هیوا میرزا سابیر: ده‌بێت دەسەڵات به‌جددی و به‌ڕاستی بێته ‌سه‌ر هێڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ و كرداری بۆ خواسته‌كانی جه‌ماوه‌ر و موعاره‌زه‌

0

هیوا میرزا سابیر: ده‌بێت دەسەڵات به‌جددی و به‌ڕاستی بێته ‌سه‌ر هێڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ و كرداری بۆ خواسته‌كانی جه‌ماوه‌ر و موعاره‌زه‌

هیوا میرزا سابیر

له‌ گۆشه‌ی (رۆشنایی) هه‌فتانه‌ مامۆستا هیوا میرزا سابیر، وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی نوچه‌نێت ده‌داته‌وه‌ و تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر پرسه‌ فیكری و سیاسییه‌كان.

نوچەنێت: پێتوایه‌ توندوتیژیه‌كان سه‌ر بكێشێت بۆ شه‌ڕی ناوخۆ؟

هیوا میرزا سابیر: ئه‌م بارودۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستانی پیا تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌ بۆچوون و قه‌ناعه‌تی من هه‌نگاوه‌نان و پێشه‌كیه‌كه‌ بۆ قۆناغ و بارودۆخێكی ئاسایی و واقعێكی ناوه‌رۆكدار و میسداقیه‌تدار و سه‌ره‌تایه‌ بۆ وشیار بونه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیراده‌ و ئیداره‌ و ماف بۆ جه‌ماوه‌ر و كۆتایی هێنانه‌ به‌ واقعی دوو ئیداره‌یی و بێ‌ ناوه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ نیشتمانیه‌كانمان، له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی، ئه‌وه‌ش ئێستا داوای ئه‌مه‌ ده‌كات جه‌ماوه‌رێكی ئازادیخواز و موعاره‌زه‌یه‌كی مه‌ده‌نیه‌، كه‌ قه‌ناعه‌تیان به‌ توندوتیژی و ترساندن و تۆقاندن نیه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ چه‌سپاندنی داوا و خواسته‌كانیان، بیریان لای چه‌ك و هێزی سه‌ربازی نیه‌ ، به‌ڵكو به‌شێك له‌ داوا سه‌ره‌كیه‌كانیان كۆتایی هێنانه‌ به‌ قۆناغی توندوتیژی و پشتبه‌ستن به‌ چه‌ك، بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان و هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌كان، له‌ رێگه‌ی دایه‌لۆگ و دانوستاندن و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لای مه‌نتیقی عه‌قڵ و یاسا و پرنسیپه‌كانی ژیانی دیموكراسی و مه‌ده‌نی.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم، به‌رپرسیاری هه‌ر ئه‌گه‌رێكی سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی، روو له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كات، ئه‌وه‌ ده‌بێت به‌جددی و به‌ڕاستی بێته‌سه‌ر هێڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ و كرداری بۆ خواسته‌كانی جه‌ماوه‌ر و موعاره‌زه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و له‌كار كه‌وتنه‌ی كه‌ ڕووی له‌ ئیداره‌ و ئیراده‌ی چاكسازی و گۆڕانكاری له‌م هه‌رێمه‌دا كردووه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌ رێگرتن له‌ ده‌ست تێوه‌ردانی حیزبی له‌ كار و ده‌سه‌ڵاته‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سامانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیمان، ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌ رێگه‌ گرتن له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر ده‌ست تێوه‌ردانێكی لاوه‌كی و توندوتیژی.
له‌م روانگه‌وه‌ ده‌ڵێم یه‌كێك له‌ داوا سه‌ره‌كی و ستراتیژییه‌كانی جه‌ماوه‌ر و موعاره‌زه‌، كۆتایی هێنانه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و كێشه‌ و گرفته‌ هه‌ڵپه‌سێوراوانه‌ی ناوخۆی هه‌رێم، به‌ تایبه‌ت له‌نێوان هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار كه‌ هه‌رده‌م به‌ هۆیانه‌وه‌ شه‌ڕی ناوخۆ به‌ دوور نازانرێت و هه‌ردوولایان ئه‌وه‌یان كردۆته‌ پاساو، بۆ رێگه‌ گرتن له‌ رێگه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ئیداره‌ و كۆتایی هێنان به‌ دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و سامان له‌م هه‌رێمه‌دا.
كه‌واته‌ ئه‌م جوڵانه‌وه‌ مه‌ده‌نیه‌ و ئه‌م داوایانه‌، له‌هه‌ناویدا كۆتایی هێنانێكی هه‌میشه‌یی به‌ شه‌ڕی ناوخۆ له‌ نێوان هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌دا و به‌تایبه‌ت له‌نێوان هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدا له‌ خۆ گرتووه‌، نه‌ك ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی لێ‌ بكرێت.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com