ڤۆلفگانگ تیفنزێ وەزیری پێشوی ئەڵمانیا: سەركەوتنی گەورە لە كوردستان هاتۆتەدی ئەو سەركەوتنەش بۆ هەوڵەکانی خودی بارزانی دەگەڕێتەوە
نوچەنێت
ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەڵمانیا کردو لەکۆبونەوەیەکدا ئەندامێکی پەڕلەمانی ئەڵمانیا پیرۆزبایی لە لەگەلی کورد کرد کە لەماوەیەکی کورتدا ئەو هەموو سەرکەوتنەی بەدەست هێناوەو ئەندامێکی کۆمیتەی ئابوری ئەڵمانیاش، وتی، بەڵێ لە ناو عیراقدا جیاوازییەكی زۆر هەیە و كوردستانیش بەحەق نموونەیەكی پێشكەوتووە.
ئەمرۆ یەك شەممە 15/5/2011 مسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە شاندێكی ئەڵمانیای فیدراڵ كە پێكهاتبوو لە خاتوو یوتا تساپف ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانیا لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموكرات و داكۆكیكار لە مافی كورد و ڤۆلفگانگ تیفنزێ وەزیری پێشووی حكومەتی ئەڵمانیا و ئەندامی ئێستای كۆمیتەی ئابووری ئەڵمانیا و كونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسان.
لە دیدارێكدا كە بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا ئامادەی بوون، خاتوو یوتا تساپف وێرای خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانەی بۆ هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەو گۆڕانكارییانە كرد لە گشت بوارەكانی هەرێمدا هاتونەتەدی و رایگەیاند كە “وەك هاوڵاتیەكی ئەڵمانی كەوتومەتە ژێركاریگەری ئەو گۆڕانكارییانە كە ئەمەیش وا دەكات هەوڵی پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەم لەگەڵ هەرێمدا بدەین” و ستایشی ئەو بارە سەقامگیری و ئارامیەی هەرێمی كردو پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان كرد كە “لە ماوەیەكی كورتدا توانیویەتی ئەو هەموو دەستكەوتانە وەدەست بێنێ كە ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە ویستێكی بەهێز لە لای سەركردایەتی كوردستانەوە هەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەو پێشخستنی هەرێم”.
هەروەها، ڤۆلفگانگ تیفنزێش وێرای ستایشكردنی واقیعی ئەمرۆی كوردستان، تەئكیدی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردەوە و رایگەیاند كە “سەركەوتنێكی گەورە لە هەرێمی كوردستان هاتۆتەدی و حەتمەن ئەو سەركەوتنەش بۆ هەوڵەکانی خودی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە و لەم سەردانەشمدا بۆ هەرێم گەیشتمە ئەو باوەڕەی كە بەڵێ لە ناو عیراقدا جیاوازییەكی زۆر هەیە و كوردستانیش بەحەق نموونەیەكی پێشكەوتووە”.
سەرۆكی هەرێمی کوردستانیش لای خۆیەوەو و هەر لەو لەدیدارەدا ستایشی رۆڵی خاتوو یوتا تساپف_ی كرد و وتی”ئێمە پەیوەندییەكی لە مێژینەمان هەیە، لە كاتێكدا كە باری ئێمە بەو شێوەیە نەبوو و لە ژیانێكی سەختدا دەژیاین ئێوە هاریكاری ئێمەتان كرد، بۆیە بە ناوی گەلی كوردستانەوە سوپاستان دەكەم ، ئەو گەلەی كە خوازیارە پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیادا هەبێت، بە تایبەتی لە ڕووی هاندانی كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا بۆ ئەوەی رۆڵی خۆیان لە ئاوەدانكردنەوەی هەرێم و بوارەكانی تەندروستی و گەیاندنی لاوانی كوردستان لە ڕووی پیشەییەوە و رێگاوبان و كشتوكاڵ و پیشەسازییەوە ببینن”.