بارزانی جارێکی تر داوا لەلایەنە سیاسیەکان دەکات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ
نوچەنێت
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەپەیامێکدا کە ئەمڕۆ ئاراستەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی کرد، جارێکی تر داوا دەکات، هەموولایەنە سیاسیەکانی کوردستان، بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆو دیالۆگی بێ مەرج و لەڕوانگەی هەستکردن بەبەرپرسیارەتی مێژووی خۆیان و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای مەزن و دڵۆڤان
هەر لە سەرەتای ئەم بارودۆخە ناتەندروستەی كە دوچاری پەیوەندیی نێوان لایەنەسیاسییەكانی كوردستان بۆتەوە، پێمان وابوو كە دیالۆگ و دانوستان و پێكەوە دانیشتن تاكە رێگەی چارەسەركردنی هەر كێشەو گرفتێكەو بۆ ئەم مەبەستەش لە رۆژی10/4/2011 پەیامێكم ئاراستەی ئەو لایەنانە كردو داوام لێكردن كە بە لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان لەسەر گفتوگۆ و دیالۆگی نێوانیان بەردەوام بن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك كە لە چوارچێوەی یاساو شەرعیەتدا بێت.
ئێستاش دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەم لەگەڵ ژمارەیەك سیاسەتكارو نوێنەرانی سەنتەرو مەڵبەندە رۆشنبیری و كۆمەڵایەتيیەكان و چین و توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵ بە باشم زانی كە جارێكی دیكە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان بكەم، كە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دیالۆگی بێ مەرج و لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان رەفتار بكەن و لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندی نێوانیان هەڵبدەنەوە و بە هاوكاری یەكتر بگەنە چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو كێشەو گیروگرفتانەی كە هەن.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
17/5/2011