شوان شەفیق : دەگەرێمەوە بۆ لای تۆ نا …!
مەودایەکی درێژ لە نێوان دڵ و مندایە
چەشنی فرمێسکەکانی دایکم کۆتایی نایە
لە سنووری عەدەمەوە دێمەوە
پیاسەیەك بە هاوڕێیەتی پەپوولە دەکەم
لە ساباتی گەڵایەکی پایزدا پشوو دەدەم
کە ( با ) هێشتاکە نەیخستۆتە فیراقەوە
دەگەرێمەوە بۆ لای تۆ نا …!
بیری پرچە سپیەکانی دەکەم
دڵم پرە و ژەنینی نەی
توانای ئەداکردنی نۆتەکانی خەمی نییە
دەست و پەنجەی شەکەتم هێزی گوشینی نییە
ئامێزم لێم تۆراوە و تاقاتی نازو مەکری نییە
ئاخر لە دایکم خۆشەویسترم نییە
دەگەرێمەوە بۆ لای تۆ نا ….!
بیری پرچە سپیەکانی دەکەم
لەم غەریبی یە قوتار دەبم
دەستی پەلکەزێرینە دەگرم
سەمایەکی شێتانەیە پێكەوەبوونمان
کە ڕۆیشتم زێدی خۆم بەجێ هێشت
نەمدەزانی کۆڵانەکانی ئەوین دەبنە تاریکستان
پشت کردنمە قەڵا زەلیلم دەکات لە گۆرستان
ئاخر غەریبی واتا زیندە بەچاڵ بوون
دەگەرێمەوە بۆ لای تۆ نا …!
بیری پرچە سپیەکانی دەکەم
سات بە سات
تەماشای کاتژمێرەکە دەکەم
یەقینم هەیە هێندەی من
تامەزرۆی گەیشتن بە کاتژمێر ٨ بێت
ئێوە نەتان زانیووە چۆلەکەکان
چاوەروانی نانە رەقەکەی دایکم دەکەن
لە مێژە من و دایکم و پاساری
لە خوانێکی پر موحیبەتدا کۆنەبووینەتەوە
دەگەرێمەوە بۆ لای تۆ نا …!
بیری پرچە سپیەکانی دەکەم
گەیشتنی تنۆکەی باران بە زەوی
دەست لە ملکردنی خۆر و شەونمی سەر گەڵاکان
ئاوێتە بوونی ماسی بە کەناراوەکان
لەنگەر گرتنی شەپۆل و کەشتییەکان
ناگەن بە تابلۆی ماچێكی پێکانت دایە گیان