نوێنەری پێشوی تاڵەبانی لە کەرکوک: گۆڕان هه‌وڵی رووخان ده‌ده‌ن تاخۆیان چۆنیان ده‌وێ وای دروست بکه‌نه‌وه‌ نه‌ک چاکسازی بکەن

0

نوێنەری پێشوی تاڵەبانی لە کەرکوک:

گۆڕان هه‌وڵی رووخان ده‌ده‌ن تاخۆیان چۆنیان ده‌وێ وای دروست بکه‌نه‌وه‌ نه‌ک چاکسازی بکەن

هه‌ندێ له‌ که‌سایه‌تییه‌ بێزراوه‌کانی که‌رکوک کە لەناو یەکێتی بوون چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی بۆیه‌ ئه‌نجام به‌قازانجی یه‌کێتی شکایه‌وه

ئۆپۆزسیۆن حه‌زناکه‌ن  د.به‌رهه‌م سه‌رکه‌وتوو بێت چونکه‌ به‌ (‌کردارشه‌رته‌)که‌ی به‌ڕه‌ له‌ ژێر پێی مامۆستاکانیان ده‌ردێنێ

رزگار رەزا چوچانی / سوید

ئەبوبەکر مەحەمەد حاجی ناسراو بە (مەلا شاخی) ئەندامی یەکەمین پەڕلەمانی کوردستان و نوێنەری پێشووی مام جەلال لەکەرکوک، لەم دیمانەی نوچەنێت تیشک دەخاتە سەر بارودۆخی سیاسی ئەمرۆی کوردستان، رایدەگەیەنێت، ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێ حکومەتی کوردستان بڕوخێنن، بۆئەوەی وەک ئەوەی خۆیان چۆنیان دەوێ ئاوا دایبمەزرێننەوە، ئاشکرای دەکات ” چۆن هه‌موو هه‌ڵسووڕاوانی گۆڕان دژی د.به‌رهه‌م نین،‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی ناو حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیش پشتیوانی نین”.

مەلاشاخی لەدیمانەکەی نوچەنێت، هەبوونی ئۆپۆزسیۆن بەزەرورەت دەزانێ، بەڵام نایشارێتەوە کە” پێکهاتەی ئۆپۆزسیۆن لەکوردستان پێکهاته‌‌یه‌کی ناکامڵ بوو” بۆیە نەیتوانی پەیامی خۆی بگەیەنێت و دەڵێت” پرۆسه‌ی دیموکراسی له‌هه‌رشوێنێکی جیهاندا،گه‌ربیه‌وێت هه‌نگاوبه‌ره‌وپێشکه‌وتن باوێ، پێویسته‌ له و‌ وڵاته‌ دا ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت، ئێمه‌ سه‌ره‌تا پێمان وابوو له‌ هه‌رێمی کوردستاندا سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزسیۆن، بارودۆخه‌که‌ به‌و ئاقاره‌دا ده‌بات، و بەپێی زەروتەکە دەبێت، که‌ئه‌گه‌ر وا بووایە، بێ گومان کاره‌که‌ پۆزه‌تیڤ ده‌بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ به‌ر چه‌ند هۆیه‌ک نه‌یتوانی ئه‌و ئۆپۆزسیۆنە بێت کە لەئاستی پێویستدا بێت و په‌یامه‌کەی بگه‌یه‌نێت”.

شاخی ئەو هۆکارانە خاڵ ژمێر دەکات، کە بونەتە هۆی ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لەکوردستان لەئاستی پێوسیتدا نەبێت و دەڵێت هۆکارەکان بریتین لە”

1- پێکهاتە‌ی ئۆپۆزسیۆن پێکهاته‌‌یه‌کی ناکامڵ بوو.

2- له‌ هه‌ناوی خۆیدا ناکۆک بوو.

3- خاوه‌ن به‌رنامه‌یه‌کی چاکسازی گونجاو نه‌بوو.

4- هه‌موو شتێک زه‌مینه‌ وزه‌مانی خۆی هه‌یه‌، بەڵام ئەگەر زەمینەیەکیش هەبووبێت بۆدروستبونی ئۆپۆزسیۆن، ئه‌مان له‌باریان برد..

5- به‌هۆی ئه‌جندا و ده‌ستی ده‌ره‌کییه‌وه‌ چالاکییه‌کانی ئۆپۆزسیۆن به‌ره‌و توندو تیژی و یاساشکێنی چوو.

له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ و چه‌ندین هۆی تر..!! پێموانییه‌، ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کەهەیە سه‌رکه‌وتوو بوبێت”.

سەرەتای خۆپیشاندانەکانی کوردستان دەسەڵات و بەتایبەت یەکێتی زۆر هەوڵی نزیکبوونەوەی لە ئۆپۆزسیۆن دەدا، بەڵام ئێستا ئەو هەوڵانە نابینرێت، (مەلاشاخی) ئەندامی یەکەمین پەڕلەمانی کوردستان و نوێنەری پێشووی مام جەلال لەکەرکوک پێی وایە، ئەوە ئۆپۆزسیۆن بوون بە گریمانەی هەڵە دیالۆگیان بەهەند وەرنەگرت و دەڵێت”یه‌کێتی پێش خۆپیشاندانه‌کان و له‌ کاتی خۆپیشاندانه‌کان و دواتریش، هه‌رگیزنه‌یویستووه‌ و ئیستاش..‌ نایه‌وێ خۆی له‌ ئۆپۆزسیۆن به‌دوور بگرێ، ئه‌و په‌یامی خۆی گه‌یاند، ئه‌وه‌ ئه‌وان بوون، زۆربه‌ی گریمانه‌کانیان هه‌ڵه‌بوو، ئه‌و هه‌وڵانه‌یان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرت، هه‌رخۆشیان باجه‌که‌ی ده‌ده‌ن”.

لەلایەکی ترەوە ئەرسەلان بایز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان لەوتارێکی وەڵام ئامێز لەکوردستانی نوێ، وەڵامی دیمانەیەکی قادری حاجی عەلی سەرکردەی بزوتنەوەی گۆڕان دەداتەوە و دەڵێت، كاك قادری حاجی عه‌لی له‌وه‌لامه‌كاندا ناوی به‌نده‌ی هێناوه‌ (مه‌لا به‌ختیارو ئه‌رسه‌لان بایز كه‌نوێنه‌ری یه‌كێتی بوون، ئاماده‌ییان نیشاندا بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌باسمان كرد). له‌وه‌ ئه‌چێ كاك قادر بۆ ڕاگه‌یاندن یاری به ‌وشه‌و ڕسته‌كان بكات، تاكو لایه‌نگرانی خۆیان ڕازی بكات، یان بیه‌وێ خوێنه‌ر چه‌واشه‌ بكات، دووریش نییه‌ له‌یادی نه‌ما بێت، كه‌ئێمه‌ به‌تایبه‌تی به‌نده‌ زۆر ڕاشكاوانه‌ دژی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت بووم، تایبه‌تی تریش دژی ئه‌و ڤیتۆیه‌ بووم كه‌ له‌سه‌ر د.به‌رهه‌م هه‌یان بوو”. لەو وتارە وەڵامەدا، ئەرسەلان بایز ئاشکرای دەکات، کە لەیەکەم دانیشتنیان لەگەڵیاندا، بزوتنەوەی گۆڕان دژی کاندیدکردنەوەی د.بەرهەم ساڵح بوون بۆ سەرۆکایەتی حکومەت.

بەڵام، مەلا شاخی، لەم دیمانەی نوچەنێت رایگەیاند، ئەوە تەنها ئۆپۆزسیۆن نین لەدژی سەرۆکی حکومەتن، وتیشی”وه‌ک چۆن هه‌موو هه‌ڵسووڕاوانی گۆڕان دژی د.به‌رهه‌م نین،‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی ناو حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیش به‌ته‌واوی پشتیوانی نین!. د. به‌رهه‌م چ پێش یه‌کگرتنه‌وه‌ له (‌ئیداره‌ی سلێمانی) و چ له‌سه‌رده‌می بوونی له‌ پۆسته‌کانی (حکومه‌تی فیدراڵ ) و ..چ ئێستایش له ‌(کابینه‌ی شه‌ش) دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌سایه‌تییه‌کی سه‌رکه‌وتووبووە، دۆست وپشتیوانی زۆره‌، به‌هه‌مان شێوه‌ نه‌یاره‌کانیشی که‌م نین، هه‌وڵی تیرۆرکردنی له‌ نه‌وه‌ته‌کاندا له‌ سلێمانی، کە ده‌ستی ده‌ره‌کی له‌ پشته‌وه‌ بوو، مانایەکی روونی دا بەدەستەوە”، نوێنەری پێشووی مام جەلال لەکەرکوک، ئەوەش دەڵێت کە “ئۆپۆزسیۆن حه‌زناکه‌ن  د.به‌رهه‌م سه‌رکه‌وتوو بێت، چونکه‌ به‌ (‌کردارشه‌رته‌)که‌ی و به‌ جێبه‌جێکردنی به‌رنامه‌کانی لیستی کوردستانی وهه‌ندێک له‌لایه‌نه‌ باشه‌کانی به‌رنامه‌ی ئۆپۆزسیۆن، به‌ڕه‌ له‌ ژێر پێی مامۆستاکانیان ده‌ردێنێ.. هه‌ربۆیه‌ش‌ دژایه‌تی ده‌که‌ن، بەڵام ئه‌م راستییه‌ش بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک روون بۆته‌وه”‌.

مەلا شاخی پێی وایە”که‌س نییە بڵێ ئه‌م ئه‌زموونه‌ به‌ موتڵه‌قی بێ خه‌وشه‌، له‌ هیچ شوێنێکی جیهان حوکمڕانی 100% موته‌کامل نییه‌، ئه‌گه‌ر وابووایه‌ بوونی ئۆپۆزسیۆن هیچ مانایه‌کی نه‌ده‌ما”. ئاشکراشی دەکات کە” نه‌ک ته‌نیا کاک نه‌وشیروان به‌ڵکو هه‌موو هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان، پێش چه‌ند ساڵێک، تا له‌ نێویه‌کێتی دابوون شانازییان به‌ سه‌روه‌رییه‌کانه‌وه‌ ده‌کرد، به‌داخه‌وه‌ ئێستا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌وڵی کاڵکردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن..! هۆکاره‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌، هه‌وڵی رووخان ده‌ده‌ن(تاخۆیان چۆنیان ده‌وێ وای دروست بکه‌نه‌وه‌) نه‌ک چاکسازی بکەن”.

ئەو نوێنەرەی پێشوی تاڵەبانی لەکەرکوک، هیوادارە که‌ شه‌ری راگه‌یاندن کۆتایی پێ بێت، تا “زه‌مینه‌ له‌بارتر بێت بۆ گفتووگۆ”. و دەڵێت” راگه‌یاندن هۆ نییه‌، به‌ڵکوئه‌نجامه‌، به‌ڵام ئه‌نجامی خراپتری لێ چاوه‌روان ده‌کرێ، له‌راستیدا هه‌مووان، هه‌ردوو به‌ره‌ی ناکۆک و ئه‌وانی تریش، که‌چاوه‌ڕێ ده‌که‌ن له‌م بارودۆخه‌ سوودمه‌ندبن، هه‌موو رێبواری یه‌ک کاروانی خه‌باتین، ئه‌گه‌ر ژیرانه‌ هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌که‌دا نه‌که‌ین، زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین”.

شاخی وێڕای زمانی زبری راگەیاندن گەشبینە بەهەوڵەکانی چارەسەر و پێی وایە کە ئۆپۆزسیۆن هه‌تا سه‌ر ناتوانی ئاوا کاربکات “خۆ ئه‌گه‌ر دیراسه‌یه‌کی وه‌رزی رابردووی خۆشیان نه‌که‌ن، به‌شێک له‌ جه‌ماوه‌ره‌که‌یان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، که‌ دیاره‌ ئه‌مه‌ش له‌ قازنجیاندا نییه‌، هه‌ربۆیه‌ جاوه‌روانی خاوکردنه‌وه‌ی راگه‌یاندن و هێور بوونه‌وه‌و گفتووگۆی به‌ننا و ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی ده‌که‌م، لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیش، ناشێ وناکرێ داواکارییه‌کانی جه‌ماوه‌روهه‌ندێ له‌ داواکارییه‌ گونجاوه‌کانی ئۆپۆزسیۆن نادیده‌ بگرن، به‌ڵکو پێویسته‌ به‌په‌له‌ هه‌نگاوه‌کانی چاکسازی خێراتر بکه‌ن”.

وێڕای ئەوەی لەسنووری سلێمانی و لەکاتی هەڵبژاردنەکان، دەنگەکانی یەکێتی لەئاستی چاوەڕوانی ئەو حزبەدا نەبوو، بەڵام لەکەرکوک توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، رای بەشێک لە چاودێرانیش ئەوە بوو، کەیەکێتی حزبی سەردەمی شۆرشەو شاری کەرکوکیش ئێستا لەدۆخی شۆڕشدایە، بۆیە یەکێتی ئەو سەرکەوتنەی لەوێ بەدەستهێنا، بەڵام مەلا شاخی دەڵێت”له‌ هه‌مووقۆناغه‌کاندا که‌رکوک سه‌نگه‌ری پێشه‌وەی ململانێکانی کورد بووه‌، له‌سه‌رده‌می شۆرشدا فیداکاری زۆری نوواندووه‌، دەنگدانی خەڵکی کەرکوکیش بەیەکێتی مه‌سه‌له‌که‌ قۆناغی شۆڕش و قۆناغی حوکمڕانی نییه‌، که‌رکوک وکه‌رکوکییه‌کان زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ ته‌ماشای کێشه‌کان ده‌که‌ن، نه‌یاره‌کانی کورد چه‌پڵه‌یان بۆ شکستی یه‌کێتی لێده‌دا، ده‌سخۆشییان له‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌کرد، هۆشیاری خەڵکی کەرکوکیش هۆکار بوو کەخۆیان دەزانن چۆن بڕیار دەدەن”.

شاخی هۆکارێکی تری ئەو سەرکەوتنەی یەکێتیشی لەکەرکوک بۆ ئەوە گێڕایەوە کە”هه‌ندێ له‌ که‌سایه‌تییه‌ بێزراوه‌کانی که‌رکوک کە لەناو یەکێتی بوون چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی، هه‌ربۆیه‌ ئه‌نجام به‌قازانجی یه‌کێتی شکایه‌وه”‌. بەڵام هۆشداری دەداتە یەکێتی کە”که‌رکوکییه‌کان یه‌کێتی یان له‌ لێواری مه‌ترسی گێرایه‌وه‌، ئه‌گه‌ریه‌کێتی دیراسه‌یه‌کی وردی رابردوو و ئێستا و داهاتووی که‌رکووک نه‌کات، داهاتوو ده‌قاو ده‌ق وه‌ک رابردوو نابێت”.

برۆفایل:
* ابوبكر محمد حاجى ناسراو به‌ (مه‌لا شاخى)
* ساڵى: 1953 لەگوندی بيره‌سپان\ پردێ\ كه‌ركوك لەدایک بووە
* به‌شدارى (شۆرِشى ئه‌يلول)ى كردوه‌.
* له‌ (1975) ه‌وه‌ كادرو پێشمه‌رگه‌ى (ى.ن.ك) بووه‌.
* ئه‌ندامى يه‌كه‌مين په‌رله‌مانى كوردستان بووه‌.
* ئه‌ندامى (يه‌كيێتى نووسه‌رانى كورد) ه‌.
* ئه‌ندامى ده‌سته‌ى دامه‌زريێنه‌رو لێپرسراوى به‌شى ئه‌ده‌بى (كۆرِى رۆشنبيرى لاوانى كورد) بووه‌ له‌شارى (نه‌غه‌ده‌).
* ئه‌ندامى ده‌سته‌ى نووسه‌رانى گۆڤارى (كرمانج) بووه‌.
* له‌ دامه‌زرێنه‌رانى بنكه‌ى (شه‌هيد رێباز) و به‌رێوه‌به‌رى نوسينى گۆڤارى (شه‌هيد) ه‌. 
* يه‌كه‌م سه‌رنووسه‌رى گۆڤارى (كه‌ركوك) بووه‌.
* سكرتێرى رۆشنبيرى(کۆمه‌ڵه‌ى روناكبيرى وكۆمه‌ڵایه‌تى كه‌ركوك) بووه‌.
* ئه‌ندامى (سه‌نديكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان )ه‌.
* ئه‌ندامى (يه‌كێتـى ى زانايانى ئاينى كوردستان) بووه‌.
*خه‌ڵاتى رێز و پێزانينى (مام جةلال)ى بۆنووسه‌رانى شاخ پێ دراوه‌.
* نوێنە ری مام جلال بووە لە کە رکوک .

* تائێستا (١٢) کتێبی چاپ و بڵاو کراوە تە وە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com