دەسەڵاتی ئیسلامی لەگەل ئەم سەردەمە ناگونجێ وەك سعودیەو ئیران و توركیا. دەبێتە هۆی ئاشوب و جەنگ و تاوان و چەوساندنەوە

0

 

سەلام عەبدوڵا: دەسەڵاتی ئیسلامی لەگەل ئەم سەردەمە ناگونجێ وەك سعودیەو ئیران و توركیا. دەبێتە هۆی ئاشوب و جەنگ و تاوان و چەوساندنەوە

لەگەری سەرکەوتنی ئیسلامییەکان كوردستانێكی رەش و تاڵتر لە ئێستا دەبینم لەوانەیە بەش بەحاڵی خۆم دووبارە بەناچاری روو لە هەندەران بكەم و نەفرەت لە وڵاتێك بكەم كە ناوی كوردستانە

چەپەکان بەم حاڵە ناتوانین نەك رێگە بگرین لە گەشەی ئیسلامی وراستڕەوەكان، بەڵكو هەرەسی ئیدیاكەمان پاش 22 ساڵ تازە دەبێتەوە! ئەمە خەتەرێكی زۆر گەورەیەو زەحمەتە مێژوو لەو لایەنانە خۆش ببێت

نوچەنێت

غەفور هیرانی

لەم دیمانەیەی لەگەڵ نوچەنێت نوسەرو رۆشنبیرو سەلام عەبدوڵا، باسی پرسی تێکەڵ بونی چەپ و ئیسلامییەکان دەکات و رەخنە لەو گروپانەی چەپ دەگرێت، کە ئەو لێکنزیکیەیان دروستکردووە، رەخنە لە دەسەڵات دەگرێت، کە بازاڕێکی “مەلعونیان” بۆ گیانی هەژاران دورست کردووە، رایدەگەیەنێت “لەگەری سەرکەوتنی ئیسلامییەکان، كوردستانێكی رەش و تاڵتر لە ئێستا دەبینم، لەوانەیە بەش بەحاڵی خۆم دووبارە بەناچاری روو لە هەندەران بكەم و نەفرەت لە وڵاتێك بكەم كە ناوی كوردستانە”.

غەفور هیرانی: لەکوردستان ئێوەو گروپێک خۆپیشاندانتان دەستپێ کرد بۆ پشتیوانی لە خەڵکی راپەڕیوی ناوچەکە، دواتر ئەو خۆپیشاندانە تەشەنەی سەند و بووە کاری رۆژانەی خەڵک، هەندێ لە چاودێرانی باسی دەکەن ئیسلامییەکان چالاکانە، توانیان دۆخەکە بە قازانجی خۆیان بەکار بهێنن، بەرەی چەپ و لایەنەکانی کە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد لە پاشەکشەی رۆژانەدا بوون بەرانبەر بە هەژمونی ئیسلامییەکان تۆ رات چییە؟.
سەلام عەبدوڵا: بەڵێ وایە، ئێمە سەرەتا بە وتارێك كە رووی لە حكومەتی هەرێم بوو و تێدا ئەم 2خاڵەی لەخۆ گرتبوو(1- كار لەسەر درزی زۆر قووڵی جیاوازی چینایەتی بكەن 2- نرخی كاڵای بازاڕێكی زۆر كافر، بێڕەحم، مەلعون و كەرامەت شكێنەكەتان بكەن… من وتم و ئێوەش ببیستن، هیوادارم وانەبێت!) ده‌ستمان پێکردو پاشان رۆژی15/1 لە لەناوەڕاستی خانەقین دەستمانكرد بە چالاكی و هاوپشتی خۆمان بۆ راپەڕینەكەی تونس پیشاندا، بەڵام بەهۆی گوێ نەگرتن و بوخرابوونی بەرپرسەكان كارەكە بە ئاقارێكی تر رۆیشت. 20 ساڵی رابردوو ئەم حەقیقەتە پێمان دەڵێ: لاوازی پێگەی چەپ و خۆدزینەوەی هەندێ لایەن لە ئەدا و ئەركی سیاسی و ئەخلاقییان لەبەرامبەر كێشە كۆمەڵایەتێكانی چینه‌که‌ی، بوون بە هۆی بەهێزبوونی راستڕەوەكان. هاوپەیمانی راستڕەو- ئیسلامی ناو پەرلەمان بەهۆی توانای رێكخستن و دارایی و راگەیاندنیان، توانیان بارودۆخەكە بۆ خۆیان بقۆزنەوە. ئەوان سێ كەناڵی تەلەفزیونیان هەیە و ئێمە تەنها ماڵپەڕە كوردییەكان. بەهەموو شێوەیەك هەوڵماندا بۆ ئەوەی چەپەكانی كوردستان لەسەر خاڵە هاوبەشەكان رێك بكەوێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەندە نەزانی و نەخۆشیمان تێدایە، لەمەشدا سەرنەكەوتین. كارەساتەكە لێرەیە. هیوام وابوو هیچ نەبێت بەبۆنەی یەكی ئایار ریزەكانمان بە هوشیاری یەك بخرێت و داخوازییە چینایەتی و جەماوەرییەكان بەرزرابگرین، تا ناڕەزاییەكان بەرەو رێگا درووستەكەی ببەین، بەڵام ئەمیش سەری نەگرت.
ئەمەیە نهێنی سەركەوتنی هێزە كۆنەپەرەستەكان و كەشوهەوای میلیتاریستی كە سەرتاپایان دژ بە بەرژەوەندی هەژارەكانە.
غەفور هیرانی: لایەنە چەپەکان و بزوتنەوە ئیسلامیەکان مێژویەکیان هەیە لە پێکەوە نەگونجان، لەباری فکریشەوە لێک دوروی پێچەوانەی تەواو هەیە لەنێوانیان. پرسیار ئەوەیە، لەكام دەرچەی سیاسیی و مەنتقیەوە كۆمۆنیستەكان شان بەشانی ئەوان لە سەنگەرێكدابوون، ئایا لە حاڵەتی هەر چەشنە گۆڕانكارییەك لە كوردستاندا، چەپەكان ئەو هێزەن كە بتوانن ببنە ئەلتەرناتیڤی ئەو سیستەمەو رێگە نەدەن روانگەو ئەفكاری ئایدۆلۆژی ئیسلامی سیاسیی ببێتە بەدیلی دەسەڵاتی مەوجود؟
سەلام عەبدوڵا: ئەو برادەرانە زیانێكی گەورەیان لەخۆیان دا. لەم ئەزموونە هەموو توندڕەوییەكەیان بەعەمەلی بووە بە سیاسەتێكی راسترەو، سازشكار و خزمەتكردنی ئیسلامی و ئەمریكییە كۆنەپارێزەكان و گۆڕان. هەروا حزبی شوعیش لەرادەبەدەر كورتی هێناوە، ئایا ئەو سیاسەتەی ئیمڕۆ پەیڕەوی دەكات چ پەیوەندیەكی هەیە بە شوعییەتەوە؟
هیچ كاتێك چەپ بەو ئەندازەیە لاواز و لە پەراوێزی رووداوەكان نەبووە. دواكەوتنی چەپ لە بەرگریكردن لە داخوازییە رەواكانی خەڵك بۆ نموونە دژ بە گرانی بازاڕ و گەندەڵی و قووڵبوونی جیاوازییە چینایەتییەكان، وای كرد خەڵك زیاتر بەرەو راستڕەوی بڕون. نەخێر بەم حاڵە ناتوانین نەك رێگە بگرین لە گەشەی ئیسلامی وراستڕەوەكان، بەڵكو هەرەسی ئیدیاكەمان پاش 22 ساڵ تازە دەبێتەوە! ئەمە خەتەرێكی زۆر گەورەیەو زەحمەتە مێژوو لەو لایەنانە خۆش ببێت.
غەفور هیرانی: چاوەڕێی چی ئایندەیەک دەکەی لە لێک نزیکی چەپ و ئسیلامی؟
سەلام عەبدوڵا: من ناتوانم بڵێم چەپ لە ئیسلامییەكان نزیك بووەتەوەو تەنها دوو گروپی بچووكی كەم ئەزموون و ناشارەزان و بەهیچ شێوەیەك ناتوانن ببن بە قسەكەری چەپ. بەداخەوە ئەم برادەرانە لەگەل هێزە كۆنەپەرەست و دوژمنانی كۆمونیزم بۆ ئامانجی دژ بە شوعییەت تا رادەی سازشكردن و خیانەت كاردەكەن، كەچی ئامادە نین لەسەر كەمترین خاڵی هاوبەشی چەپەكان رێك بكەون. هەر لە ئێستاوە نەك ئایندە، ئەو دوو گروپە پێش هەموو شتێك مسداقیەیتی خۆیان لەدەستدا.
غەفور هیرانی: لەئەگەری سەرکەوتنی بزوتنەوە ئیسلامییەکان، چی کوردستانێک دەبینی کوردستانێکی ئازادو دیموکرات یان چی؟
سەلام عەبدوڵا: كوردستانێكی رەش و تاڵتر لە ئێستا و لەوانەیە بەش بەحاڵی خۆم دووبارە بەناچاری روو لە هەندەران بكەم و نەفرەت لە وڵاتێك بكەم كە ناوی كوردستانە. كەسوكاری خۆی ئیسلامین و كەیفی خۆیان رۆژانە چەند روكعەت نوێژ دەكەن، یان چەند ئایەت دەخوێنن و چەندە تەلیلەدەكەن. ئەوە مافی شەخسی خۆیانە، بەڵام دەسەڵاتی ئیسلامی لەگەل ئەم سەردەمە ناگونجێ و وەك سعودیەو ئیران و توركیا… دەبێتە هۆی ئاشوب و جەنگ و تاوان و چەوساندنەوە.

غەفور هیرانی: کاتێک باسی ئەوە دەکرێ کە ئەگەر ئیسلامییەکان لە پرۆسەکەدا سەرکەون، دیکتاتۆریەک دروست  نابێ نومونەی دەسەڵاتی تورکیا باس دەکرێت کە ئەو حزبە ئیسلامییەی ئێستا لە سەر دەسەڵاتە لە عەلمانییەکانی بەر لەخۆی کراوەترە؟
سەلام عەبدوڵا: بۆچی دیكتاتۆرییەت لە توركیا نییە؟! یاساو رێسای كام چین لە توركیا باڵادەستە؟ كێن ئەوانەی هەموو رۆژێك كوردستان بۆردومان دەكەن و سەدان هاوڵاتی مەدەنی بریندارو دەستگیر دەكەن؟ دیكتاتۆرییەت وا نیشاندەدرێ كە سەرۆكەكە جلوبەرگی ژەنەڕاڵێكی سەربازی لەبەرە.
نەخێر ئەوەی لە وڵاتان دەسەڵاتداران، دیكتاتۆرن بەڵام بەشێوەی جۆراجۆر و تەنانەت شارەزایەك لەبواری ئابووری جیهان وتی: جیهان ئێستا لەلایەن دیكتاتۆریەتی دەزگا و كۆمپانیا بانناسیونالەكانەوە حوكمڕانی دەكرێت.
غەفور هیرانی: لە ئەگەری سەرکەوتنی ئیسلامییەکان، چی مەسولیەتێکی ویژدانی دەکەوێتە سەر ئەو بزوتنەوە چەپەی لە کوردستان هەیە کە پشتیوانی زەمینە رەخسانی ئەم چالاکبونەی ئێستایانن؟.

سەلام عەبدوڵا: ئەم گۆڕانكاریە رەنگدانەوەی قەیرانێكی جیهانیەو بە شێوەیەكی حەتمی ملی هەموو وڵاتان دەگرێتەوە بە كوردستانیشەوە. واتە ئەگەر ئێمەش دەستمان پێنەكردابا، هەر رووی دەدا، چونكە زەمینەكەی هەبوو: بازاڕێكی گران و مەلعون، بێكاری و گەنده‌ڵی سێ سیمای سەرەكی ژیانی خەڵكە، جیاوازییەكە هەر ئەوەندەیە كە ئێمە پێشتر هەستمان پێكردو بە نووسین و داخوازی و چالاكی عەقلانی و هێمن و هاوسەنگ بەبێ موزایەدە كردن و چاوچنۆكی، دەستپێشخەرییەكە بوو بە بەشی ئێمە. ئەوە دەسەڵاتدارەكانن لە خەوێكی قووڵ بوون و نەیانویست گوێ بگرن، بۆیە كەوتوونەتە رۆژیك هیچ كەس ئیرەییان پێ نابات و لەرادە بەدەر بچووك بوونەتەوە. ئێستا دەیانەوێت بە زەبری چەك نەك ئەقڵ، بە ئەشكەنجەدان، نەك به‌ دیالۆگ و دەستپێشخەری لە بڕیاری دەركردنی موستەشار و بەعسی و جاشەكانی ناو ریزەكانیان یان دەستگیركردنی تاوانباری17شوبات و جێبه‌جێکردنی داخوازییە جەماوەرییەكانی تر…،ئیعتبار بۆ خۆیان بگەڕێننەوە. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ زۆر مەترسیدارەو چ پێویستی بەوە نەدەكرد، بەم ئاراستەیە بڕوات.‌ كەلە شەقی و عەنتریات فرۆشتن بەسەر خەڵكی مەدەنی جۆرێكە لە لەدەستدانی ئەقڵ.

ئەو گروپانە كە بوون بەهاورێی كۆنەپەرەست و راستڕەوەكان، هەر ئێستا زەرەرمەندن و ئەگەر هەر درێژە بەو سیاسەتە بدەن و ئامادە نەبن رەخنە لەخۆیان بگرن، ئەوا بۆ دوارۆژیش زیانێكی گەورەیان لێدەكەوێته‌وه‌.
غەفور هیرانی: ناکرێ بیشارینەوە کە بزوتنەوە ئیسلامییەکان لە بەر فرەوان بوندان و چەپ لەپاشەکشە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەوە دەڵێت تۆ رات چیەو هۆکار چیە؟.
سەلام عەبدوڵا: ئەوە راستییەكی لەبەرچاوە، ئەگەر چەپ هەر بەم شێوەیە بیرو كار بكاته‌وه‌، ئەوا ئیتر مانای وایە دەستێكی رەش هەیە و بە شێوەیەكی مافیایی كار دەكات بۆ لاوازکردن و پەكخستنی فكرو هەڵویست و خەباتی كۆمونیستی.
هۆكاری ئەو پاشەكشێیە چەند لایەنەیە، بۆ نموونە، پەرتەوازەیی، نەبوونی بەرەیەكی سوور، سكتاریزم، ریفۆرمیزم، تێنەگەیشتن لە ئەركانی ئیمڕۆ، دووركەوتن لە جەماوەرو چالاكی رۆژانە، خۆ بەزلزانی یان هاوپەیمانی لەگەل حزبە دەسەڵاتدارەكان، راگەیاندنی لاواز، كوشتنی دەستپێشخەری، بیروكراتییەت…هتد. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ‌هێشتا تروسکاییه‌ک له‌ودیو تونێله‌که‌وه‌ هه‌یه‌!.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com