ئازادی‌و مافی مرۆڤ‌و کەرامەت‌و شەخسیەتی ئینسانیی هاوڵاتیانی کوردستان، بەهای پولێکی نیە لای دەسەڵاتداران

0

ئازادی‌و مافی مرۆڤ‌و کەرامەت‌و شەخسیەتی ئینسانیی هاوڵاتیانی کوردستان، بەهای پولێکی نیە لای دەسەڵاتداران

تایبەت بەنوچەنێت

موحسین کەریم

لە سەرکردایەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری

بێگومان خەڵکی کوردستان خواست و داواکاری‌یان هەیە کە دەسەڵات وەڵامی پێنەداوەتەوە. خەڵك بە ئاشکرا ئەوە دەبینن کە خۆیان بۆ سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیان لەبابەتی ئاوو کارەبا موحتاجن، بەڵام سامان‌و موڵك و ماڵی بەرپرسانی دوو حیزبی دەسەڵاتدارو دەولەمەندان‌و سەرمایەدارانی دەوروبەریان وەکو رۆکێت بەرەو ئاسمان دەچێت! دەیان هەزار گەنجی سەر بەخێزانە کەمدەرامەت‌و کرێکاریەکان بێکارن‌و هیچ سەرچاوەیەکی بژێوی‌و گوزەران شك نابەن، کەچی لەولاشەوە مناڵی بەرپرسان‌و دەوڵەمەندان لەهیچ شتێکیان کەم نیە! دەبینن کە دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی- میلیشیایی بەزۆری چەك‌ خۆیان بەسەردا سەپاندون‌و دەیانەوێ دەسەڵات‌و داهاتی کوردستان بۆکوڕاوکوڕیان لەنێو خۆیان‌و شوێنکەوتوەکانیاندا دابەش بکەن‌و خەڵکیش وەکو رەعیەت مامەڵە دەکەن‌! ئازادی‌و مافی مرۆڤ‌و کەرامەت‌و شەخسیەتی ئینسانی هاوڵاتیانی کوردستان بەهای پولێکی نیە لایان! دەمێکەشە خەڵك ئەم ناهەقیانە دەبینێ‌و بە بیانوی جۆراوجۆرەوە لەدەسەڵاتدارانیان قبوڵ کردبوو، بەڵام ئێستا ئیتر خەڵك بڕوای بەو بیانوە پوچانە نەماوەو دەیانەوێ ئەو بارودۆخە نایەکسان‌‌و پڕ لە ناهەقیە بگۆڕێت. خەڵك ئێستا لەوە گەیشتوە کە بەداواکردن لەوان خواست‌و داواکانیان بەدی نایەن، بۆیە خۆیان قۆڵیان لێ هەڵماڵیوەو دەیانەوێ بارودۆخی سیاسی‌و دەسەڵاتی ئێستا بەدەستی خۆیان بگۆڕن بەوجۆرەی کە خۆیان دەیانەوێ.
بەڵام مەسەلەیەك کە دەبێ لێرەدا باسی بکرێ ئەوەیە کە ئەم بزوتنەوە نارەزایەتیەی خەڵك بزوتنەوەیەکی گشتییە. تەنها کرێکاران‌و کۆمۆنیستەکان نین کە نارازین‌و دەیانەوێ ئاڵوگۆر لەبەرژەوەندی چینی کرێکار پێکبێنن. هەروەها بەداخەوە بزوتنەوەی کرێکاری‌و کۆمۆنیستی بە دەلائیلی سیاسی‌ جۆراوجۆر نەیانتوانیوە ببنە رابەرو نوێنەری نارەزایەتیەکانی سەرجەم جەماوەری چەوساوەو بێبەش‌و ئازادیخوازو هەموو ئەوانەی کە خوازیاری ئاڵوگۆڕن لە هەلومەرجی سیاسی‌- ئابوریی ئێستادا. بۆیە لەروداوە سیاسیەکانی کوردستاندا رێك هەروەکو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بزوتنەوەو هێزی سیاسی-کۆمەڵایەتی دیکەش لەناو بەرەی نارەزایەتی جەماوەردا سەربەرزدەکەنەوە. ئەم بزوتنەوەو هێزانە کە لە خێزانی بۆرژوازی دەسەڵاتدار جیابونەتەوە، لەچاو بزوتنەوەی کرێکاری‌و کۆمۆنیستیدا، کە هەمیشە لەژێر پەلاماری هێزە ناوچەیی‌و لۆکاڵیەکاندا بوە، لە ئیمکانات‌و فرسەتی گونجاوتر بەهرەمەند بوون بۆئەوەی خۆیان بخزێننە ناو رابەری ئەم بزوتنەوەیەوە. بێجگە لەوەش، واقعیەتی میلیشیاییبوونی دەسەڵات لە کوردستان ئەو تێگەیشتنەی لای خەڵك رەواج پێداوە کە هێزی ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵاتیش ئەگەر کاراکتەرو پۆتانشێلی چەکداری نەبێ کەمتر جێی متمانەی جەماوەر دەبێ بۆ وەستانەوە بەرووی دەسەڵاتێکی میلیشیایی لەوجۆرەدا! بەداخەوە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی‌و کرێکاریی کوردستان لەمبارەیەوە کەموکوڕی بەرچاوی هەیە. رەنگە ئەم تێگەیشتنە(مێنتاڵێتیە) لە ساڵانی داهاتودا بگۆڕێت، بەلام بەبڕاوی من تا حاڵی حازر کاریگەری خۆی هێشۆتەوە!
بەمجۆرە، هێزگەلی دیکە لەناو ‌بزوتنەوەی نارەزایەتی ئێستای خەڵکی کوردستاندا مەوجودن‌‌و بێگومان کاریگەریشیان لەسەر رەوتی روداوە سیاسیەکان هەیەو دەبێ، هەروەکو ئێمەش کاریگەریمان لەسەر رەوت‌و ئایندەی روداوەکان هەیەو دەبێ. کەواتە مەسەلەکە باسی هاوسەنگەری ئێمەو هیچ لایەنێك نیە. ئەمە ململانێ‌ی هاوبەشی ئێمەو ئیسلامیەکان‌و گۆڕان نیە لەگەڵ دەسەڵات(یەکێتی‌و پارتی)دا تا باسی هاوسەنگەری ئێمە لەگەڵ ئەواندا بکرێ. نارەزایەتیەکی جەماوەری لە دژی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەسەر زەمینە سیاسی‌و کۆمەڵایەتیەکانی سەرەوە کە باسم کردون، سەری هەڵداوە. ئەو خەڵکە خواست‌و داواکاریان هەیە کە پەیوەندی بە ژیان‌و گوزەرانیانەوە هەیە‌. ئەم هێزە سیاسیە جیاجیایانەش هەوڵدەدەن پلاتفۆرمی سیاسی خۆیان وەکو تەعبیرکردن لە خواستەکانی جەماوەری نارازی لای ئەو خەلکە پەسەند بکەن.
دیارە ئەگەر دەسەلاتی مەوجود بیتوانیایە خواستەکانی خەڵك جێبەجێ بکات، واتە دەسەلاتێك بوایە کە رێزی لە مافو ئازادیەکانی هاوڵاتیانی بگرتایەو دەسەڵاتێکی ئینسانی بوایە، خۆ خەڵك هارنەبون هەر برژێنە سەر شەقام و تەنانەت سنگی خۆیان بدەنە بەر فیشە‌کی هێزە چەکدارو سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات! بەڵام دەسەڵاتێکی چەوسێنەری بۆرژوا-میلیشیایی لەسەرکارە کە ئامادە نیە تەنانەت دانیشتوانی وولاتەکەشی وەکو هاوڵاتیان مامەڵە بکات، بەڵکو مافە یاسایی‌و مەدەنیەکانیشیانی بەپێی ئینتمای حیزبیانە.

ئەم بابەتە بەشێک لەتەوەرێکی رۆژانەمەنوس غەفور هیرانی وەرگیراوە، کە تایبەت بە خۆپیشاندانەکان و رەوتی چەپ و ئسیلامییەکان بوو، بۆ نوچەنێت

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com