مام رۆسته‌م هۆشداری درووستبوونی مه‌فره‌زه‌ی نهێنی چه‌كداری دەدات……. پارتی و یه‌كێتی به‌ ناقیله‌ی كۆنی به‌عسه‌وه‌ جه‌ماوه‌ر سه‌ركوت دەكه‌ن

0

مام رۆسته‌م درووستبوونی مه‌فره‌زه‌ی نهێنی چه‌كداری به‌ دوور نازانێت

مام رۆسته‌م: پارتی و یه‌كێتی به‌ دوو ناقیله‌ی كۆنی به‌جێماوی به‌عسه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت جه‌ماوه‌ر سه‌ركوت بكه‌ن

نوچه‌نێت: رێبوار ره‌زا چوچانی

Facebook: rebwar raza chuchani

 

مام رۆسته‌م ره‌خنه‌ له‌ له‌شكركێشییه‌كه‌ی سه‌ر پارێزگای سلێمانی و ده‌وروبه‌ری ده‌گرێت و درووستبوونی مه‌فره‌زه‌ی نهێنی چه‌كداریش به‌ دوور نازانێت، ده‌شڵێت “پارتی و یه‌كێتی به‌ دوو ناقیله‌ی كۆنی به‌عسه‌وه‌، ده‌یانه‌وێت میلله‌ت سه‌ركوت بكه‌ن”.
مام رۆسته‌م، ناوێكی ئاشنایه‌ لای زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌و زۆرینه‌ی ته‌مه‌نی له‌ شاخه‌كانی كوردستاندا به‌سه‌ر بردووه‌، چونكه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ی له‌ پێناو رزگاریدا به‌شداری تێكۆشینی گه‌له‌كه‌ی كردووه‌، ئه‌و یه‌كێك بووه‌ له‌ سه‌رپه‌له‌ گه‌نجه‌كانی پارتی له‌ شۆڕشی ئه‌یلولدا، به‌ڵام دوای نسكۆی ئه‌و شۆڕشه‌ و هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی نوێ‌، ده‌بێته‌ فه‌رمانده‌یه‌كی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌ دوای جیابوونه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و هاورێكانی و دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌ویش وه‌ك یه‌كێك له‌ هه‌ڵسوڕاوه‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ خۆی بۆ سه‌رخستنی پرۆژه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ ته‌رخان كرد، مام رۆسته‌م نیگه‌رانه‌ له‌و له‌شكركێشییه‌ی كه‌ ئێستا كراوه‌ته‌ سه‌ر ناوچه‌كانی پارێزگای سلێمانی، كه‌ به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار پێشمه‌رگه‌ له‌ شارو شارۆچكه‌كانی پارێزگای سلێمانی نیشته‌جێ‌ كراون، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ نوچه‌نێت ده‌ڵێت “من له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ به‌عس حوكمی گرتۆته‌ ده‌ست، له‌ دژی بووم و پێشمه‌رگه‌ بووم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مان كردوویانه‌، هه‌رگیز به‌عس نه‌یكردووه‌، چونكه‌ ئه‌مانه‌ شه‌قییان له‌ مامۆستای زانكۆ هه‌ڵداوه‌، به‌ كۆسته‌ر خوێندكارییان رفاندووه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مان كردوویانه‌، هه‌رگیز به‌عس نه‌یكردووه‌”.
مام رۆسته‌م نیگه‌رانه‌ له‌و ره‌وشه‌ی كه‌ هاورێكانی پێشووی له‌ ناو یه‌كێتیدا ئێستا درووستییان كردووه‌ له‌ ناوچه‌كانی شاری سلێمانی، پێیوایه‌ ئێستا ئه‌وان شه‌ڕ له‌گه‌ڵ میلله‌تدا ده‌كه‌ن، ده‌ڵێت “ئه‌و هه‌موو چه‌كداره‌یان بۆ سه‌ركوت كردنی جه‌ماوه‌ر هێناوه‌، ئه‌گه‌ر نیازیشیان لێدانی باره‌گاكانی گۆڕان بێت، هه‌ر شه‌ڕ له‌گه‌ڵ میلله‌تدا ده‌كه‌ن، چونكه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییه‌ و بریتییه‌ له‌ جوڵانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هێزێكی عه‌سكه‌ری نیه‌ تا هێرش بكرێته‌ سه‌ری، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نوێنه‌رایه‌تی 500 هه‌زار كه‌س ده‌كات و خاوه‌نی 25 كورسی په‌رله‌مانییه‌، خۆ ئه‌وان ناتوانن هه‌موو گۆڕان له‌ ناو به‌رن، خۆ ئه‌گه‌ر بیشیانه‌وێت، باره‌گاكان داگیر بكه‌ن، هه‌ر ناتوانن گۆڕان له‌ ناو به‌رن، چونكه‌ گۆڕان خه‌ڵكه‌ و له‌ خه‌ڵك پێكهاتووه‌، له‌ هه‌ولێریش باره‌گاكانمان سوتا و داخران، به‌ڵام گۆڕان نه‌فه‌وتاوه‌ و هه‌ر گه‌شه‌ش ده‌كات”.
مام رۆسته‌م كه‌ زیاتر به‌وه‌ ناسراوه‌، به‌شێكی زۆری وه‌ڵامه‌كان به‌ ئاراسته‌كردنی پرسیار ده‌داته‌وه‌، ده‌پرسێت “به‌عس كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد، 182 هه‌زار كوردی ئه‌نفال كرد، ئایا كورد تیاچوو؟، ده‌بێت برسین له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌عس 8 هه‌زار بارزانی ئه‌نفال كرد، ئایا بارزانییه‌كان تیاچوون، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌ سلێمانیش 100 هه‌زار كه‌س بكوژن، ناتوانن گۆڕان و خه‌ڵك له‌ ناو به‌رن”.
مام رۆسته‌م به‌ر له‌ راپه‌ڕین فه‌رمانده‌یه‌كی مه‌یدانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بووه‌، به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ده‌ڵێت “حه‌زم ئه‌كرد ئه‌و هه‌موو چه‌كداره‌ی ئێستا له‌ سلێمانین بیان بردایه‌ بۆ قه‌ره‌ ته‌په‌ و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی تر و منیش له‌گه‌ڵییان بوومایه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌وان وا ده‌زانن بناری گوێژه‌ قه‌ره‌ ته‌په‌ و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی تره‌ و هێزی بۆ ده‌هێنن و نیشته‌جێی ده‌كه‌ن”، مام رۆسته‌م ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هانده‌ری خۆپیشاندانه‌كان بێت، وتی “ئێمه‌ خۆپیشاندانمان ساز نه‌كردووه‌، به‌ڵام كاتێك كۆمه‌ڵێك گه‌نج دێنه‌ سه‌رشه‌قام و خۆپیشاندان ده‌كه‌ن و داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش ده‌بێت پشتیوانییان بكه‌ین، به‌ڵام پارتی و یه‌كێتی به‌ كۆمه‌ڵێك ناقیله‌ی كۆنی به‌جێماوی به‌عسه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت، جه‌ماوه‌ر سه‌ركووت بكه‌ن”.

ره‌خنه‌ له‌ لێدوانه‌كانی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ده‌گرێت و ده‌ڵێت “ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌، ئه‌و هه‌موو مامۆستایه‌ی زانكۆ، ئه‌و هه‌موو خوێندكاره‌ و ئه‌و هه‌موو گه‌نجه‌ی سه‌رای ئازادی، به‌ سه‌رسه‌ری و چه‌قۆ كێش و به‌ره‌ڵڵا ناو ده‌بات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانێت ئه‌وه‌ جه‌ماوه‌رن و جه‌ماوه‌ریش ساڵی 1991 راپه‌ڕینی كرد نه‌ك پێشمه‌رگه‌، چونكه‌ كاتێك ئێمه‌ هاتینه‌وه‌ شاری سلێمانی، ته‌نها ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ مابوو، جه‌ماوه‌ر هه‌مووی راماڵی بوو و حكومه‌تی به‌عسی ناچار كرد كه‌ له‌ كوردستان بكشێنه‌وه‌، با هیچ كه‌سێك و هیچ لایه‌نێك و هیچ به‌رپرسێكی یه‌كێتی موزایه‌ده‌ به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ردا نه‌كات، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌ شاره‌كانی ئازاد نه‌ كرد له‌ ساڵی 1991، به‌ڵكو خه‌ڵك بوو هه‌موو ناوچه‌كانی رزگار كرد له‌ پارێزگای سلێمانی هه‌تا چه‌مچه‌ماڵ، له‌ ناو شاری سلێمانیشدا ته‌نها ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ ئێمه‌ گرتمان، ئه‌گینا جه‌ماوه‌ر هه‌مووی رزگار كرد”.
مام رۆسته‌م نیگه‌رانه‌ له‌و بارودۆخه‌ و پێیوایه‌ به‌رده‌وامبوونی ئه‌و بارودۆخه‌، ئه‌گه‌ری شه‌ڕی لێده‌كرێت، ده‌ڵێت “وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ نابێت لێدوانی توند بدات، چونكه‌ ئه‌و ده‌توانێت به‌ لێدوانێك بارودۆخی كوردستان تێك بدات، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات مه‌فره‌زه‌ی نهێنی درووست بێته‌وه‌ و خه‌ڵك په‌نا بۆ درووست كردنی ئه‌و جۆره‌ مه‌فره‌زانه‌ ببات، چونكه‌ كاتی خۆی كه‌ گه‌نج ئه‌هات له‌ قه‌ره‌داخ لای ئێمه‌ ده‌بوونه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ خۆشیا نه‌ده‌هات، هه‌ستی به‌ غه‌در و زۆرداری ئه‌كرد، بۆیه‌ ده‌هات ده‌بوو به‌ پێشمه‌رگه‌”.
مام رۆسته‌م هۆشداری ده‌داته‌ حكومه‌ت و پێیوایه‌ كاره‌كانی ئێستای حكومه‌ت خه‌ڵك نیگه‌ران ده‌كات، ده‌شڵێت “حكومه‌ت ده‌بێت خزمه‌تكاری خه‌ڵك بێت، نه‌ك خه‌ڵك خزمه‌تكاری حكومه‌ت بێت، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌ حكومه‌تی خۆی بزانێت و دوای چوار ساڵی تر ده‌نگی پێ بداته‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا ده‌بێت حكومه‌ت ده‌ست و پێی جه‌ماوه‌ر ماچ بكات و داوای لێبووردنیان لێ بكات و گوێ‌ بۆ داواكارییه‌كانییان بگرێت و جێبه‌جێیان بكات و له‌گه‌ڵییان ئاشت بێته‌وه‌”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com