ره‌هه‌ندییه‌كان سه‌لامه‌تی ژیانی رێبین هه‌ردی، ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی تاڵه‌بانی و بارزانی
نوچه‌نێت: تایبه‌ت
له په‌یامێكدا نوسه‌رانی ره‌هه‌ند، داوای ئازاد كردنی رێبین هه‌ردی ده‌كه‌ن و سه‌لامه‌تیشی ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی تاڵه‌بانی و بارزانی، له‌و راگه‌یاندراوه‌كه‌دا كه به ناوی (مه‌ریوان وریا قانیع و به‌ختیار عه‌لی و ئاراس فه‌تاح) بڵاو كراوته‌وه، هاتووه “سهرنگونكردنی ڕێبین هه‌ردی ناچارمان ده‌كات هه‌موو ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تی و ناوه‌ندكانی مافی مرۆڤ و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان له جیهاندا به‌رامبه‌ر به‌م به‌ربه‌رییه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان، ئاگاداربكه‌ینه‌وه”.
ده‌قی په‌یامه‌كه…..
وه‌ك له ڕێگای ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه ده‌زانین ئه‌م به‌یانییه، ڕێكه‌وتی ١٩ی ئه‌پریلی ٢٠١١، ڕێبین هه‌ردی نووسه‌ر، كه یه‌كێكه له ڕۆشنبیره گه‌وره و به‌هه‌ڵوێسته‌كانی دونیای ڕۆشنبیریی كوردی، له‌لایه‌ن هێزێكی چه‌كداری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه له شاری سلێمانی ڕفێنرا. بێسه‌روشوێنكردنی ئه‌م نووسه‌ره، به‌بێ هیچ پاساو و داوایه‌كی یاسایی، سه‌لماندنی ئه‌و دڕنده‌یی و وێنه ناشیرینه‌یه كه له‌مڕۆدا ده‌سه‌ڵاتدارێتی سیاسی له كوردستانی عێراقدا به ڕای گشتی جیهانی نیشانده‌دات.
سهرنگونكردنی ڕێبین هه‌ردی ناچارمان ده‌كات هه‌موو ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تی و ناوه‌ندكانی مافی مرۆڤ و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان له جیهاندا به‌رامبه‌ر به‌م به‌ربه‌رییه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان، ئاگاداربكه‌ینه‌وه. ئێمه سه‌لامه‌تی ژیان و ته‌ندروستی جه‌سته‌یی و ده‌روونیی ڕێبین هه‌ردی هاوڕێمان، ڕاسته‌وخۆ ده‌خه‌ینه سه‌ر شانی جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عێراق و پیاوی یه‌كه‌می ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و مه‌سعود بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم و به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم. له‌م ڕێگایه‌شه‌وه داوای ئازادكردنی بێ قه‌ید و شه‌رتی ڕێبین هه‌ردی ده‌كه‌ین.
ئاراس فه‌تاح
مه‌ریوان وریا قانیع
به‌ختیار عه‌لی