به‌رهه‌می سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ لای سه‌رۆكی هه‌رێم !!!!

0

به‌رهه‌می سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ لای سه‌رۆكی هه‌رێم !!!!

دوای چاوپێكه‌وتنی ئێمه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمدا، له‌ لایه‌ن زۆرێك له‌  رۆشنبیران و رۆژنامه‌نوسان و هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ روبه‌روی ناره‌زایی بووینه‌وه‌،ئه‌و ناره‌زایی بونه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبو كه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌ ده‌سه‌ڵات زۆر توره‌ن و ئۆمێدیان نیه‌ داواكاریه‌كانی خه‌ڵك له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ جێبه‌جێبكرێن و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێن. له‌ وه‌ڵامی ناره‌ازیی خه‌ڵكی كوردستاندا وتمان گفتوگۆله‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستاندا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ره‌وایه‌ و تاوان نیه‌،وتمان سه‌رۆكی هه‌رێم پێی وتین داواكاری خه‌ڵكی نارازی ره‌وایه‌ و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا دانیشتن ده‌كه‌م بۆ جێبه‌جێكردنیان.ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ نه‌منده‌توانی له‌وه‌ زیاتر بڵێین،چاوه‌روان بووین به‌رپرسانی هه‌رێم داواكاریه‌كانی خه‌ڵك جێبه‌جێبكه‌ن و ئاشتی له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكدا دروستبێته‌وه‌ و ئێمه‌ش دڵخۆش ببین و زیاتر ببینه‌ جێی متمانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان،یان به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان داواكاریه‌كانی خه‌ڵك جێبه‌جێنه‌كه‌ن و دیواری رقی نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك ئه‌ستورتر ببێت و كێشه‌كان قوڵتر ببنه‌وه‌،ئه‌و كات ره‌خنه‌ و گله‌یه‌كانی خه‌ڵكی نارازی كوردستانیش له‌ جێی خۆیاندا ده‌بێت و ئێمه‌ش دوچاری شكست ده‌بین.
وا هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر دیداری وه‌فدی ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی پێشو(ئه‌نجومه‌نی مه‌یدانی ئازادی كوردستان) نوێ‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمدا تێپه‌ری،له‌و هه‌فته‌یه‌دا چه‌ند داخوازیه‌كی خه‌ڵكی نارازی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و جێبه‌جێكردن ده‌رۆن :
1.یه‌ك له‌ داواكاریه‌كانی وه‌فدی ئه‌نجومه‌ن، كشانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی ناو شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێم بو بۆ ده‌روه‌ی شارو شارۆچكه‌كان،ئه‌و داواكاریه‌ی خه‌ڵكی نارازی كوردستان پاش چه‌ند رۆژێك جێبه‌جێكرا و،هێزه‌ سه‌ربازیه‌كان شار و شارۆچكه‌كانیان به‌جێهێشت.
2.له‌و رۆژه‌وه‌ سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێممان كردوه‌،هه‌وڵدان بۆ ده‌ستگیركردنی چالاكوانانی ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی كۆتایی هاتوه‌.
3. یه‌ك له‌ داوكاریه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی خه‌ڵكی نارازی هه‌رێمی كوردستان،ده‌ستگیركردن و دادگاییكردنی بكوژانی شه‌هیدانی رۆژی 17-شوبات و رۆژانی دوایی بو كه‌ ئێمه‌ جارێكی تر رۆژی 9-5 گه‌یاندمانه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم،ئه‌م ئێواره‌یه‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و هه‌واله‌یان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی دادگای سلێمانی له‌ سه‌ر كه‌یسی شه‌هید سوركێو وشه‌هید شێرزاد ،عه‌مید ئاسۆ شێخ ته‌های به‌ مه‌به‌ستی لێكۆلینه‌وه‌ تا رۆژی 25-5 ده‌ستگیركردوه‌،عه‌مید ئاسۆ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ی ده‌كرد كه‌ رۆژی 19-2سوركێو و شێرزادی له‌به‌رده‌می نه‌خۆشخانه‌ی سلێمانی ئه‌هلی له‌ شه‌قامی خانه‌قا شه‌هیدكرد.
4.له‌ چوارچێوه‌ی دورخستنه‌وه‌ی به‌رپرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان،هه‌ر ئه‌مرۆ دكتۆر نوری عوسمانی به‌رێوه‌ری دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران،له‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی لادرا.
دكتۆر فائیق محه‌مه‌د گوڵپی
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی مه‌یدانی ئازادی كوردستان 16-5-2011

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com