بنه‌ماڵه‌ی ئه‌حمه‌د هه‌ردی: هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مگه‌ر و گه‌نده‌ڵ تا ئه‌به‌د حوكم ناكات

0

بنه‌ماڵه‌ی ئه‌حمه‌د هه‌ردی: هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مگه‌ر و گه‌نده‌ڵ تا ئه‌به‌د حوكم ناكات

نوچه‌نێت: سلێمانی

له‌ په‌یامكێدا بنه‌ماڵی ئه‌حمه‌د هه‌ردی كه‌ به‌بۆنه‌ی ده‌ستگیركردنی رێبین هه‌ردییه‌وه‌ بڵاوییان كردۆته‌وه‌، رایده‌گه‌یه‌نن، كه‌ به‌ر له‌وه‌ی داوای ئازاد كردنی رێبین بكه‌ن، داوا ده‌كه‌ن ده‌سه‌ڵات واز له‌و ره‌شبگرییه‌ بهێنێت، كه‌ ده‌ستی داوه‌تێ‌، هه‌روه‌ها له‌ په‌یامه‌كه‌یاندا هاتووه‌ “هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مگه‌ر و گه‌نده‌ڵ تا ئه‌به‌د حوكم ناكات”.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌….

په‌یامێك له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌حمه‌د هه‌ردییه‌وه‌

ئه‌مڕۆ، رێبین هه‌ردی له‌لایه‌ن هێزه‌ چه‌كداره‌كانی یه‌كێتیه‌وه‌ ده‌ستگیركرا. رێبین هه‌ردی ئه‌و پیاوه‌ ئاشتیخوازه‌یه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ داكۆكیی له‌وه‌ ده‌كرد خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان به‌ ئارامی به‌ره‌و پێش بچن. ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بوو كه‌ هاواری كرد: به‌ ئاشتی، به‌ ئاشتی؛ یه‌كه‌م كه‌س بوو كه‌ هاواری كرد: پێشمه‌رگه‌ برامانه‌، پارێزه‌ری مافمانه‌.  ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێسته‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی فه‌رمانده‌یی گشتیی یه‌كێتیه‌وه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێت. هیوادارین ئه‌مه‌ راست نه‌بێت. هیوادارین ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ گرتوویانه‌ وته‌ و هه‌ڵوێسته‌ جوانه‌كانی ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ی ئه‌ویان له‌بیر بێت.

ئێمه‌، وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی هه‌ردی، هه‌موو دڵمان لای ئه‌و و لای ئه‌و هاوڵاتیانه‌یه‌ كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا بریندار و ده‌سگتگیركراون. ئێمه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌تایبه‌تیش ده‌سه‌ڵاتدراێتی یه‌كێتی به‌ به‌رپرس ده‌زانین به‌رامبه‌ر به‌م كاره‌ ناڕه‌وایه‌. ده‌مانه‌وێت به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان بڵێین كه‌ به‌كارهێنانی زه‌بروزه‌نگ و توندوتیژیی نیشانه‌ی بێده‌سه‌ڵاتی و دیكتاتۆریه‌ته‌. ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌ نه‌ك هه‌ر له‌ ئامانجه‌كانتان نزیكترتان ناخاته‌وه‌ به‌ڵكوو ئه‌وه‌ندی تر خه‌ڵكی كوردستانتان لێ تووڕه‌ ده‌كات. ته‌نها رێگه‌یه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وی متمانه‌ی دۆڕاوتان گوێگرتن بوو له‌ داواكاریه‌كانی خه‌ڵك، ده‌سگیركردنی ئه‌و هه‌موو تاوانباره‌ بوو كه‌ ده‌ستیان چووه‌ خوێنی میلله‌تی خۆیان، چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و هه‌موو كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ بوو كه‌ حوكمی ئێوه‌ هێنایه‌ ناو وڵاته‌كه‌مانه‌وه‌. به‌ڵام ئێوه‌ گوێتان نه‌گرت. ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ لووت به‌رزن كه‌ رابوردووی ئه‌م میلله‌ته‌تان له‌بیر نیه‌. بیرتان نیه‌ چۆن هه‌ر ئه‌م خه‌ڵكه‌ ساده‌یه‌ به‌ كڵاشینكۆفی ژه‌نگاویه‌وه‌ به‌گژ ده‌سه‌ڵاتێكدا ده‌چوون كه‌ نه‌ك هه‌ر پشتگیریی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌بوو به‌ڵكوو سامناكترین و قه‌ده‌غه‌ترین چه‌كه‌كانی دنیاشی له‌به‌رده‌ستدا بوو. بۆ بیرتان چۆوه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ و ئه‌شكه‌نجه‌ و سووكایه‌تیی ده‌وڵه‌تێكی پڕ چه‌ك نه‌ترسا ئیتر ئێسته‌ چۆن ئێوه‌ ده‌توانن به‌م شێوه‌یه‌ چۆكی پێ داده‌ن؟

ئه‌ی سه‌ركرده‌ لووتبه‌رزه‌كانی كورد، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌مێك جێگه‌ ئومێدی ئێمه‌بوون، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا متمانه‌مان پێبه‌خشین و چه‌ندین ده‌رفه‌تمان دانێ تا به‌ڵێنه‌كانتان جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌سه‌ ئیتر خۆتان هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێنن. بیرتان نه‌چێت كه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مگه‌ر و گه‌نده‌ڵ تا ئه‌به‌د حوكم ناكات. ئه‌وه‌ هه‌ر رابوردوو نیه‌ كه‌ ئه‌مه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت به‌ڵكوو له‌ ئێسته‌شدا ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مگه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌رتان خه‌ریكه‌ یه‌ك به‌یه‌ك ده‌دۆڕێن و ده‌كه‌ون. وازبێنن له‌ به‌زۆر سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات و چه‌پاندنی خه‌ڵكی خه‌باتگێڕ. كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ رێز له‌ مێژووی خۆتان بگرن و به‌شه‌رمه‌وه‌ ده‌ست له‌كاربكێشنه‌وه‌. ئه‌ی شۆڕشگێره‌كانی دوێنی و سته‌مگه‌ره‌كانی ئه‌مڕۆ، ئێوه‌ رێگه‌یه‌كتان بۆ ئه‌م خه‌ڵكه‌ نه‌هێشته‌وه‌ جگه‌ له‌ تووڕه‌یی و رادیكاڵبوون. ئێوه‌ هه‌موو وێنه‌ جوانه‌كانی خۆتان دۆڕاند.

ئێمه‌ پێش ئه‌وه‌ داوای به‌ربوونی رێبین هه‌ردیی نووسه‌ر و تێكۆشه‌ری ئاشتیخواز بكه‌ین، داوای كۆتایی هێنان به‌و ره‌شبگیرییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئێستا له‌ كوردستاندا ده‌ستتان داوه‌تێ. داواكارین گیراوه‌كان ئازاد بكه‌ن، له‌م دوا فرسه‌ته‌دا بیرێك له‌ داهاتووی خۆتان بكه‌نه‌وه‌و به‌ده‌م داواكانی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ بچن.

بنه‌ماڵه‌ی هه‌ردی

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com