نەو شیروان مستەفا: قه‌یرانی ئێستای کوردستان نه‌مانی متمانه‌ی خه‌ڵکه به‌م دو حیزبه نه‌مانی باوه‌ڕه به راستگۆیی سه‌رکرده‌کانیان
نوچەنێت/ سبەی
کوردستان له ناو بازنه‌ی قه‌یران دا
نەوشیروان مستەفا
به‌ڵێ کوردستان له قه‌یران دایه!
ئه‌و قه‌یرانه‌ی کوردستانی تێ که‌وتوه زاده‌ی ئه‌مڕۆ نیه.
ده‌نگدانه‌وه‌ی روداوه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سه‌روی ئه‌فریقا نیه.
به‌رهه‌می خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی شه‌قامه‌کان نیه.
ده‌ستکردی ئۆپۆزیسیۆن: گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتو نیه.
قه‌یرانی کوردستان به ته‌نیا زاده‌ی یا دروستکراوی هیچ کام له مانه نیه، به‌ڵکو هۆکانی دروستبونی له زۆری ئه‌وانه کۆنتره. قه‌یرانێکه قوڵ و به‌رفراوانه. قه‌یرانێکه ره‌هه‌ندی سیاسی، ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگیی هه‌یه.
قه‌یرانی کوردستان زاده‌ی جۆری سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی کوردستانه. به‌رهه‌می سیاسه‌تی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، رۆشنبیری سه‌رکردایه‌تی هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره، ئه‌گه‌رچی تا چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر سه‌رکردایه‌تی هیچ کام له‌م دو حیزبه و هیچ کام له کاربه‌ده‌ستانی وڵات ئاماده نه‌بون دان به هه‌بونی هیچ قه‌یرانێک دا بنێن، به‌ڵکو که باسی کێشه و قه‌یران بکرایه توڕه ئه‌بون هه‌تا دۆخه‌که گه‌یشته ته‌قینه‌وه و خه‌ریک بو بگاته که‌ناری راماڵینی ده‌سه‌ڵات، ئه‌وسا دانیان به‌وه‌دا نا که:
به‌ڵێ له کوردستان قه‌یران هه‌یه.
به‌ڵێ کوردستان پێویستی به چاکسازیه.
له گه‌ڵ ئه‌م پێلێنانه ئاشکرایه‌ش دا که‌چی هێشتا نزیک نه‌که‌وتونه‌ته‌وه له دیاریکردنی هۆکاره‌کانی قه‌یرانه‌که و له چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌رکردنی و له میکانیزمی جێبه‌جێکردنی.
قه‌یرانی ئێستای کوردستان قه‌یرانێکی چوارسوچه:
سوچی یه‌که‌می نه‌مانی متمانه‌ی خه‌ڵکه به‌م دو حیزبه، نه‌مانی باوه‌ڕه به به‌ڵێنه‌کانیان، به راستگۆیی سه‌رکرده‌کانیان.
سوچی دوه‌می نه‌مانی متمانه‌ی بنکه رێکخراوه‌ییه‌کانی حیزبه‌کانی خۆیانه به سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کانیان، به تایبه‌تی دوای چاوه‌ڕوانیه‌کی درێژی بێهوده بۆ به‌ستنی کۆنگره‌ی حیزبه‌کانیان.
سوچی سێیه‌می نه‌مانی متمانه‌ی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کانه به یه‌کتری که ره‌نگی داوه‌ته‌وه له ململانێی نهێنی و ئاشکرای که‌س و ده‌سته‌کانیان دا بۆ ملشکاندنی یه‌کتری.
سوچی چواره‌می نه‌مانی متمانه‌ی هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره به یه‌کتری. هیچ حیزبێکیان متمانه به‌وی تریان ناکا ده‌سه‌ڵات یا هیچ ده‌زگایه‌کی هه‌ستیار ته‌سلیم به‌وی تریان بکا.
ئه‌م قه‌یرانه چوارسوچه، که به هه‌ر چواریان بێمتمانه‌ییه‌کی چوارپاڵویان دروست کردوه، کوردستانی هاویشتۆته ناو بازنه‌ی داخراوی قه‌یرانێکی قوڵ و گه‌وره‌وه، که ئه‌شێ ناوبنرێ قه‌یرانی دۆڕانی متمانه.
ده‌رئه‌نجامه راسته‌وخۆکانی ئه‌م قه‌یرانه ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌وخۆی هه‌بوه له‌سه‌ر بێ هێزکردن و لاوازکردنی ده‌زگا فه‌رمیه‌کانی هه‌رێم که له بنه‌ڕه‌ت دا ئه‌بو ئه‌وان جێگه‌ی راسته‌قینه‌ی چاره‌سه‌ری کێشه و قه‌یرانه‌کان بن. ده‌سه‌ڵاته‌کانی یاسادانان و جێبه‌جێ کردن و دادوه‌ری که ئه‌بو جێگه‌ی چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌ی کیشه‌کان بن و خاڵی هاوبه‌شی هه‌موان بن، خۆیان بون به به‌شێک له کێشه‌که و به‌ته‌واوی که‌وتونه‌ته ژێر کاریگه‌ری ئه‌و قه‌یران و کێشانه‌وه که دو حیزبه باڵاده‌سته‌که دروستیان کردوه. لێره‌وه دۆڕانی متمانه له حیزب و سیاسه‌ته‌کانی، سه‌ری کێشاوه بۆ دۆڕانی متمانه به ده‌سه‌ڵاته‌کانی هه‌رێم، دۆڕانی متمانه به ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن، دۆڕانی متمانه به ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، دۆڕانی متمانه به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.
ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی
ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه.
ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌و ئاشتیه‌یه که بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له وڵاتێک دا سه‌ربگرێ ئه‌بێ هه‌بێ، له نێوان نه‌ته‌وه و ره‌گه‌زی جیاواز، له نێوان دینی جیاواز، له نێوان مه‌زه‌بی جیاواز، له نێوان کلتوری جیاواز، له نێوان چینی کۆمه‌ڵایه‌تی جیاواز، له نێوان بیری سیاسی جیاواز… دا سه‌ره‌ڕای جیاوازییان له یه‌کتری. دابینکردنی ئه‌م ئاشتیه چه‌ند مه‌رجی هه‌یه:
مه‌رجی یه‌که‌م، داننانه به‌م جیاوازییانه‌دا و رێزگرتنی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانێتی و قبوڵکردنی یه‌کتریه سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌کان.
مه‌رجی دوه‌م، دابینکردنی یه‌کسانیه له مافه‌کانی هاوڵاتیبون دا، به نوسین له قانونه‌کان و ده‌ستوری وڵات دا‌و، به جێبه‌جێکردن له سه‌ر ئه‌رز.
مه‌رجی سێیه‌م، هه‌ستکردنی هاووڵاتیه به‌وه‌ی که بێ گوێدانه جیاوازی ره‌گه‌زی، ناوچه‌یی، خێڵه‌کی، دینی، له سه‌رو ئه‌مانه‌شه‌وه حیزبی، هاوبه‌شه له سامانی نیشتمانی و، به‌شداره له بڕیاری چاره‌نوسی وڵاته‌که‌ی دا.
ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئێستای کوردستان دا له مه‌ترسیه‌کی راسته‌قینه دایه. ئه‌وه‌ی که ئه‌م ئاشتیه‌ی خستۆته مه‌ترسیه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی حوکمڕان خۆیه‌تی. چونکه هه‌رێمی دابه‌شکردوه به سه‌ر دو ناوچه‌ی حوکمڕانیی تاکحیزبی دا، له ناو ئه‌و دو ناوچه‌یه‌ش دا هاوڵاتییانیان دابه‌ش کردوه به سه‌ر دو پله‌ی هاوڵاتیبون دا. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، له شوێنی ئینتیمای نیشتمانی بۆ گه‌ل، ئینتیمای حیزبی بۆ حیزبه‌کانی خۆیان کردۆته پێوه‌ری دابه‌شکردنی دانیشتوان بۆ هاوڵاتی پله‌ی یه‌که‌م و هاوڵاتی پله‌ی دوه‌م.
هاوڵاتی پله‌ی یه‌که‌م، ئه‌وانه‌ن کادر و ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگری خۆیانن، که به شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک سودمه‌ند ئه‌بن له ئیمتیازه مادی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه‌کانی ده‌سه‌ڵات.
هاوڵاتی پله‌ی دوه‌م، ئه‌وانه‌ن له ده‌ره‌وه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدارن، بۆ ئه‌وه‌ی ناچار بکرێن بچنه ریزی له‌شکره حیزبیهکهیانهوه، له ئیمتیازه‌کانی ده‌سه‌ڵات بێ به‌ش ئه‌کرێن.
به درێژایی ته‌مه‌نی حوکمڕانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردی له دوای راپه‌ڕینه‌وه تا ئه‌مڕۆ هه‌رگیز وه‌کو ئێستا ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی له مه‌ترسی تێکچون و شێوان دا نه‌بوه، ناکۆکیه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کان و کێشه ئابوری و فه‌رهه‌نگیه‌کان له قوڵبونه‌وه‌دان:
له لایه‌که‌وه جیاوازی چینایه‌تی نێوان که‌مینه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ن و زۆرینه‌یه‌کی هه‌ژار له ئه‌نجامی دهستێکهڵاوکردنی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات له گه‌ڵ سه‌رانی پرۆژه ئابوری و بازرگانیه‌کان و، له لایه‌کی تره‌وه ناکۆکی له نێوان داواکارانی به‌رفراونکردنی ئازادیه‌کان و پارێزه‌رانی به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادیه‌کان له ئه‌نجامی ئه‌مه‌ش دا پێداگری سه‌رانی ده‌سه‌ڵات بۆ به قانونی کردنی رژێمێکی حیزبی – شمولی و پێداگری ده‌سته‌بژێری سیاسی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌ی – نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌مانه‌ش بونه‌ته هه‌ڕه‌شه‌ی جدی له سه‌ر ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی، که کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه.
روداوه‌کانی دوای 17 شوبات چه‌ند راستیه‌کی جارێکی تر ده‌رخسته‌وه:
راستی یه‌که‌م، جۆری سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن له بواره‌کانی ژیانی خه‌ڵک دا درزی خستۆته ناو کۆمه‌ڵگاوه. کۆمه‌ڵگای دابه‌ش کردوه بۆ سته‌مکار و سته‌ملێکراو. سته‌ملێكراوان، سه‌ره‌ڕای جیاوازی ئایدیۆلۆجی و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و پله‌ی خوێنده‌واری و رۆشنبیرییان، راست بونه‌ته‌وه داوای مافه‌کانی خۆیان ئه‌که‌ن.
راستی دوه‌م، ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕان بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵات دا بمێنێته‌وه بۆ سه‌رکوتکردنی خه‌ڵک و سه‌پاندنی “هه‌لومه‌رجی هه‌بو” سڵ ناکاته‌وه له به‌کارهێنانی هه‌مو جۆره‌کانی توندوتیژی. ئه‌وه‌نده‌ی مانی ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانی خۆی لا مه‌به‌سته ئه‌وه‌نده به ته‌نگ دابینکردن و پاراستنی ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه نیه.