نهێنی سەرکەوتنی گاریس بەیڵ لە هێڵی بەرگرییەوە بۆ هێرشبەرێکی بەتوانا.
نوچە.نێت:وەرزشی
بەڕێوەبەری پێشوی وەرزشی لە یانەی تۆتینهام،وە ئیدارییە فەڕەنسییە بە ناوبانگەکەی تۆپی پێی جیهان و خولی ئینگلیزی بە تایبەت”دامیان کۆمۆڵی” نهێنی سەرکەوتنی بەیڵ ئاشکرا دەکات.
“کۆمۆڵی”دەڵێت”: لە وەرزی 2009-2010 و لەگەڵ دەست پێ کردنەوەی خولی نایابی ئینگلیزی،”هاری ڕیدناب”ـی بە ڕەگەز ئینگلیزی و ڕاهێنەری یانەی تۆتینهام، سەرجەم هاندەران و دەستەی کارگێڕی یانەکەی تۆشی سەرسوڕمان کرد بەوەی یاریزان “گاریس بەیڵ”ـی لە یاریزانێکی ئاسایی هێڵی بەرگرییەوە گواستییەوە بۆ هێڵی هێرشبەری یانەکە و لەو ڕێگەوە “بەیڵ” بووە ئەستێرەی یەکەم لە یانەی تۆتینهام و هەر هەمان ساڵ بووە باشترین یاریزانی خولی ئینگلیزی و لە هەمان کاتدا بە باشترین یاریزانی یاریدەدەری نێو یاریگاش دەستنیشان کرا.
ئەم شوێن پێ گۆڕینەی “بەیڵ”سەرەنجام لە بەرژەوەندی یانەکە و “بەیڵ” و تۆپی پێی جیهان شکایەوە بەوەی تۆپی پێی جیهان بە ئەستێرەیەکی تر ئاشنا بوو.
“کۆمۆڵی”بیرۆکەی گۆڕینی شوێنی “بەیڵ”ـی بە تەنها بیرۆکەی “ڕێدناب”نەزانی بەڵکو پێشنیاری وەرزشوانان و ڕۆژنامە وەرزشییەکانی ئینگلتەڕای بە هۆکاری سەرەکی دانا بۆ ئەوەی ڕاهێنەر “هاری ڕێدناب”ئەو بڕیارە بدات.
“کۆمۆڵی” ئەوەشی ڕونکردەوە کە دەستەی کارگێڕی یانەکە داوایان لە ڕاهێنەر”هاری ڕێدناب”کربوو کە بیر لە لەدەستدانی “گاریس بەیڵ” بۆ یانەی بێرمینگهام بکاتەوە بەڵام ڕاهێنەر “هاری ڕێدناب”ئەو بیرۆکەیەی ڕەد کردەوە و سەرەنجام “گاریس بەیڵ”بووە باشترین یاریزان لە ڕووی نرخەوە لە سەرتاسەری جیهان کە نرخەکەی 100 ملیۆن یۆرۆیە.