مام گۆران : عەسرێکی پایز وەرەوە بۆ سلێمانی

0

مام گۆران : عەسرێکی پایز وەرەوە بۆ سلێمانی10277171_637142286378555_7415807036735502983_n

خاتوونەکەم
عەسرێکی پایز وەرەوە بۆ سلێمانی
ئەویش وەک من بیرت ئەکات
گشت شۆستەو شەقامەکانی
لە دەروازەی شار ڕاوەستاوم
چاوەڕوانم
لە دوورەوە بمناسەوە
تەنیایی ئەتکێت لە گیانم
کڵاوێکی ڕەساسی ئیتاڵی
پڕ لە خەمم لە سەر کردووە
لە کۆنەکە کڕیومە
لە سەری عاشقێکی تردا تەمەنی بەسەر بردووە
ملپێچێکی ڕەنگ شەکەری
بە دەست چنراو لە ملمایە
تا تۆ دێیت
گڕ لە دەستما دا نامرکێت
هەر جگەرەم لە دەستایە
پاڵتۆیەکی ڕەشی ڕووسی
وەک ئەوەی جەنەڕاڵەکان
گشت باڵامی داپۆشیوە
گیرفانەکانی چاوەڕێی دەستێکی ساردن
قۆڵەکانی باوەشێکن لە حەسرەت
وەک ڕەنگی من
یەک دوو قۆپچەشی پەڕیوە
پانتۆڵێکی خۆڵەمێشی لە بەرمایە
لە گەڵ جووتێک پووتی ڕەشا
وەک بەختی خۆم ڕەشی قەتران
لە پێیەکانم زویر بوون
چون دەمێکە نەچوون بۆ ژوان
تۆ وەرە
عەزیەک لە بەربکە
لە ڕەنگی گوڵی هەنار
سەرپۆشێ بدە بە سەرتا
لە ڕەنگی گوڵی چوالە
بەشکم خوایە
خۆت و ئەو ڕەنگە ناسکانە
ڕەنگی پەڕیوم بگۆڕن
نەک خۆم
فریشتەکانی سەر شانم
بە تاسەوە بۆت بنۆڕن
دڵنیابە من ناڕۆم
تا تۆ دێیت
لە گەڵ خۆت سۆزی “فروغ”م بۆ بێنە
وەکو “سوهراب” پڕم بکە لە سەفەر
بۆ ئەوەی بفڕم لە ئاسمانی شعردا
خەیاڵی “شێرکۆ”م بۆ بێنە
 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com