به‌همه‌ن عومه‌ر: چیرۆكی‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانم به‌ده‌ستی‌ به‌ڵته‌چییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ولێر

0

شه‌قی‌ به‌عس‌و شه‌قی‌ ئه‌زمو‌ونه‌ دیموكراتییه‌كه‌مان
چیرۆكی‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانم به‌ده‌ستی‌ به‌ڵته‌چییه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ولێر


به‌همه‌ن عومه‌ر- هه‌ولێر

دایكم بۆی گێڕامه‌وه‌ كه‌ له‌ دایكبووم، باوكم له‌ زیندانی‌ به‌عسییه‌كاندا بوو، دوای‌ 14 رۆژ له‌ ته‌مه‌نی‌ من له‌ زیندان ئازاد كرابوو، ئه‌وه‌شی‌ بۆ گێڕامه‌وه‌ باوكم له‌لایه‌ن ئه‌منه‌كانه‌وه‌ زۆر به‌توندی‌ لێدرابوو، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار و دواجاریشی‌ نه‌بوو، یه‌كێك له‌و هۆیانه‌ی‌ وایكرد باوكم ببێت به‌ پێشمه‌رگه‌‌و چه‌ك هه‌ڵبگرێت هه‌ر ئه‌و گرتنه‌ و به‌ردانه‌ به‌رده‌وامانه‌ی‌ به‌عس بوو، دوای‌ 27ساڵ رۆژی‌ 19/4/2011من هه‌مان ئه‌و شه‌قانه‌م خوارد كه‌ له‌ باوكم هه‌ڵدرابوو به‌ جیاوازییه‌كی‌ بچو‌وكه‌وه‌! ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو كه‌ شه‌ق وه‌شێنه‌كان ئه‌م جاره‌یان به‌كوردی‌ جنێویان ده‌دا.
من كه‌ ئێستا خه‌ریكی‌ نووسینی‌ ئه‌م بابه‌ته‌م ئازارێكی‌ زۆر له‌ پیشتی‌ ملمدا هه‌یه‌‌و بێتاقه‌تی‌ كرد‌ووم، به‌ڵام ئازارێكی‌ گه‌وره‌تر له‌ دڵمدایه‌، سه‌خته‌ مۆرڤ ته‌سه‌وری‌ ئه‌وه‌ بكات كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆتدا، به‌و شێوه‌یه‌ بێڕێزی‌ به‌ ئینسانیه‌تت بكرێت و ئازار نه‌چێژی‌.
ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ شوان سدیقی‌ هاوڕێ و هاوكارم له‌ گۆڤاری‌ سڤیله‌وه‌ بۆ ته‌ختیه‌كردنی‌ رۆژنامه‌وانی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ هه‌ولێر چو‌وین بۆ به‌رده‌م سه‌رۆكایه‌تی‌ زانكۆ، له‌وێ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك دروستبوو، له‌و كاته‌دا كه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر محه‌مه‌د كیانی‌ په‌رله‌مانتاری‌ گۆڕان له‌ عێراق، من ده‌ستم كرد به‌ وێنه‌گرتن، ئه‌وه‌بوو له‌لایه‌ن زیاتر له‌ 20 كه‌س هێرش كرایه‌ سه‌رم به‌ شه‌ق و بۆكس خنجه‌ر و زنجیر و دار لێیاندام، سه‌یر ئه‌وه‌بوو له‌ یه‌كه‌م ساتدا خۆم پێناساندن كه‌ رۆژنامه‌نووسم، به‌ڵام ئه‌‌وكات زیاتر هێرشیان كرده‌ سه‌رم‌و هه‌ستم به‌ بوغزێكی‌ گه‌وره‌ ده‌كرد له‌ دڵیاندا به‌رانبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان! هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌موو جلی‌ مه‌ده‌نیان له‌به‌ردابوو، به‌ڵام به‌ تێكڕایی‌ له‌ خه‌ڵكانی‌ شاره‌زا ده‌چو‌ون له‌و كاره‌دا، هه‌موویان پێكه‌وه‌ هێرشیان ده‌كرد‌و له‌ شوێنه‌ حه‌ساسه‌كانی‌ جه‌سته‌یان ده‌داین، هه‌موویشان ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ من بینینم قژیان كه‌م بوو، بۆیه‌ له‌ گرو‌وپێكی‌ ئاڕاسته‌كراو ده‌چوو له‌لایه‌ن ده‌زگا یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی‌ دیاریكراوه‌وه‌ نێردرابن، سه‌یر ئه‌وه‌ بوو خۆیان به‌ ده‌م شه‌قه‌وه‌ منیان به‌ره‌و پۆلیسه‌كان برد، پۆلیسه‌كانیش به‌بێ هیچ كێشه‌یه‌ك منیان لێوه‌رگرتن‌و به‌ره‌و ئۆتۆمبێله‌كه‌یان بردمیان! له‌كاتێكدا دوو پۆلیس هه‌رد‌وو ده‌ستی‌ منیان گرتبوو تا كاتێك خستمیانه‌ پشتی‌ سه‌یاره‌یه‌كی‌ پۆلیس هێرشكه‌ره‌كان لێیان ده‌دام، كاتێك گه‌یشتمه‌ ناو سه‌یاره‌ی‌ پۆلیس له‌وێدا وادیار بوو ئه‌ركی‌ هێره‌شكه‌ره‌كان ته‌واو بووبو‌و! چونكه‌ ئیدی‌ وازیانلێهێنام.
ئه‌و ر‌ووداوانه‌ نزیك كاتژمێر یه‌كی‌ پاش نیوه‌ڕۆ ر‌وویدا.
دواتر شوان سدیقیشیان هێنا بۆ لام كه‌ ئه‌و وه‌زغی‌ زۆر له‌ من خراپتر بوو، پاشان بردینیانه‌ بنكه‌یه‌كی‌ پۆلیس، كه‌ چه‌ند رۆژنامه‌نووسێكی‌ دیكه‌ی‌ تێدابوو پێكه‌وه‌ بووین به‌ 10 كه‌س 8 رۆژنامه‌نووس و دوو خوێندكاری‌ زانكۆ، له‌و بنكه‌یه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ ناو‌و پیشه‌كانمانیان پرسی‌ زانیان كه‌ رۆژنامه‌نووسین پۆلیس هه‌مو‌ومانی‌ پشكنی‌، ئیدی‌ ر‌وویانكردینه‌ دیوارێك و هه‌مو‌ومانیان كه‌له‌بچه‌ كرد،(ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار بوو له‌ ژیانمدا كه‌له‌بچه‌ بكرێم)، دواتر به‌ڕیز له‌ به‌رده‌م دیوارێكدا به‌ پێوه‌ وه‌ستاین.
بۆ ماننه‌بوو دابنیشین! بۆمان نه‌بوو لێك نزیك ببینه‌وه‌‌و ته‌نانه‌ت نه‌ده‌بوو پێكه‌وه‌ قسه‌ش بكه‌ین! دوای‌ نزیكه‌ی‌ 30 ده‌قه‌ كه‌له‌بچه‌كانیان كردینه‌وه‌ ‌و گواستینیانه‌وه‌ بۆ ساحه‌یه‌كی‌ دیكه‌، هه‌ر له‌ناو مه‌ركه‌زه‌كه‌ له‌ به‌رده‌م خۆره‌كه‌ رایانگرتین، كه‌ زۆر گه‌رم‌و بێزاركه‌ربوو، دیسان به‌ڕیز نه‌ده‌بوو دابنیشین و پێكیشه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ین! به‌ڵام كه‌له‌بچه‌ نه‌بووین.. دوای‌ نزیكه‌ی‌ 20 ده‌قیقه‌ له‌ به‌رده‌م خۆره‌كه‌ گواستینیانه‌وه‌ بۆ سێبه‌رێك، به‌ڵام هه‌ر بۆماننه‌بوو لێك نزیك بكه‌وینه‌وه‌‌و پێكه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ین و ته‌نانه‌ت ئاوڕ له‌ دواشه‌وه‌ بده‌یت! دواتر نزیكه‌ی‌ سه‌عات 3:30ده‌قیقه‌ دوو دوو بانگیان كردین‌و  له‌وێ چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی‌ پله‌ به‌رز دانیشتبوون،  ناردینیان بۆ ژو‌ورێكی‌ دیكه‌ كه‌ كه‌سێك وه‌ره‌قه‌یه‌كی‌ خسته‌ به‌رده‌ستی‌ من و شوان سدیق كه‌ به‌ڵێننامه‌یه‌ك بوو تێیدا نووسرابوو «ئێمه‌ كه‌ له‌ خواره‌وه‌ ناومان هاتووه‌ به‌ڵێن ده‌ده‌ین كه‌ جارێكی‌ دیكه‌ به‌شداری‌ له‌ كاری‌ ئاژاوه‌گێڕیدا ناكه‌ین«. هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند كه‌سێكیان واژۆیان كردبوو كه‌ من نازانم كێ بوون، به‌ڵام من و شوان وتمان ئه‌وه‌ واژۆ ناكه‌ین، چونكه‌ به‌و پێیه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر كاری‌ ئاژاوه‌گێڕی گیراوین، له‌كاتێكدا ئێمه‌ رۆژنامه‌نووسین! بۆیه‌ ئه‌وان وه‌ره‌قه‌یه‌كی‌ سپیان هێناو وتیان كه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ به‌هۆی‌ كاری‌ رۆژنامه‌وه‌نو‌وسییه‌وه‌ گیراون ئێمه‌ش واژۆمان كردو ئازادیان كردین.
به‌و شێوه‌یه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێمه‌ هێرشمان كرابووه‌ سه‌رو لێمان درابوو ‌و كامێراكانمان دزرابوو! كه‌چی‌ پۆلیس له‌بری‌ به‌دواداچوونی‌ بابه‌ته‌كه‌ نزیكه‌ی‌ 3 سه‌عات ئێمه‌یان ده‌ستگیركرد‌و به‌و هه‌موو سوكایه‌تییه‌وه‌ كه‌له‌ سه‌ره‌وه‌ باسم كرد.. ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئه‌زمو‌ونه‌ دیموكراسیه‌ی‌ كه‌ ده‌یانویست ئیسترادی‌ بكه‌ن بۆ هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست!

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com