كدار ده‌بن، هاوكات هێزێكی چه‌كدار ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌رای ئازادیدا گرت و سه‌كۆی سه‌رایان گڕ تێبه‌ردا، ماڵپه‌ڕی سبه‌ی كه‌ سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، بڵاوی كردۆته‌وه‌، ئه‌و هێزانه‌ كه‌ به‌و كاره‌ هه‌ستاون، سه‌ر به‌ هه‌واڵگری سه‌ربازی فه‌رمانده‌یی هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی بوون، له‌ هه‌والێكی ماڵپه‌ڕی سبه‌یدا هاتووه‌ “هێزه‌كه‌ی‌ هه‌واڵگری‌ فه‌رمانده‌یی، هێرشیان كردوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ش‌ له‌ چوارده‌وری‌ سه‌رادا بون و هاوكات په‌لاماری‌ سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نوس و په‌یامنێرانی كه‌ناڵه‌كانیان داوه‌و كامێراو شتومه‌كه‌كانیان لێسه‌ندون، به‌و مه‌به‌سته‌ی‌ وێنه‌ی‌ سوتاندنی سه‌كۆكه‌‌ بڵاو نه‌بێته‌وه‌”، هه‌روه‌ها له‌ هه‌واڵه‌كه‌ی ماڵپه‌ڕی سبه‌ی ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، “پاش ئه‌و كاره‌شیان، ئۆتۆمۆبێلێكی ئاسایش به‌ ژماره‌ (33211) له‌گه‌ڵ تراكتۆرو كرێنێكدا هاتون و سه‌رجه‌م پێداویستیه‌كانی‌ سه‌كۆكه‌یان بردوه‌و پۆسته‌رو وێنه‌ی‌ سه‌رجه‌م شه‌هیده‌كانیشیان لێكردوه‌ته‌وه‌”.
ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ به‌رده‌ست نوچه‌نێتدان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌مه‌ودوا به‌ شێوه‌یه‌كی توند وه‌ڵامی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌داته‌وه‌.
له‌ لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، ناسك قادر وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی، رایگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك هاونیشتیمانییان داوای ره‌وایان هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر سه‌كۆی ئازادیش نه‌بێت، ده‌نگیان بیستراوه‌، وتیشی “هه‌ر مه‌نه‌سه‌كه‌یان نه‌سوتاندووه‌، به‌ڵكو مه‌یدانه‌كه‌شیان به‌ شۆفڵ هه‌ڵكه‌ندووه‌، بۆیه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ ته‌نها زمانی توندوتیژی ده‌زانێت، هه‌موو شتتێك ده‌كات، وا ده‌زانێت ئه‌م كوردستان ته‌نها موڵكی ئه‌وانه‌، ئه‌و بێڕیزییه‌ی كه‌ كردوویانه‌ به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵك له‌ هه‌موو دنیادا وایه‌، ئه‌گه‌ر یاسا سه‌روه‌ر بێت، ده‌بێت ئه‌وان باجه‌كه‌ی بده‌ن، چونكه‌ ئێمه‌ خۆپیشانده‌رین و داواكاری ره‌وامان هه‌یه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌بوایه‌ وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی بدایه‌ته‌وه‌، نه‌ك توشی ئه‌م دۆخه‌ ده‌روونییه‌ هیستریاییه‌ بێت، كه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌”.
وتیشی “ئێمه‌ نارازین به‌م شوێازی حوكمڕانێتییه‌ له‌ كوردستان، بۆیه‌ خۆپیشانده‌ران خۆیان سبه‌ینێ‌ بڕیار ده‌ده‌ن، به‌ چ شێوه‌یه‌ك ته‌عبیر له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌و خۆپیشانده‌رانه‌، له‌سه‌ر شه‌قام ده‌بین”.
ناسك قادر پێیوایه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ناوچه‌كه‌، هه‌میشه‌ لاسایی یه‌ك ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ شته‌ خراپه‌كاندا، “ناتوانن لاسایی وڵاته‌ دیموكراسییه‌كان بكه‌نه‌وه‌”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com