ئالان عومەر: نەمبیستبوو مامۆستا بوبێتە دڕندە ئەوە بیستم نەمدیبوو مامۆستا بوبێتە جەلاد ئەوە بینیم

0

نەمبیستبوو مامۆستا بوبێتە دڕندە ئەوە بیستم نەمدیبوو مامۆستا بوبێتە جەلاد ئەوە بینیم

ئالان عومەر/ سوید

لەم رۆژانەدا لە فەیسبووک گرتەیەکی ڤیدیۆیم بینی، کلیکم کرد بۆ بینینی، چونکە سەرەتای ڤیدیۆکە وێنەی مناڵێک دیار بوو، پێم وابوو وێنەی عەجولیەکی تر بێ، لە عەجولییە جوانەکانی مناڵی، کە من بەردەوام حەز بەبینیان دەکەم.

بەڵام له‌ كاتی بینینی ئەو گرته‌ ڤیدیۆیه‌دا توشی شۆك بووم، بەشێوەیەک کەنەمتوانی بۆ ماوەیەک لەسەر کۆمپیوتەرەکەم جوڵە بکەم، لەوێ چیم دی؟ هەمان ئەو شانۆگەریانەم بینی کە داگیرکەرەکان لەگەڵ خەڵکی داگیرکراودا دەیکەن. بەڵام ئەمجارەیان داگیرکراوو دەستگیر کراوو قوتابیەکی مناڵی قۆناغی بنەڕەتی و بگرو دیکتاتۆرو جەلاد مامۆستایەکی ئەو قۆناغەیە، چیم بینی؟ بینیم مامۆستا بووەتە جەلادی دەزگای ئەمنی وڵاتانی دیکتاتۆرو مناڵ بووەتە قوربانی، ئەوەی من بینم لە بنکەیەکی سەربازی دەچوو، کە سەربازی وڵاتێکی دوژمنی تێدا گیرابێت، تەحقیقی لەگەڵ دەکەن و وێنەی دەگرن، بۆ بڵاوکردنەوەی سەرکەوتن، لە دەزگایەکی ئەمنی دەچوو، کە سەرۆکی باندێکی تیرۆرستیان گرتبێ و وێنەی بگرن بۆ بڵاوکردنەوە، ئەوەی من دیتم وەک ئەوەبوو باندێکی تیرۆرستی و مناڵ رفێن. مناڵێکیان رفاندبێ و ئازاری دەرونی بدەن، بۆ ئەوەی هاوار بکات و بگری، تا دایک و باوکی گڕبگرن و پارەی زیاتر بۆ ئازادکردنی بدەن، بەڵام بەداخەوە ئەوەی بینیم نە سەربازگەو نەدەزگای ئەمنی و نەباندی مناڵ رفێن بوون، ئەوە قوتابخانەی بنەڕەتی بوو و دەستگیرکراویش قوتابیەکی منداڵ، بەناو مامۆستایەک لەناو هاوڕێکانی تێکی دەشکێنێ و هەستی خۆ بەکەمزانی لا دروست دەکات، ناچاری دەکات بپاڕێتەوە، تۆبە بکات، سوێند بخوات، لەوەی وانەکانی بۆ نەنوسراوەتەوە، ئاخر کێ هەیە بەرگەی پاڕانەوەی ئەو مناڵە بگرێت و ناچار بەنەفرەتکردن لەو بەناو مامۆستا نەبێت.

ئەوەی من بزانم بیرم بێت بەدرێژای مێژوو مامۆستا لەناو کوردا پیرۆز بووە، پێشەنگی جوانی ژیان بووە، نەمبیستبوو مامۆستا بکرێتە ناسنامەی ناشیرینی و سوکایەتی، مامۆستا لەناو ئێمەدا جێگای رێز‌و خۆشه‌ویستی بووە، نەمبیستبوو مامۆستا بوبێتە دڕندە، ئەوە بیستم. نەمدیبوو مامۆستا بوبێتە جەلاد، ئەوە بینیم.

به‌ بیرم دێت كه‌ قوتابی سه‌ره‌تایی بوم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مامۆستاكه‌مم زۆر خۆشه‌ویست هه‌مو جار حه‌زم ده‌كرد گۆرانی بۆ بڵێم و ئه‌ویش دوایی سوپاسی دەکردم، خۆشەوستی خۆی پێدەبەخشیم، ئەو مامۆستام بۆ من ببووە ئیلهامی گۆرانی، بەشێوەیەک بەبینی هەر مامۆستایەک، حەزم دەکرد گۆرانی بڵێم، چونکە ئەو بڕوابەخۆ بونی پێبەخشیم، لەدوای هەر گۆرانیەک بەخۆشەویستی پاداشتی ده‌كردم، ئەو مامۆستا بوو، لەتەمەنی دایکی ئێمە بوو، بەڵام هاوڕێی هەموومان بوو، من پێم وایە ئەو پەی بەڕیگا راستەکەی مامۆستایی بردبوو، بۆیە هاوڕێمان بوو، چونکە مامه‌ڵه‌ی قوتابی و مامۆستا ده‌بێت مامەڵەی هاورێیەتی بێت، تا رێزو خۆش ویستن دروستت ببێت نه‌ك رق و كینه‌ لەنێوانیان.

بەبەراورد بەو مامۆستا رێزدارانەی کە هاوڕێ و گەورەی مناڵەکانن، خوێندنه‌وه‌م بۆ ئه‌و نامرۆڤه‌ کە ئازاری دەرونی ئەو مناڵە دەدات لەو گرتە ڤیدیۆیەدا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ کەسێکی دەرون نه‌خۆشە، چونكه‌ خۆشحاڵه‌ به‌وه‌ی كردویه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌و مناڵه،‌ بۆیە له‌ هه‌مان كاتدا وێنه‌ی ده‌گرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كاتێك ویستی بەزەلیلکی مناڵێک پێبکەنێت، گرته‌كه‌ بۆ خوی لێبداته‌وه‌، گوێ بگرن بۆ شێوەی قسەکردنەکەی لەگەڵ مناڵەکە کە دەڵێت”ها”؟ ئەوکات دڵنیا دەبن کەسێکی ناتەواوە، به‌ڵام ناكرێت كه‌سانێك كۆمه‌ڵێك مناڵ له‌به‌ر ده‌ستیان قوتابین، کە ئەو نەخۆشییەیان هەبێت، و ناشکرێ سزا نەدرێت چونکە نەخۆشە، چون ئەوە دەکرێتە بەرنامە هەر کەسێکی عەقڵ نەخۆش، کە رقی خۆیان به‌منداڵ به‌تاڵ بكه‌نه‌وه‌ و بڵێن نەخۆشن، ئه‌مه‌ له‌سیستەمی په‌روه‌رده‌دا جێی نابێته‌وه‌.

‌وەزارەتی پەرەوەردە سیستەمی خوێندنی گۆڕی، لەسیستەمی نوێدا ئازاردانی مناڵ بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، بۆیە دەبێت وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌سزادانی ئەم کەسە بکاتە دەروازەی بنەبڕکردنی توندوتیژی، دەبێت وەزارەتی پەروەردە مافی پێشێلکراوی ئەو مناڵە بگێڕێتەوە.

دەبێت سزای ئه‌م مامۆستایه‌ له‌سه‌ر تیڤی یەکان بڵاو بکرێتەوە مناڵ ببینن مافیان پارێزراوەو مامۆستاکانیش ببینن لێپرسینەوە هەیە.

دواجار ئه‌ڵێم، هه‌ر كه‌رسێك بیه‌وێت كاری له‌م شێوه‌ دوباره‌ بكاته‌وه،‌ ئەگەر بەر تۆڵەی یاساش نەکەوێ، بەر نەفرەتی خەڵکی نەکەوێ، بەهۆی ئەوەی پێی نازانن، به‌ دڵنییایه‌وه‌ له‌ ده‌ست نه‌فره‌تی ویژدانی خۆی دەرباز نابێت، ئەمرۆ دەرونێکی نەخۆش رێی لێدەگرێت و هەستی پێ ناکات، ئەو کاتی هاتەوە سەرخۆ، بیر هاتنەوەی هەر نیگایەکی فرمێسکاوی ئەو مناڵە دەبێتە خەنجەرێک بۆ ویژدانی.

بەهیوای بە ئەنجامبونی لێکۆڵینەوە لەو کەسە نەخۆشە بەناو مامۆستا، ده‌ستخۆشی له‌ هاوڕێکانم لە نوچه‌ نێت، ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ پردێک بوون بۆ گه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵه‌ به‌ په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌.

نوچەنێت: بۆبینینی ئەو ڤیدیۆیەی مامۆستاکەی ئازاری دەرونی مناڵێکی قوتابی دەدات کلیک لەوێنەی مناڵەکەو ئالان عومەر نوسەری ئەم بابەتە بکە..

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com